کورد و کۆتایی مێژوو!
9 مانگ لەمەوپێش
محەمەد خۆشناو
هزرمەندی ئەمەریکی بەڕەچەلەک ژاپۆنی «فڕەنسیس فۆکۆیاما» لەکاتی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت و ونبوونی کوتلەی شوعی کتێبێکی بەناونیشانی «کۆتایی مێژوو و مرۆڤێکی تر» لەساڵی 1992 بڵاوکردەوە ، کە پووختەکەی سەرکەوتنی لێبڕالیەتی سەرمایەداری بوو وەک سیستەمێکی ئابووری کە تاکە ڕێگایە بۆ بەرزکردنەوەی بژێوی مرۆڤ و باشترین سیستەمە کە مرۆڤ پێیگەیشتبێت…ئایا ئەگەر دۆخی کورد وابڕوات ئەمەش نابێتە کۆتایی مێژووی کورد ؟! ئەمە مانای ئەوە نیە کە کورد قڕببن یان لەسەر نەخشەی جیهان بزربن ، بەڵام ئەوە دیارە و دەبینرێت کە کورد قەیران و تەنگوچەلەمەیان لەگەڵ یەکتری و لەناو یەکتری لەزۆربووندایە ، ترس لەسەر کورد بۆمبی کیمیایی و دڕۆن و موشەکی پالیستی نیە.
ترس لەسەر کوردستان ئەوەیە کە لە قەیرانێکدا دەژیت زۆر ترسناکترە لەجەنگ ، قەیرانی ژیان لەگەڵ زەمەنێکی جیاوازدا و درێژکردنەوەی دووبەرەکی کۆن ، ئێمە ئیستا لە زەمەنه شەستەکانی سەدەی بیستەمدا دەژین و بەو عەقلیەتە کوردستان بەڕێوەدەبەین و ، لەنێو زەمەنێکی تریشین کە دەمانگەڕێنیتەوە بۆ «1500» ساڵ لەمەوبەر ، بۆیە کە سەیری نەخشەی جیهانی کوردستان دەکەیت ، مرۆڤ تووشی بێئومێدی و نەگبەتی و بەدبەختی دەبێت کە لەچ حاڵەتێکی خەراپ دایە !! جا بۆ کۆتایی مێژوو وەسفێکی ڕاست نەبێت بۆ کورد ؟! سەیرەکە لەوەشدایە کە خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتدا و نادەسەڵات ڕۆلی دیاریان هەیە لە دڕاندنی ئەم نەخشەیە و ، وڵاتانی ناحەزی کوردیش پلانی ستراتیژیان داڕشتووە کە ئامانجەکەی قولکردنەوەی زیاتری دووبەرەکی و دابەشبوون و هەڵساندنەوەی رقوکینە خەفەکراوەکانی دەیان ساڵ و نانەوەی پشیووی و ، مەساحەیکی بەتاڵ لەناو چوارگۆشەیەکی ڕەسمکراو بۆیان جێهێشتووین ، کە لەناویدا وا جوولەبکەین وەک ئەوەی ئازادبین ، بەڵام نەتوانیین لێیدەرچین ، ئینکاری ئەوەش ناکرێت کە لەهەندێک قۆناخی میژوودا هەندێک جار کورد تەسلیم نەبووە و جەنگێکی بێئامەنی کردووە بۆ فەشەلپێهێنانی ئەو ستراتیژیە جەهەنەمیە ، بەڵام خۆخۆری خۆی و وڵاتانی زلهێز و دراوسێکان بە مەقاشەکانیان کوردیان هێناوەتەوە ناو چواگۆشە ڕەسمکراوەکە، وەک ئەوەی ئێستا لەناویداین ، هەر ئەمەشە وایکردووە ببینە ئەلقەیەکی لاواز لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و ، وایلێکراوە کە زۆر بەئاسانی گەمەی پێبکرێت و دەستبەسەر خاک و ووزە و سەرچاوەکانی بگیرێت ، هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە کوردستان بە پلەی یەکەم لەڕووی سیاسیەوە نەخۆشە ، ئەم نەخۆشیە درێژخایەنە دووچاری دەیان نەخۆشی تری کردووە کە پێویستی بە «پزیشکی سیاسی- الطب السياسي » هەیە بۆ چارەسەرکردن و تەداویکردنی بێباکی و کەللەڕەقی و پشێووی سیاسی و بەرژەوەندی …تاد.
نیشتیمان لەسەر تۆڵەسەندنەوەی سیاسی دەرێژخایەن بونیاتنەنراوە، ژیانی ئەو نیشتیمانە هەمیشە لە شەڕ و دووبەرەکی و بەرژەوەندی تەسک بەفیڕۆچووە و ، دەبێت بە حیواری نیشتیمانی قەرەبوو بکرێتەوە ، حیوارێک کە جێگای هەمووانی لێبکریتەوە بە هەموو کەسی ڕازی و ناڕازی ، گفتوگۆ و حیوار لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پەیوەستە بە دروستکردنی ئاییندە و پلاندانانێکی باش و ، لەبەر ئەوەی هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان-ی خەونی سەد ساڵە هەیە ، ئەوڕۆ لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە دایەلۆگی سیاسی هەیە بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵ و دانانی پلان بۆ ئایندە لە هەموو بوارەکاندا ، نەک هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی بچووک و غەنیمەی کەم و دەستکەوتێک کە هیچ بەهایەکی نیە .