دەستەی دەستپاکی عێراق چەندین دۆسییەی گەندەڵی بەرپرسان ئاشکرا دەکات

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بریارە ئەمرۆ یەکشەممە 10/3/2024، دەستەی دەستپاکی عێراق راپۆرتی ساڵانەی کاروچالاکییەکانی خۆی  لە ساڵی 2023دا بخاتە روو و بە پێی وتەی حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق چەندین دۆسییەی گرنگی گەندەڵی بەرپرسە گەورەکانی ناو حکومەت لەخۆدەگرێت.

حەیدەر حەنون رۆژی هەینی رابردوو بە ئاژانسی هەواڵی "عێراقییە"ی راگەیاند "رۆژی یەکشەممە دەستەی دەستپاکی عێراق راپۆرتی ساڵانەی کاروچالاکییەکانی خۆی بۆ ساڵی 2023 دەخاتە روو و ئەو دۆسییانەش کە پەڕاوییان بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوەیەکی وردیان لەبارەوە ئەنجام دراوە چەندین کەسایەتی گەورە و ناسراو لە خۆ دەگرێت کە لە گەندەڵییەوە تێوە گلاون".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەستەکەی وەک دەستەکەیەکی فیدراڵی دەبێت چاودێری هەموو پاریزگاکانی عێراق بکات و بۆ ئەم مەبەستەش رەشنووسێکی رێکەوتنیان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو نابراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان و فەرمانبەران ، هەموو بەرپرس و فەرمانبەرانی عێراق دەگرێتەوە نەک تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو.

ناوبراو داواشی لە دەستەی دەستپاکی هەرێم کرد کە یارمەتی دەستەی فیدراڵی عێراق بدەن لە دەستگیرکردنی کەسانی داوا کراو و بە دواداچوون بۆ سەروەت و سامانی بەرپرسانی هەرێم بکەن تا بەو جۆرە دەستەی فیدراڵی بتوانێت هاوشێوەی بەرپرسانی پارێزگاکانی عێراق  بە دواداچوونێکی ورد بۆ سەروەت و سامانەکانیان بکات چونکە کەس لە سەرووی یاساوە نییە.

هەروەها لەبارەی کاری دەستەی دەستپاکی ناوبرا روونیکردەوە "دەستەی دەستپاکی تەنها فەرمانگەیەکی لێکۆڵینەوە نییە ، بەڵکو چەندین فەرمانگە و پسپۆری هەمەجۆر لەخۆدەگرێت کە بەرپرسن لە نەهێشتن و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان هەر لە سەرەتای ئاشکراکردنی تا کۆتایی هە موو رێکارەکانی وەک لێپێچینەوە و مەلەفی لێکۆڵینەوە و بەرگرتن و ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان و شەفافییەت و هاوکاری راپۆرتە بنکۆڵکارییەکانی رۆژنامەکان".

ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە "لە ئێستادا هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ بەرگرتن لە گەندەڵی و نەهێشتنی تاوانە داراییەکانی ناو فەرمانگەکانی دەوڵەت و بە فیرۆدانی موڵک و ماڵ و سامانی گشتی، لێپیچینەوەی تووندیش لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە لە گەندەڵییەوە تێوە گلاون و دۆسییەکانیان دوای تەواکردنی هەموو رێکارەکان و دەست خستنی هەموو بەڵگە پێویستەکان رەوانەی دادگا دەکەین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار