نمایشی هێز.. هێزی نمایش
8 مانگ لەمەوپێش
عەبدوڵا کۆمەڵە
سێ ڕۆژە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی بۆ مانگی شوبات ناردوە جگە لە "هێزە تەناهیەکان" بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم ئامادە نیە لیستی مووچە ڕابگەیەنێت و دەست بە دابەش کردنی بکات، ململانێی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ناوەند ئەوەندەی سیاسەتی دەست شکاندنەوەو پیشاندانی هێزە بە ئاراستەی ناوخۆ، ئەوەندە بۆ خەمی ژیان و قوتی خەڵک و کەرامەتیان نیە.
پیشاندانی هێز بە ئاراستەی ناوخۆ
ئێستا ململانێ ناوخۆییەکانی کوردستان لە دۆخێکدان کە هیچ بوارێکیان بۆ هێشتنەوەی پرسێکی ناوەندی سەبارەت بە کێشەی کورد نە هێشتۆتەوە، هەموو حیزبەکان و نوخبەی ڕۆشنبیران و تەنانەت خەڵکی ئاساییش باس لەوە دەکەن" لە کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک مەبدەئی کوردایەتی نەماوە" ئەمە ڕاست و دروستە، بەڵام ئایا مەبدەء چیەو چۆن دروست دەبێت و بۆ نەماوە؟ بە کورتی مەبدەء بریتیە لە بڕوابوون بە پرسێکی ناوەندی بە هێز کە حەتمیەتی سەرکەوتنی حاشا هەڵنەگر بێت و سەرکردایەتیەکی جێی متمانەو بە هێز کار بۆ سەرخستن و پێشخستنی بکات، ئیتر لێرەوە ئاوێتە بوونێکی دوالیزمی پێک دێت و هەم لای تاک پرسێکی ناوەندی بە تێڕوانینێکی ڕون و سەرکردایەتیەکی شاییستە هەیە کە پشتی پێ دەبەستێت، هەم تاک خۆشی دەبێتە کۆڵەکەو پاڵپشتی ئەو پرسەو تەنانەت فاکتەری سەرەکی سەرکەوتنیشی،ئائەمەیە پرسی دروست بوونی مەبدەء، بەڵام ئەمە چۆن دروست دەبێت؟ هیچ مەبدەئێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بە بێ بوونی پرسێکی نیشتیمانی ناوەندی و داینەمۆیەکی بەگەڕخستنی ئیدارە دانی ئەم پرسەو ئامادەسازی و هاندانی هاونیشتیمانیان لە سەر ئاستی تاک و کۆمەڵ دروست نابێت، دودڵی و دڵە ڕاوکێ و نەمانی متمانە بە سەرکردایەتی سیاسی دەبێتە هۆی کوشتنی گیانی بەرگری و بیروباوەڕی نیشتیمانی و تێکشکاندنی لەسەرخۆی بەها پیرۆزەکان.
هێزی دەسەڵاتدار لە کوردستان نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەرکەوتو لەگەڵ پرسە نیشتیمانی و نەتەەییەکاندا کاربکات و ئەم کارەش بە شێوەیەک کە لەگەڵ بارودۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکەو جیهان بگونجێنێت، کە هیچ بوارێکی بەریەک کەوتن و پێکدادان هەم لەسەر ئاستی ناوخۆو هەم لە سەر ئاستی دەرەکی دروست نەبێت. لە بواری جێ بەجێکردن و فاکتەرەکانی سەرکەوتندا تەنها خودی پرسەکەو ڕەواییەتیەکەی بەس نیە بۆ سەرخستنی، تەنانەت ئەمە تەنها ١٥٪ ی ڕێژەی سەرکەتن زامن دەکات، بەڵام ٨٥٪ ەکەی تری دەگەڕێتەوە بۆ گونجاندنی پرسەکە لە گەڵ دەرورو بەرو ژینگەو هاوپەیوەندان و هاو بەرژەوەندیانی ئەم پرسە.
لە ئەنجامی کاری هەڵەی هێزی باڵا دەستی کوردستاندا، دەبینین کە ئەم هێزە ووردە ووردە بازنەی نەیارەکانی لە دەرەوەدا بەسەردا تەسک دەبێتەوەو، بە هۆی لە دەست دانی متمانەی جەماوەریشەوە، جگە لە گروپێکی مشە خۆر، هێزی جەماوەری خۆشی لە دەست داوەو بەردەوام بەرەو ڕووت بوونەوەو بچووک بوونەوە دەچێت، لەمەش خراپتر ئەم هێزە لە دوای زنجیرەیەک شکستی یەک لەدوای یەک، ئێستا ناچار کراوە کە مل بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بنێت، شکستەکانی ئەم لایەنە ئەوەندە کاریگەرن کە بواری هەناسەدانێکی قوڵیشی بۆ نەماوەتەوە تا بواری بیرکردنەوەیەکی دروست و داڕشتنی ستراتیژێکی دروستی هەبێت بۆ خۆ دەرباز کردن لەم هەموو قەیرانەی کە بۆخۆی دروست کردوە.
کەواتە بەم هەموو کەرەستە تێکشکاوەوە، چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازەوە، ئەنجامەکەی هەر تێکشان دەبێت، باشە لایەنێک کە دەچێتە هەڵبژاردنەوە، لە پرسی پەیوەندیە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا تێک شکابێت، لە پرسی پەیوەندیە هەرێمایەتیەکاندا شکست خواردوو تێکشکاو بێت بە پەیوەندی لە گەڵ تورکیاشەوە، لە کاری دەوڵەتمەداری و بەڕێوەبردندا شکستی هێنابێت، مێژوەکەی گومانی لە سەر بێت، وەکو پێشتر باسمان کرد بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئەمانەوە لایەنی مەبدەئی سیاسی هاونیشتیمانیانیش لە ئاستێکی زۆر لاوازدایەو کەس ناتوانێت ئەم پرسە وەکو قەزیەیەکی زیندوی بابەتی هەڵبژاردن تەوزیف بکات، کەواتە لێرەدا چی باکگراوندێکی هێز دەمێنێتەوە تا لە کاتی خۆ فڕێ دانە ناو گۆمی هەڵبژاردنەوە ببێتە بەلەمی فریادڕەس بۆی.
تەنها قەزیەیەک کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێشاندانی هێزی خۆی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئاراستەی دەنگدەرەکانی بکات، بابەتی تەسلیم نەبوونە بە داخوازیەکانی حکومەتی ناوەندو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچەو بابەتی هەڵبژاردنیش، ئەگەر پارتی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچە وەکو خۆی جێ بەجێ بکات، ئیتر هیچ قەزیەیەکی مەرکەزی بۆ چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بە دەستەوە نامێنێت و تەنها تەخوین کردنی نەیارە ناوخۆییەکانیشی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە کوتینی ئاسنی سارد بەولاوە شتێکی تر نابێت.
کەواتە ئەم کێشمە کێشمەی کە ئێستا ئەم لایەنە لە گەڵ حکومەتی ناوەندی و دادگای فیدراڵی دروستی کردوە، دورو نزیک پەیوەندی بە مەترسی سەر قەوارەی هەرێم و قوتی موچە خۆران و پاراستنی کەرامەتیانەوە نیە وەکو خۆیان پڕو پاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو تەنها بەشێکە لە پڕو پاگەندەی هەڵبژاردن بەڵام لە سەرحیسابی ژیان وموچەو کەرامەتی خەڵی کوردستان، ئەوە تەنها حکومەتی ناوەندی نیە کە مانگانە کێشە بۆ مووچە خۆرانی هەرێم دروست دەکات، بەڵکو پارتی دیموکراتی کوردستانیش مانگانە ئەم کێشانە ئەبدەیت دەکاتەوەو درێژەیان پێ دەدات و دەست بەدەست بەردەوامی دەداتێ تا دەیگەیەنێتە سەرو بەندی هەڵبژاردن و، ئەم بابەتە وەکو پرسێکی نەتەوایەتی چارەنوس ساز بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت.