وەزارەتی نەوتی عێراق: هەناردەکردنی نەوت کەمدەکرێتەوە
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت هەناردەکردنی نەوت کەمدەکرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات کەمکردنەوەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێك لەوڵاتە بەشداربووەكان لە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس ئەنجامدراوە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند "كەمكردنەوەی ئارەزوومەندانەی نەوت بۆ چارەكی دووەمی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە کە بڕی نەوتەکە 220 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "كەمكردنەوەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێك لە وڵاتە بەشداربووەكان لە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس ئەنجامدراوە".
عێراق رۆژانەی تا كۆتایی مانگی حوزەیرانی (2024) بڕی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەم دەهێنێت بەپێی دۆخی بازاڕیش ئەو بڕەی كەمكراوەتەوە بەشێوەیەكی پلەبەندی دەگێڕێتەوە.
كەمكردنەوەی ئارەزوومەندانەی هەناردەی نەوت، لەچوارچێوەی هەوڵە خۆپارێزییەكانی وڵاتانی ئۆپێك پڵەسدا دێت، بە ئامانجی سەقامگیری بازاڕی نەوتی خاو و هاوسەنگكردنی.