دەربارەی حزبە بچووكەكان

9 مانگ لەمەوپێش



هێرش ئەحمەد

لەواقیعی سیاسیو حزبی كوردستاندا پشێویی حزبیو تەنگژەی سیاسی زۆر هەن یەكێك لەو گرفتانەش دیاردەی (حزبە بچوكەكان)ە. گەرچی لەروواڵەتدا فرە حزبیو (پلورالیزمی سیاسی) لەهەرێمدا هەیە، بەڵام لەئەسڵدا ئەو فرە حزبیەی هەیە رووكەشگەراییەو بەسەر ئەو دوو بلۆكە سیاسیە حزبیەی كوردستاندا دابەشبوون ئەوەی لەئەدەبیاتی سیاسی كوردیدا پێیدەوترێت (حزبە بچوكەكان)و سەركردەیەكی پێشوو بە(دووكانی سیاسی) وەسفیكردن. ئەو فرە حزبیەی لەناو گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا هەیە تەنها لەناوو لۆگۆو رەنگی ئاڵا جیاوازن ئەگەرنا لەناوەڕۆكو تەماحو سلوكی حزبیاندا هێندە لەیەكدەچن مرۆڤی وشیار پرسیار دەكات ئەرێ ئەم تەجەموعە حزبیانە بۆ نابنە یەك مۆزائیکی سیاسی. لەبازاڕی شێواوی سیاسەتو حزبایەتی لەكوردستان (حزبە بچوكەكان) دیاردەی حزبایەتیو سیاسەتیان لەدوو حزبە دەسەڵاتدارەكە زیاتر دزێوترو نابوتتر كردووە، بارێكی قورسن بەسەر پرۆسەی سیاسیو رێگریشن لەحزبایەتیەكی سەردەمیانەو سەربەخۆیانە كەجگە لەبارزگانیو خۆژیاندن هیچ وەزیفەو ئەركێكیان نیە.

حزبە بچوكەكان بەسەر مەرامو بەرژوەندی هەردوو بلۆكی پارتیو یەكێتیدا دابەشبوون هێدی هێدی بوونەتە درێژكراوەی سیاسەتەكانی ئەوانو وەك جۆرێك لەحەوشەی پشتەوەی خۆیان تەماشایان دەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ قازانجو جەدوایەكی سیاسی گشتیان هەبێت. ئەم حزبە كارتۆنیانە وەزیفەیەكی سیاسی چالاكانەیان نیە، رۆحی نوێبونەوەو گەشە ناكەن بەبەر كایە كۆمەڵایەتیەكاندا، هیچ دەركەوتەیەكی نوێ بۆسەر ژیانی سیاسی زیاد ناكەن، لەبری ئەوە بوونەتە جێگەیەك بۆ خۆلستەوەو پارە پەیداكردن، جۆرێك لەپارێزبەندی سیاسیو كۆمەڵایەتیان بەدەوری خۆیاندا دروستدەكردووە، تیایاندایە بەناوی پاراستنو بەرگری لەكوردستانەوە هێزی چەكداری تایبەت بەخۆی هەیەو جوگرافیای حزبیو قەڵەمڕەوی سیاسی خۆیان هەیەو حاكمی دەستڕۆیشتووی ئەو سیاجە حزبیەن كەخۆیان فەرمانڕەوان تێیدا. ئەمانە لەوپەڕی راستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ لەئیسلامیەوە بۆ عەلمانی لەدیموكراتەوە بۆ سۆسیال دیموكرات تەنها لەناودا جیاوازییان هەیەو لەژێر هیچ ئایدۆلۆژیاو فەلسەفەیەكی سیاسیدا پۆڵێن ناكرێن، ئەمما لەئەسڵدا خێڵو بنەماڵەو چەند خێزانێكنو بەئامانجی بەرژوەندی ماددی حەسانەیەكی سیاسیان بۆ خۆیان دروستكردووە تا هەموو حەرامێكی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی بكەنو لەسەرو یاساوەبن. بەنەخوێندەواریو بێ ئاگاییەوە لەژێر دامەزراوەیەكی وەك (حزب)دا جگە لەچەوتیو چەوێڵیو دزێوكردنو نابوتكردنی سیاسەت هیچ وەزیفەیەكیان نیە. حزبە بچوكەكانی كوردستان بوونەتە هێلانەی كۆمەڵێك دیكتاتۆری گچكەو بازرگانی چاوچنۆكو قاچاخچی پیسخۆر كەرەوایەتی خۆیان لەژێر ناوی حزبێكی كارتۆنیدا بەسپۆنسەری ئەو دوو بلۆكە سیاسیە وەرگرتووە.

حزبە بچوكەكان بەدرێژایی تەمەنیان نەبوونەتە بەدیلو هێزی سێهەمو جەمسەرێكی بەهێزو رۆڵی سیاسی گرنگیان نەگێڕاوە، لەجێگای ئەوە لەمەشهەدی سیاسی کوردستاندا ئۆفلاینن و بوونە ئاڵاهەڵگری بێ جورئەتی سیاسیو وەك سێبەرێكی بچوكو حاشیەیەكی ناشرین بوون بەپاسەوانی بەرژەوەندی یەكێك لەو دوو بلۆكە سیاسیەی كوردستان. بۆیە لەكاتو ساتی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە وەك مەڵبەندو لقێكی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن. لەكاتێكدا دەبوو ببنە بەدیلی سیاسیو شەرعیەتی خۆیان لەسەربەخۆیی بڕیارو جوڵەی سیاسیو پرۆژەی ئەلتەرناتیڤی خۆیان وەربگرن. 2 دوای سێ دەیەو نیو لەراپەڕینو حكومڕانی خۆماڵی، ئەو هەموو شكستو ناڕێكیەی دوو دەسەڵاتەكەو ئەو پاشەكشەیەی بەكۆمەڵگەی كوردییان كردووە لەبری راستكردنەوەی باری حكومڕانیو گەشەدان بەژیانی سیاسی هەریەكەیان دەست لەپشتی ئەم حزبانە دەدەنو قەڵەویان دەكەنو مانگانە وەك رێكخراوێك نەسریەو بودجەكانیان بۆ دەنێرنو سنوری سیاسیو قسەو جوڵەشیان ئەوە دەبێت كەبۆیان دیاری دەكرێت. ئەگەرچی ئەو دوو حزبە خۆیان لەناو بەحری نوشستیو خورافەی سیاسی خۆیاندانو تەنها شتێك لەو حزبە کارتۆنیانە زیاتریان هەبێت (پارەی دزراوە).

رۆحیەتی نوێبونەوەو ئاسۆی گەشەیان لەسەر كڵۆم بووە، متمانەی زۆرینەی كۆمەڵانی خەڵكیان لەدەستداوەو ئەزمونەكەیان لەبەرچاوی خەڵكی كوردستان خستووە. ئەو دوو بلۆكە حزبیە عەقڵو خوێندنەوەو تازەگەری لەناویاندا مردووەو بوونەتە دەزگای پاراستنی بەرژەوەندی سیاسیو ئابورییەكان تەنها بۆ بنەماڵەو خێزانە سیاسیەكانو لەناو ئەوانیشدا بۆ چەند كارەكتەرێك. ئەگەر (حزب) پایەیەكی سەرەكی ژیانی سیاسیەو هێزێكی چالاكو كاریگەرەو ئامانجی وەرگرتنی دەسەڵات بێت ئەوا ئەم حزبانە گوزارەی (حزبی كارتۆنی) دەبێتە پێناسەیانو بوونەتە تەمەڵخانەیەكی سیاسیو شوێنێك بۆ كۆبونەوەی كۆمەڵێك كەس كەهیچ روئیایەكیان بۆ سیاسەتو لێكەوتەكانی نیەو نوخبەی سەركردایەتیان نەخوێندەوارو زماننەزانو زۆرینەیان جگە لەكوردییەكی شەقوشڕ هیچ زمانێكی زیندووی دونیا نازانن و هیچ ئاگایەكیان لەسیاسەت نیە وەك زانستێك. پێكهاتەی سەرۆكایەتیو هەڕەمی سەركردایەتی ئەم حزبە بچوكانە كورتبوەتەوە بۆ ئەو بنەماڵەو خێزانانەی خاوەنداریەتی لێدەكەن ئەگەرچی سەرکردەکانیان هیچ كاریزماو دیدگایەكی سیاسی روونیان نیەو خاڵین لەخەونی سیاسی جیاوازو وەك كۆمبارسی واقعی باوی سیاسی وەهان. مەترسیو كێشەكەش لەوەدایە هیچ جورئەتێكی سیاسیان نیەو لاڵو كوێرن لەئاست ئەو هەموو ستەمو شكستانەی بەسەر كوردەواریو كوردایەتیدا دێت هیچ بەرپرسیاریەتیەك هەڵناگرنو وەك بانقێك سەیری كوردستان دەكەنو هیچ ئەلتەرناتیڤو بژاردەیەكی سیاسیو حكومدارییان نیە تەنها وەك مەعیشەتی كۆمەڵێك خێزانو بنەماڵەن بۆ مسۆگەركردنی پۆستو پلەو وەرگرتنی پرۆژەی ئابوریو وەبەرهێنان بۆ كوڕو نەوەكانیان ئەولەویەتی كارەكانیانە.

لەناو ئەو هەموو ناڕەزاییەتیەی كۆمەڵگەدا ئەمان بچوكترین دیدو بۆچونی بەدیلیان نیەو تەنها مەبەستیان رازیكردنی ئەو دوو بلۆكە حزبیەی كوردستانە كەمانگانە نەسریەو بودجەكەیان بۆدابین دەكەن لەگەڵیشیا سنوری سیاسیو مانۆڕو جوڵەیان. ئەمانە کەبەشدارنەبوون لەدروستكردنی رای گشتیو نەبوونی هیچ بەدیلو ئەلتەرناتڤێكداو لەگەڵیشیا ئەخلاقی ترسنۆكی سیاسیو بێ جورئەتییان سیفاتێكەو پێیان دەناسرێتەوەو (صم بكم عم)ییان جێبەجێكرد.

بۆیە ئیفلیجیو نەجوڵانو بێدەنگبوونیان یەكسانە بەمردنو ناشتنیان.. بەوەی كەهیچ وەزیفەیەكی سیاسیان نیە، هیچ كاریگەرییان لەسەر رووداوە بچوكو گەورەكان نیە بەوەی كە لەناو مێژووی ئێمەدا بكەرێكی زۆر بێ رۆڵنو هیچ جوڵەو بزۆزێكی سیاسیان نیەو سەركردەكانیان بۆ دۆزو ئامانجی سیاسیی خەبات ناكەن، بۆ زەكات وەرگرتن لەحزبە گەورەكان لەمەیدانەكەدان بەمانایەكی تر بۆ سیاسەتو دۆزەكە ناژین، بەسیاسەتو حزبایەتی دەژین. ئەمانە لەژێر ناوی تەبایی سیاسی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی دی هیچ ئیلتزامێكیان بەكۆمەڵگەی كوردییەوە نەماوە، بەناوبژیو ریش سپێتی لەناو ململانێی دوو هێزەكەدا دەژینو ئیدامە بەمانەوەی خۆیان دەدەن زۆرجاریش دەیانەوێت ململانێی سیاسی نێوان ئەو دوو هێزە وەك سوڵحی عەشایەری لەدیوەخانەكان چارەسەربكەن. سەروەختێكیش (ئۆپۆزسیۆن) هاتە كایەوە جۆرێك لەدڵدارییان لەگەڵ هەردوو بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن دەكرد. 3 لەبری ئەوەی ببنە هێزی فشارو دروستكەری گوتاری سیاسی جیاواز، بوون بەبارو زیادە بەسەر كوردەوارییەوە، خۆشبەختانە جوڵەی توڕەی شەقامی كوردی گوتاری شەرمنو ورتە ورتی ئەم هێزانەی بەمەسافەیەکی زۆر بەجێهێشتووە. حزبە كارتۆنیەكان ئێستاو رابردوویان خاڵیە لەهەر جوڵەو ئەكتێكی سیاسی راستەقینەو داهاتوویان تەنها رۆشتنەوەیە بەسەر ئەو رێگایانەدا كەدەیانباتەوە سەر رابردووییانو هیچ روئیایەكیان بۆ ئایندەی سیاسیان نیە. ئێستاو لەم قۆناغەدا ئەم حزبە بچوكانە كەمەیلێکی بەرتەسكی ناوچەییان هەیە لەناوخۆشیاندا گرفتو كێشەو جیابونەوەیان هەیە ناکۆکییان لەسەر ململانێی فیكریو ئایدۆلۆژیو جیاوازی روانین نیە بۆ دەسەڵاتو حزبایەتی، كێشەكە لەسەر ئەوەیە كێ زۆرتری بەردەكەوێت!. وەك هەفتەی پێشوو یەكێك لەو (مینی حزبانە) (هێز)یان بەرامبەر یەكتر جوڵاندو بوونە مایەی تێكدانی ئارامیو ئاسایش. نۆژەنكردنەوەو پاككردنەوەی ژینەگەی سیاسیو حزبی كوردستان دەبێت بەراستكردنەوەو پێناسەكردنەوەی سەركردەی بەهێزو حزبی كاریگەرو كارتۆنیدا بڕواتو ئەهلی حەریفی سیاسیو خاوەن قەزیە لەئەهلی تەقەڵ جیابكرێتەوە. حزب وەك یەكێك لەدامەزراوە سەرەكیەكانی ژیانی سیاسی پێویستە كارەكتەری سیاسی زرنگو خوێندەوارو بەئاگای لێ بێتە دەرەوە نەك كۆمەڵێك فەرمانبەری تەممەڵو موچەخۆری بێ بەهرە كەهیچ شتێك بەدونیای حزبیو سیاسیانەوە نابەستێتەوە کەحزبە بچوکەکان بونەتە هێلانەی هەڵهێنانی کارەکتەری بێ سەوادو ئەهلی تەقەڵ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار