لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێنرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێنا.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند ''ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دادوەر عەباس فەرحان حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ھەڵبژاردنی کۆمیسیۆن سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کاروباری یاسایی و ھونەری و دارایی کۆمیسیۆنیش لە لیژنەکەدا ئەندامن".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەرکی لیژنەکە جێبەجێکردنی ھەموو ئەو رێکار و بڕیار و راسپاردانە دەبێت کە ئەنجومەنی کۆمیسیاران تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەری دەکات".
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ھەموو حزبێک لەماوەیەکی دیاریکراودا دەبێت کۆنگرە ببەستێت و سەرکردایەتی نوێ ھەڵبژێرێت".
بەپێی ئەوکاتەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
