شەپۆلێکی باران بارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت رۆژانی شەممە و یەکشەممە شەپۆلێکی باران بارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات رێژەی بارانبارینەکە مامناوەند دەبێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "شەپۆلێکی سەرتاسەری باران بارین بۆ رۆژانی شەممە و یەکشەممە 9 و 10ی 3ی 2024 هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە بە کاریگەری و بڕی جیاواز کاریگەری بە پلەی یەکەم لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەبێت و بە پلەی دووەم ناوچە نیمچە شاخاوییەکان بە پلەی سێیەم ناوچە گەرمەسێریەکان لە زۆرینەی ناوچەکان رێژە و بڕی بارانەکە مام ناوەند بۆ باشە دەبێت، جگە لە هەندێک ناوچە کە بڕی بارانەکە کەمە بە تایبەت سنووری کەلار و کفری و خانەقین و بەشێکی سنووری کەرکوک".
دەشڵێت "لەم شەپۆلەدا ئەگەری بەفر بارین هەیە لە بەرزی 1500 مەتر بۆ سەرەوە لە ئاست رووی دەریاوە لەگەڵ رودانی هەورە بروسکە بۆ ناوچە جیاجیاکان و تەرزە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچە".
روونیشیکردەوە "پلەکانی گەرما بەڕێژەی دوو پلە دادەبەزن و خێرایی با هەندێک کات زیاد دەکات بە مام ناوەندی، هەروەها لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەیەکی کورت خایەن کەشوهەوا سەقامگیربوون بەخۆوە دەبینێت، بەڵام بۆ دواتر و بە تایبەت ناوەڕاستی مانگ بۆ سەرەوە ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی بەهێز و گشتگیر هەیە".
