قایمقامییەتی سلێمانی ٨٠٦ کیلۆگرام گۆشتی بەستوو لەناودەبات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاولاتی

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بڕی ٨٠٦ کیلۆگرام گۆشت لەناودەبات کە لە بەڕادێکدا بەناوی رەنجەوە لە بازاڕی سەعید تەها کۆیی بەستبووی و خاوەنەکەی بە گۆشتی فرێش دەیفرۆشت بە خواردنگە و لەفە فرۆشەکان.

د. ژیار بەهادین، نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند "سەرەڕای ئەوەی کە بەڕادەکە مۆڵەتی نەبووە، لەکاتی سەردانی لیژنەکانمان دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر گۆشتی وردکراوی تێدایە و بەستوویەتی و سەرچاوەکەی ئاشکرا نییە، بەڵام دەکرێت بە قیمە و بە گۆشتی فرێش دەفرۆشرێت بە خواردنگە و لەفە فرۆشەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد "هەر گۆشتێک چووە حاڵەتی بەستنەوە ناکرێت بە فرێش بفرۆشرێت، هەربۆیە تەواوی گۆشتەکە بە هاوکاری ڤێتێرنەری سلێمانی لەناودەبرێت و رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر".

نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییانیش کرد بەهیچ جۆرێک قیمەی ئامادەکراو نەکڕن، پێویستە بە ئامادەبوونی خۆیان گۆشتەکە بکرێت بە قیمە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار