چوارچێوەی هەماهەنگی: دەبێت هەموو لایەنەکان رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بگرن و پابەندبن پێوەی
8 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە راگەئەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکەن دەبێت هەموو هێز و لایەنەکان پابەندبن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە.
لە راگەیەندراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا هاتووە "جەخت دەیکەنەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چەسپاندنى هیچ دەسەڵاتێک بەسەر ئەوی دیکەدا رێگەپێدراو نییە، ئەمەش بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەستووری لە بڕیاردان و جێبەجێکردن و میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنە".
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکان دەکات رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بگرن و بە کەم سەیری نەکەن، دەشڵێت "ئێمە رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرین و بە کەم هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکەین، بۆیە داوا لە هەموو هێزەکان دەکەین پابەندبن بە هەمان رێوشوێنەوە".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە "هەرچەندە هەندێک لە بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندی لایەنەکاندا نییە، بەڵام پابەندبوونەکە لە چوارچێوەی رێزگرتنە لە دەسەڵاتی دەستووری دادوەری".