ئایدیۆلۆژیای لەنگە

9 مانگ لەمەوپێش



غازی حەسەن

لەنگە شوێنێکە هاوکاری گریفانی کەسانی کەم داهات و هەژارو هەتا چینی مام ناوەندیش دەکات، لەتەک ئەوەشدا بەهۆی هاوردەکردنی کەلوپەلە جیاوازەکانەوە لەئەوروپاو کیشوەرو وڵاتەکانی دیکەوە، خەڵک ئاشنای کەلتوورو ناوو مارکەو جۆری شتەکان و ستایل و چۆنیەتی بەکارهێنانیشیان دەکات. لەبیری نەکەین ئەم بەکارهێنانە بووەتە سەرەتایەکی کراوە بۆ ئاشنابوون بەکەلتووری جیاوازو خودان ناسنامەی تایبەت.

لەنگەی هەولێر شوێنێکە سەری هارو ماری تێدایە، بازاڕێکی گەرمەو هەمیشە جمەی دێت و بیستوومە خەڵک لەدەرەوەی هەولێریش بۆ دۆزینەوەی کەلوپەل و شتومەک و جلوبەرگی تایبەت رووی تێدەکەن. دەتوانم بڵێم بازاڕێکی باشە بۆ جووڵەی بازرگانی و ئابووری خەڵکی ئاسایی، لەکردەوەشدا کەسەکان ئاشنا دەبن بەستایل و شێوازی بەکارهێنانی کەلوپەل و شتی جیاوازو هەتا ئەمە سەرەتایەکە بۆ بیرکردنەوەی نیمچە جیاوازی نوێش.

چەند جارێکە ئەم شوێنە ئاگر دەگرێت و زیانی ماددی زۆر بەر خاوەن دوکان و کاسبکارەکانیش دەکەوێت، دەتوانم بڵێم کڕیاریش، ئەو کڕیارانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوون، ئەوانیش خۆیان بەزەرەر لێکەوت دەزانن.

لەڕاگەیاندن و شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکاندا هەواڵ و رووداوو گواستنەوەی ئەم بابەتەمان بینیی. پێم سەیرە کەناڵێک گوتی نزیکەی هەزار دوکان ئاگری گرتووە، کەچی رۆژی دواتر بووە نزیکەی ٢٠٠ دوکان. بەدەیان کەس لەجیاتی ئەوەی رێگەیان لێ بگیرێت بچنە ئەم شوێنە، کەئاگری گرتبوو، خەڵک وەکو بۆ نمایش هاتبن لەوێ هەڵسوکەوتیان دەکردو تەنیا کەسانێک بۆ دەرکەوتن لەشاشەی تەلەڤزیۆن وەکو پاڵەوان لەم شوێنە لێدوانیان بۆ کەناڵی ئاسمانی دەداو خۆیان وەکو شارەزا پێناسە دەکردو بێ نیگەرانیی دەسووڕانەوە، یەکسەر سەرنجم بۆ چەند شتێک چوو:

یەکەم: چۆنیەتی گەیاندنی ژمارەو زانیارییەکان بوو، چۆن بەم خێراییە بەمانشێتی مەزن و ژێرنووسی بریقەدار ئەم ژمارە گەورانە بڵاودەکرایەوە، لەکاتێکدا وابزانم ئەم شوێنە نزیکەی هەزارو ٢٠٠ دوکانی تێدایە.

دووەم: چۆن لایەنی بەرپرس رێگە بەخەڵک دەدەن بچنە نێو ئەم شوێنە، کەمەترسیدارە و ئاگری گرتووە، ئەمە مەترسی هەیە بۆ سەر گیان و ژیانی خەڵکەکەو ئینجا هێزی ئاڕ ئاڕیش دەرفەتیان دەبێت ئازادانە شت بدزن. 

سێیەم: ئەم جۆرە زانیارییانە پێویستە لەلایەن لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار بەم شوێنە بڵاوبکرێتەوە، نەک راگەیاندنکار، یان قسەی هاووڵاتی ئاسایی بکرێتە سەرچاوەی هەواڵ و راپۆرتەکان، کەزانیاری دروستیان نییە، بڕیاردان کاری راگەیاندکار نییە، بەڵکو تەنیا دەتوانێت هەواڵەکە بگوازێتەوە.

لایەنێکی دیکەی ئەم رووداوە بریتییە لەئایدۆلۆژیای دژایەتی و دروستکردنی ئاژاوەی دروستکراوو لێکدانەوەی حزبیانەو بەستنەوەی بەفکری سیاسی لایەنێک، یان گروپێک. ئایا بەڕاستی پرسیووتانە ئەم جۆرە رووداوانە لەبەرچی وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی رقهەڵگری کورتبینانە لێکدەدرێنەوە، دەکرێت بەکورتی و کوردی بڵێم:

یەکەم: کەسانێک دەڵێن ئەمە تورکیا/ یان تورک کردوویانە، ئایا هیچ سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو هەیە ئەمە پشتڕاست بکاتەوە؟  بۆ دەبێت تورکیا ئەمە بکات، چ سوودێکی بۆ ئەو تێدایە؟. کەدەچینە نێو مەبەستەکانی ئەم جۆرە ئاخاوتنە، ئایدیۆلۆژیای فریودان و گوتاری ئاژاوەسازیی هەست پێدەکرێت.

دووەم: هەیانە دەڵێت ئەمە پەیوەندی بەبازاڕی کارو قۆرغکارییەوە هەیە، ئەوەی حزب رێگەی پێنەدات، ناتوانێت ببێتە خاوەنی کارو کاری دەستناکەوێت لەم شوێنە. ئایا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەم بوارەدا هەیە، یان ئەمەش بریتییە لەئایدیۆلۆژیای حزبی و دەیانەوێت بیبەستنەوە بەململانێی سیاسی و حزبی، یان جۆرێکە لەئاژاوەی دروستکراو. بۆ دەبێت ئەم ئاگرە لەم شوێنە بەر بدرێت، ئەگەر قۆررغکراوە؟؟ پرسیارێکە و بەس بۆ دەبێت ئایدیۆلۆژیای دروستکردنی ئاژاوەی دروستکراو هێندە بەسانایی خۆی بخزێنێتە نێو بیرکردنەوەماندا.

سێیەم: شێوازی گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان گوزارشت لەخودی رووداوەکە ناکات، بەڵکو گوزارشت لەئایدیۆلۆژیاو فکری سیاسی و حزبی شێوازی کارکردنی کەناڵەکان دەکات. ئەمەش هەندێک جار دەچێتە خانەی فریودان. 

ئاگرەکەی لەنگە ئایدیۆلۆژیای لەپشت نییە، بەڵام دەکرێت بێژین هەڵەی لەپشتە، هەڵەی چەند بارە. لەوانە سستی و لاوازیی چاودێریی و کەمتەرخەمی پاسەوان، هەڵەی گواستنەوەی هەواڵ و چۆنیەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و رێگەدان بەخەڵک بەئارەزووی خۆیان بچنە نێو شوێنی ئاگرەکەو دوکانەکان، هەڵەی پشتگوێخستن، هەڵەی هەڵدانەوەی کەلوپەل لەسەر شۆستەو لەپێش دوکانەکان، هەڵەی نەبوونی چاودێریی و ئاگادارکردنەوە لەکاتی ئاگرکەوتنەوە. هەڵەی تەکنیکی.

بەداخەوە هەندێک فێری ئەوە وون هەموو شتێک دەبەستنەوە بەئایدیۆلۆژیاو حزبایەتی، ئەمە وەکو ئەوە وایە بڵێین بەداخەوە ئایدیۆلۆژیا لای هەندێک بووەتە لەنگە، هەندێک جاریش فکرو ململانێی سیاسی وەکو لەنگە دەبینن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار