لە ئێران پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ١٢هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران ئەنجام دەدرێت و پرۆسەکە دەستیپێکردووە.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ کاتژمێر ٨:٠٠ بە کاتی تاران لە ئێران پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ١٢هەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان کە دەسەڵاتی هەڵبژاردن، چاودێری کردن و لەسەرکارلادانی رێبەری ئێرانی هەیە دەستیپێکرد.

لە سەرانسەری وڵاتەکە و لە رێگەی ٥٠ هەزار ناوەندی دەنگدانەوە سندوقەکانی هەڵبژاردن بە رووی دەنگدەراندا کرانەتەوە، هەروەها زیاتر لە ١٥ هەزار کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٢٩٠ کورسی پەرلەمان، ١٤٤ کاندیدیش کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٨٨ کورسییەکەی ئەنجومەنی شارەزایان.

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشداری پرۆسەکەی کرد و داوای لە خەڵک کرد بڕۆن دەنگ بدەن و گومانیان نەبێت بۆ دەنگدان.

خامنەیی وتی "خەڵکی زۆر لە دونیا چاویان لە سەر ئەم هەڵبژاردنەیە، چ جەماوەر و چ کەسە سیاسییەکان و ئەوانەی خاوەن پێگە و پلەی سیاسین، هەمویان بە هەستیارییەوە چاو لەم هەڵبژاردنە ئەکەن و داوا لە خەڵک ئەکەم دوژمنەکان نائومێد بکەن و دۆستەکانمان خۆشحاڵ".

لە چەند مانگی رابردوودا کەمپەینی خەڵک دژ بە هەڵبژاردن و بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان زۆر چالاک بوو، بەپێی پێشبینییەکان رێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ٣٠ ٪ تێناپەڕێنێت، بەپێی راپرسی دامەزراوەی گومان لە رۆژی پێنج شەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ بڵاوی کردەوە ئاستی بەشداری خەڵک لە ٪٢٦ بۆ ٪٣٠ دەبێت.

بە پێی راپڕسی دوو دامەزراوەی " ئیسپا" و "ئێستاسیس"، چاوەڕوان دەکرێت لە ٪٢٨ بۆ ٪٣٤ خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.

لە چەند مانگی رابردوودا خامنەیی بە بێ ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتی بەربڵاوی خەڵک، داوای لە خەڵک کردبوو بەشداری بەرچاویان هەبێت لە هەڵبژاردنەکان.

رادیۆ فەردا لەم بارەوە نووسیویەتی "پێش بینی ئەکرێت ئاستی بەشداری خەڵک دوای خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ و دوای کوژرانی ژینای ئەمینی زۆر لە خوارەوە بێت.

تەلەفزیۆنی "ئێران ئینتەرنەشناڵ" لە زاری ژمارەیەک لە خەڵک لە ناوخۆی ئێرانەوە ئەوەی بڵاوکردووەتەوە تا ئێستا خەڵک زۆر کەم ئامادەی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام داوا لە خەڵک ئەکەن بە زووترین کات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردووەتەوە، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٩ی شوبات، کەرەمڵڵا عەزیزی، بەرپرسی زیندانی قزلحەساری کەرەج، لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان سەردانی زیندانییەکانی کردووەو پێی وتوون، هەموان پێویستە لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری بکەن، هەرکەس بەشداری نەکات ئەبێ چاوەڕوانی دەرئەنجامەکەی بێت.

هەروەها لە زیندانی سنە بە هەمانشێوە هەڕەشە لە زیندانییەکان کراوە کە پێویستە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و پێیان وتوون ئەگەر بەشداری نەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان وەک تەلەفۆن کردن بۆ بنەماڵە، دیداری لەگەڵ بنەماڵە بێبەری دەکرێن.

هەروەها بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە  لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەلەفۆن کردن بۆ مامۆستاکان پێیان وتوون :" پێویستە بەشداری بکەن لە هەڵبژاردندا، تەنانەت ئەگەر دژی دەسەڵاتیش دەنگ بدەن، بەڵام ئەبێ هەر بەشداری بکەن و هەر مامۆستایەک بەشداری نەکات لە سەر کارەکەی دەر ئەکرێت".

هەروەها بە پێی هەواڵی  راگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای ورمێ ٥٠ کەس دەستگیرکراون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاک بوون و خوازیاری بایکۆتی هەڵبژاردن بوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار