حکومەتی عێراق بڕیاردا بە قەرەبووکردنەوەی هەر خێزانێکی ئاوارە بە چوار ملیۆن دینار
8 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایکرد بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرێت و هەر خێزانێک بە بڕی چوار ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 15ی ئازاری 2024 وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند "بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بڕیاردراوە بە پێدانی چوار ملیۆن دینار بە هەرخێزانێک".
ئەوەشخراوەتەڕوو "هەر خێزانێک کە گەڕاوەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە ئێستادا دەتوانێت داواکاری بۆ وەرگرتنی چوار ملیۆن دینار پێشکەش بکات، بەتایبەت ئاوارەکانی شنگال لە کاتی گەڕانەوەیاندا چوار ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو لەگەڵ پارچە زەویەک پێدەدرێت".
روونیشکراوەتەوە "بەپێی پلانێکیش کە خراوەتەڕوو هەر ئاوارەیەک کە گەڕاوەتەوە ناوچەکەی خۆی جگە لە قەرەبوو کردنەوەی مادی لە کەرتی گشتی بە تایبەت کەرتی پەروەردە دادەمەزرێندرێن، چونکە پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی پەروەردەی پابەند کرد بە تەرخانکردنی رێژەی 2%ی دامەزراندنی خێزانە ئاوارەکان کە بڕیارەلە مانگی ئازارەوە لە چەند پارێزگایەک دەستپێبکات".