بارزانی لە واشنتۆن

8 مانگ لەمەوپێش



عوسمان حاجی مارف

سەردانەکەی مەسرور بارزانی، بۆ ئەمەریکا بەپشتبەستن بەبانگهێشتنامەیەکی فەرمییە، کە لەئیدارەی جۆ بایدن وەریگرتبوو، پەیامێکی روون و ئاشکرای ئەمەریکایە سەبارەت بەنوێکردنەوەی بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لەناوچەکەدا، بەتایبەتی لەپەیوەندیەکانی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا، ئاماژەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە، هەروەها مامەڵەی ئیدارەی بایدنە دەربارەی فشارەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەسەر هەرێم، بەڵام بایدن بۆ خۆی چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسروردا نەکرد.

ئیدارەی بایدن هەوڵئەدات ناوچەکە بکاتە ناوەندێکی سەرەکی کێشکردن بۆ نفوزی زیاتری ئەمریکا لەعێراقدا، بەتایبەتی کەحکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران، لەئێستادا کاردەکەن بۆ کۆتایهێنان بەڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراقدا. سەردانەکە لەژێر رۆشنایی ئەو مشتومڕە بەردەوامەشدایە، لەسەر کاریگەری لایەنە شیعەکانی نزیک بەئێران، کەشوێنەکانی هێزەکانی ئەمەریکایان لەسوریا و عێراق کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان.

ئەمەریکا سزای بەسەر زۆرێک لەبانکەکانی عێراقدا سەپاندوە، لەهەمانکاتدا بەسەر کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لەلایەن بازرگانێکی عێراقیەوە بەڕێوەدەبرێت کەتۆمەتبارە بەنزیکبوونەوە لەمیلیشیاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەسوپای پاسدارانی ئێران.

بەردەوامی حکومەتی سودانی، کە «پەیوەندیەکی نزیکی بەپارت و لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێرانەوە هەیە»، لەپرۆسەی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لەعێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەڕۆیشتنی ئەم هێزانە نوێنەرایەتی کەمبوونەوەی کاریگەری ئەمەریکا دەکەن لەعێراقدا بو پاککردنەوەی زیاتری مەیدانەکە بۆ ئێران.

هێزە میلیشیا شیعەکان بەئاشکرا دژایەتی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق دەکەن، تا هاوسەنگی زیاتر بەقازانجی ئێران و هاوپەیمانەکانی بێت. هەربۆیە ئەمەریکا هەوڵی زیاتر دەدات تا لەهەرێمی کوردستان، گۆڕەپانێکی گونجاو بۆ پاراستنی نفوزی خۆی لەعێراقدا جێگیر بکات.

لەچەندساڵی رابردوودا بەدەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەکە زیاتر لەژێر فشاری توندی هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا راگیراوە، بەئامانجگرتنێک کەسوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لەجارێک بەئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی تێوەگلاون، لەلایەکی ترەوە لەڕێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیەوە راستەوخۆ حکومەتی عێراق بڕیارەکانی بەئاراستەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هەنگاوی ناوە.

ئەم فشارانە ناسەقامگیری زیاتری خستووەتە بەردەم ئایندەی قەوارەی هەرێم، کە لەمبارەیەوە ئەمریکا هەڵوێستێکی جددی نیەو ناڕۆشنە چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە دەکات، لەهەمانکاتدا کاردانەوەیەکی جددی لەوبارەیەوە نیشان نادات، بۆیە بانگهێشتی واشنتۆن بۆ بارزانی ئاماژەی ئەوەیە رێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لەناوچەکەدا پەیدا بکات، چونکە هەرجۆرە فەرامۆشکردنێکی دەخالەتەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا، ئاستی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەپاشەکشەی زیاتری دەوری ئەمەریکا دەشکێتەوە.

هەرچەندە ئامانجی سەردانەکەی مەسرور بارزانی پەنابردنە بۆ ئەمریکا لەبەرامبەر ئەوەی رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا کۆبوونەوەکانی بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن لەباری عەمەلییەوە نەیتوانی ئاسۆیەکی رۆشن بخاتەبەردەم ئایندەی پێکهاتەی هەرێم، هەروەها هەوڵدانێک نابینرێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم، کەئێران و لایەنە شێعەکانی دەسەڵاتدار لەحکومەتی عێراقدا لەهەوڵی جێگیرکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێمدان، لەمبارەیەشەوە ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی پەرچەکرداری نیشان نەداوە.

بلینکن لەکۆمێنتێکی سەر ئەکاونتی خۆی ئاماژەی بەوەداوە کە «ئەمریکا پشتیوانی لەناوچەیەکی سەقامگیر دەکات وەک بەردی بناغەی پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا». واتە دەبێت هەرێم خۆی لەگەڵ ناوەندا بگونجێنێت، لەلایەکی تریشەوە نابێت بەرەنگاری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت. بۆیە لەو وتووێژانەی لەنێوان بلینکن و بارزانیدا ئەنجامدراون، سەبارەت بەپاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و رێزگرتن لەقەوارە دەستووریەکەی هەرێم، پاراستنی مافی پێکهاتەکانی تیاکراوه، جگە لەوەی هەردوولا، مەسرور و  بلینکن دەڵێن دەبێت رێز لەقەوارەی دەستوری هەرێم و سیستمی فیدراڵی بگیرێت، بەڵام باس لەئەنجامدانی هیچ هەنگاوێکی عەمەلی لەوبارەیەوە نەکراوە، هەروەها هیچ پشتیوانیەکی جددی ئەمەریکا بۆ هەرێم نیشان نەدراوە، هیچ بەڵێنێکیش لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵکو هەوڵی ئەمەریکا تەنها بۆ پێداچوونەوەیە لەچۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکان و مانەوەی هێزەکانی لەعێراق و ناوچەکەدا.

واتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەلوتکەی چڕبوونەوەی فشارەکان بۆ سەر ناوچەکە، کەدۆخێکی تازە بەخۆیەوە دەبینێ و بەقۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە، ئەمەریکا پێویستی بەوەیە ئاراستەیەکی گونجاو بگرێتەبەر کە چۆن دەتوانێت بەڕێوەبردنی ململانێ و کێشەکانی لەناوچەکەدا بەسەرکاتەوە، ئەوەی پێشبینی دەکرێت، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەم ئاڵوگۆڕانەدا، پێگەو جێگاو شوێنێکی وەهایان نەماوە کەڕۆڵیان هەبێت لەنێو هاوکێشە سیاسییەکاندا، بانگهێشتکردنی بارزانی تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەی تاچەند ئەتوانێ ملکەچی ئەو ئاڵوگۆڕانەبێت و بچێتە ژێر باری قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی عێراقەوە، لەهەمانکاتدا سەرکێشیەک نەکات، کێشە بۆ بوونی ئەمەریکا لەعێراق و ناوچەکەدا دروست بکات.

سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا، بۆ بارزانی ئەو مانایەی لێدەبێتەوە تا چەند ئەتوانێ متمانەو پشتیوانی ئەمریکا بەلای بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی بارزانی لەهەرێمدا راکێشیت، کە لەمبارەیەوە بەدوای ئەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدارڵی لەباری عەمەلییەوە خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەتوانین بڵێین سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا وەک کارێکی رۆتینی و بێبەرهەم بۆ هەرێم ئەژمار دەکرێت.

ئەو بەڵێنانەی کەئیدارەی ئێستای ئەمەریکا ئەیدات، سیاسەتەکانی نائومێدیەکی گەورە بۆ زۆربەی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دروست دەکات، چونکە رۆڵی خودی ئەمەریکاش لەناوچەکەدا کەوتۆتە بەر پاشەکشەیەکی زیاتر لەبەرامبەر ململانێی رەقیبەکانی لەوڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیادا، بۆیە ناتوانێ پاراستنی هاوسەنگی باڵادەستی ئەمەریکا بەسەر دنیاو ناوچەکەدا دەست پێوەبگرێت.

لەهەمانکاتدا لەسەر ئاستی دارایی ئەمەریکا ئامادە نابێت، یان پێویستی بەوە نیە کە لەم ئاڵوگۆڕانەدا بەردەوام بێت کەقورسایی خەرجی مووچەی پێشمەرگە هەڵگرێت.

دەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی لەبەردەم ئایندەی ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بەڕێوەیە، لەسەروبەندی فشاری سنوردارکردنی پێگەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ناچار دەکرێن بکەونە ژێر ئاراستەی قبوڵکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و دەستگرتن بەقەوارەیەکی تەواو لاوازو شکڵیەوە، ئەمەش ئەو ئاکامە دەخاتەڕوو کەیەکەم: پەنابردن بۆ ئەمەریکا و هەر ووڵاتیکی تر بەفریایان ناکەوێت و ناتوانن سەربەخۆیی قەوارەی هەرێم راگرن و لەبەردەم پرۆسەیەکی نزمبونەوەی ئاستی دەسەڵاتەکاندا دەبن، ناچار دەکرێن لەسایەی حکومەتی عێراقدا پەناگایەک پەیدابکەن. دووەم: نە دووبەرەكی و نە یەکگرتنی بارزانی و تاڵەبانی و هەر لایەنێکی بزوتنەوەی کوردایەتی، فرسەتی ئەوەیان نادات، بتوانن ئاڵوگۆڕێک بە بەرژەوەندی پێگەی قەوارەی حکومەتی هەرێم ببەخشن. سێیەم: لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا بەجۆرێک سنوردار دەبن، کەهەر جۆرە ڕێکەوتنێک لەپێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن ناتوانێ ئاکامێکی ئەرێنی بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵاتیان بەدەستبهێنن.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار