دواجار پارتی بە تەنیا مایەوە

8 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

وتەیەکی  بێسمارک ی دامەزرێنەری رایخی دووەمی ئەڵمانی هەیە کە دەڵێ :((سیاسەت هونەری مومکینە)) ، کەچی دوای زیاد لە 150 ساڵ لە وتنی ئەو قسەیە ، سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردستان ئەو هونەرەیان گۆڕیوە بە هونەری سڕینەوە و گوێنەگرتن!

گەر بە وردی چاوێک بخشێنین بە مێژووی نوێی سیاسەتی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە عیراقدا ، ئەوا دەبینین ئەم سیاسەتە سیاسەتێک بووە کە زۆرجار بە خوێندنەوە و پلانێکی تۆکمە و ئامادەسازییەکی بناغە پتەو بەڕێوەنەچووە و لە زۆر وێستگەی هەستیار و چارەنوسسازدا ئەو سیاسەتە بەشێکی یا هەندێ جاری دیکەش بە تەواوی نشوستی هێناوە و بەرەو توانەوەو نەمان چووە ، باشترین نموونەش ساڵی 1975ە کە لە چاوتروکانێکدا شۆڕش و سیاسەتی کوردی لە باشووری کوردستان بە تەواوی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە.

زۆجار کەسانی نزیکی سیاسییەکان و خەڵکی عەوام ئەم شکستانەیان بۆ دڵپاکی و کەم ئەزموونی سیاسییەکانی کورد گەراندۆتەوە، لە کاتێکدا لە سیاسەتدا شتێک نییە بەناوی دڵپاکی و کەم ئەزموونی و سیاسەت خۆی لە خۆیدا واتە هونەری  بەدەسهێنان.

لە ئێستاشدا پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەرەرای ئەوەی 78 ساڵ بە سەر دامەزراندنی وەک پارتێکی سیاسی و چەکدار و خاوەن پێگەیەکی جەماوەری تاڕادەیەک باش لە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا زۆرجار بەردەوامە لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵە سیاسییەکانی خۆی و هێشتا بە عەقڵییەتی تاک حزبی و تاک سەرکردەیی ناو وڵات بریار و فەرمان دەردەکات و هەڵبەت حزبەکانی دیکەش بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و ژێربەژێر پشتگیری زۆربەی بڕیارەکانی دەکەن. 

ئەوەی لێرەدا ڕوون و ئاشکرایە  هەر وەک باسمان کرد زۆربەی ئەو بڕیارە سیاسیانەی کە لەلایەن پارتی دیمۆکراتەوە دەردەچێت و بە تایبەتیش ئەو بڕیارانەی کە ڕاستەوخۆ

پەیوەستە بە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکەوە گەر بێتو شکست بێنن کە زۆربەیان شکستیان هێناوە ، هەرچەندە پشتگیری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی حزبەکانی دیکەشی هەبێت ، ئەوا گرێ دراون بە ناوی پارتی دیمۆکراتەوە و خەڵک پارتی بەسەرچاوەی سەرەکی نەهامەتییەکانیان ئەزانن.

لە ئێستاشدا دوای دەرچوونی بریارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان ، پارتی دیمۆکرات دیسانەوە بە عەقڵییەتی تاک حزبی و چەسپاندی قسەی خۆی پەرچەکردارێکی نەرێنی لەبارەی ئەو بریارانەوە پیشاندا و بە موئامەرەیەکی ناوخۆیی و هەرێمی لە دژی خۆی وەسفی کرد و بگرە زۆر زیاتریش ڕۆیشت و بەهەوڵێک بۆ هەڵوەشاندەوەی قەوارەی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناساندی.

لەملاولەولاش ڕاگەیاندن و پەیج و سایتەکانی سەر بەو پارتە لە سۆشیال میدیادا بۆ پیشاندانی ڕاست و دروستی بریار و قسەکانی پارتی لەبارەی بریارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یانزە کورسییەکەی پەرلەمان و گۆڕینی نەخشەڕێگەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم ،بریاری کشانەوەی چەند حزبۆچکەیەکی بێ کاریگەری تورکمان و کلدانەکانیان لە هەڵبژاردن کرد بە سەردێڕی هەواڵ و نووسینەکانیان و وایان پیشاندا کە پارتی دیمۆکرات لە بەرژەوەندی خەڵک و کەمینەکان ئەو بریارانەی ڕەت کردۆتەوە ، لەکاتێکدا هەموومان دەزانین ئەو یانزە کورسییە چی و چۆن و لە بەرژەوەندی چ پارتێک  بە دەست هێنراون و تا ئێستا هەموو حزب و لایەنە کاریگەر و گەورەکانی ناو مەیدانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵدا و حساب نەکردن و بێ گوێی و کەلەڕەقی هەندێک کەسی ناو پارتیش بۆ ئەو پابەندییەی حزبەکان ،بێگومان ئالەنگاری و ئاڵۆزی زیاتری لەناو هەرێمدا لێدەکەوێتەوە و ڕاستەوخۆش کاریگەرییەکی زیاتری نەرێنی لەسەر ژیان و باری گوزەرانی خەڵک دادەنێت.

ئەمەو جگە لە پابەندبوونی حزبەکانی دیکە بریارەکانی دادگای فیدراڵی ، دوابەدوای دەرکردنی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی شەشی ئەمساڵ ، ئەمەریکا و نێردراوی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو بڕیارەی پارتیان ڕەت کردەوە و هەر وەک چۆن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە کاریگەرترین هێڵی سیاسییە لە عیراقدا ،لە بەیاننامەیەکیاندا پشتیان لە پارتی کرد و پابەندبوونی خۆیان بە گشت بریارەکانی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاند ، تەنانەت گەربێتو ئەو بریارانە لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنیشدا نەبێت .

ئا لێرەدا تەنیاکەوتنی پارتیمان لە بریارەکانیدا بۆ دەردەکەوێت و واباشترە پارتی دیمۆکرات بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەو دۆخەی کە تێیکەوتووە و هەتا زووە بە بریارەکانیدا بچێتەوە و تا کار لە کار نەترازاوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هەرێم کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادە بوونی کەسی یەکەمی حزبەکان ڕێکبخات و جگە لەوەش لە جیاتی کردنەوەی هەژماری بانکی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە بانکێکی ئەهلی ئەو کارە بە بانکێکی حکومی بسپێرێت و لە جیاتی کەلەڕەقی لەگەڵ دادگای فیدراڵی و بە دەسکەلا وەسف کردنی ، هەوڵێکی جدی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئابوریانەی کە لە ژێر سایەی حوکمداری خۆیدا ( چونکە چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ وەک باسمان کرد هەموو بڕیارەکان بە ناوی پارتییەوە دەرچووە )بەرۆکی دانیشتوانەکەی هەرێمی کوردستانی گرتووە و هەرێمی خستۆتە سەر لێواری پەرتگەیەکی قوڵی بێ کۆتایی و تاریکدا.

لە کۆتاییدا ئەوەندە ماوە بڵێین کە سیاسەت بریتییە لە چارەسەری ئالەنگارییەکان بە باشترین شێوە و کەمترین زیان ، نەک بەنزین بە ئاگرداکردن و سووتاندنی تەڕ و ووشک پێکەوە !

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار