سێکۆچکەی تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵات

9 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

لەکۆمەڵگە دواکەوتووەکان خەڵکی لەبری ئەوەی داوای بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە بکەن، داوای رووخان و نەمان دەکەن. تاکەکانی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆداڕێژراو بەرامبەر یەک سەنگەر دەگرن و لەژێر ناوی جیاجیا چاوەڕێی چەخمایەکن تا یەکتری لەناوبەرن و بەو جۆرەش بەبێ ئەوەی بزانن و بخوازن تەمەنی دەسەڵاتی زۆرداران دڕێژ دەکەنەوەو فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارەکانیش بەخەیاڵێکی ئاسوودەوە لەسەر کورسی و لەپشت مێزەکانیان دەڕواننە تەلەفزیۆن و، چێژ لەخوێنی رژاوو جەستەی بێ گیان و گێلی هەژاران دەبینن .

لەسەدەکانی ناوەڕاست و لەفەرەنسا رۆژێک لەساڵیان دیاری کردبوو بەناوی رۆژی شێتی و خەڵکی لەو رۆژەدا بەئارەزووی خۆیان دەیانخواردەوەو تالێواری شێتی دەڕۆیشتن و جوێنیان بەدەسەڵات و فەرمانڕەوا دەدا، بەبێ ئەوەی کەس پەنجەیان بۆ بەرێت و بەو جۆرەش خۆیان خاڵی دەکردەوەو دەسەڵاتدارانیش دڵنیادەبوونەوە خەڵکی لەو رۆژەدا هەموو تووڕەیی و کینەو گرێ دەروونیەکانیان بەرامبەر بەوان خاڵی کردووەتەوە، دوای چەندڕۆژێک بەخەیاڵێکی ئاسوودەوە دەستیان دەکردەوە بەسەندنی باج و سەرانە، ئەمەو چەندین نموونەی دیکە کە لێرە دەرفەتی باسکردن نییە.

سایکۆلۆژی و دیدی مرۆڤ بەجۆرێکە کەگەر تۆزێک شارەزاییت لێی هەبێت، ئەوا زۆر بەئاسانی دەتوانی لەکۆمەڵگە کۆمەڵەگایەکی هار دروست بکەی و بەپێی بەرژەوەندی خۆت نان و ئاویان بدەیتێ و هەر بەپێی بەرژەوەندیش نان و ئاویان لێ ببڕیت و برسیان بکەی و لەنەستیاندا ئەوە بچێنی کە تۆ (واتە کەسی دەسەڵاتدارو فەرمانڕەوا ) ئەو یەزدانەی رزق و قوتی خەڵکت بەدەستەو، لەکاتی تەنگانەشدا کەی ئارەزووت کرد زۆر بەئاسانی دەتوانی هەر بەدەستی خۆیان لەناویان بەری .

هەر بۆیە دەکرێت تاک لەخودی خۆیدا بوونەوەرێکی هۆشیارو سەربەخۆو ئارام بێت، بەڵام کاتێ تێکەڵی کۆمەڵ بوو ئەوا ئەو سەربەخۆیی و هۆشیارییەی لەدەستدەدات و دەبێت بەدەسکەلای کۆمەڵە بازرگانێکی خوێن و دروشم و کورسی و بەبێ ئەوەی هەست بەخۆی بکات، بەپێی بەرنامەو داخوازی ئەوان دەجوڵێتەوە و دێتە سەر جادە و خەون و ئارەزووەکانی لەناو چەند داواکارییەکی کاتی زیندە بەچاڵ دەکات، بەو جۆرە لەمرۆڤێکی ئایندەخوازەوە بەرگی داهۆڵێکی رزیوو ناهۆشیار دەپۆشێ. تاک دەبێت لەوە تێبگات تا لەخۆی یاخی نەبێت ئەوا ناتوانی لەبەرامبەر کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگا یاخی بێت و تا لەکۆمەڵگەش یاخی نەبێت ناتوانی بەرامبەر دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواو هێزە سەرکووتکەرەکانیان یاخی بێت. یاخی بوون بەمانا بونیاتیەکەی نەک دیوە رووخێنەرەکەی.

تاکی یاخی، رووخێنەر پایە پۆڵایینەکانی فیردەوسی دەسەڵاتدارانەو ناخودئاگا وەک پەرجویەک فریای دیکتاتۆرەکان دەکەوێت هەروەک سووریاو سۆماڵ و یەمەن و عیراق و کەمبۆدیاو کۆنگۆ، هەربۆیە دەسەڵات بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو کار بۆ ئەوە دەکا کۆمەڵگە بەئاقارێکا بەرێت کەگەر رۆژێ لەدژی وستایەوەو لێی یاخی بوو، ئەوا تاکەکانی کۆمەڵە یاخییەکی رووخێنەری رێخۆشکەر بن بۆ جەنگ و خوێنڕێژی، نەک کۆمەڵە تاکێکی بوونیاتنەری هۆشیار کەبتوانن بەرگەی دەیان ساڵەی دادڕاوی دەسەڵات لەبەریاندا فڕێبدەن و قوفڵە ژەنگاوییەکەی دەسەڵاتداران لەفکرو هزریاندا بشکێنن و هەڵتەکێنن. ئا ئەمەش لەفۆرمی جیاجیادا جادووی دەسەڵاتدارانە بەتایبەتیش دەسەڵاتدارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ مانەوەو فەرمانڕەوایی.

دواجاریش تاک و کۆمەڵگەو دەسەڵات سێکۆچکەیەکی تەواوکەری یەکترن و بەبێ یەک، ئەوی دی دروست نابێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار