عەقڵی سەدام

8 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

دوا کتێبی رۆژنامەنووسی گەورەی ئەمریکی ستیڤ کۆل، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەچۆنيەتی بیرکردنەوەی سەدام. ستیڤ کەپرۆفیسۆری رۆژنامەگەرییە لەزانکۆي کۆڵۆمبیا، خاوەنی چەندین کتێبی گرنگە دەربارەی شەڕی قاعیدە، کۆمپانیای ئێکسۆن  و چەندین کتێبی تری گرنگ. دوایين کتێبی هەوڵی کارێک دەدات کەهەتا ئاستێکی زۆر نەکردەیە، ئەویش چۆن سەدام بیری دەکردەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ستیڤ دەستی دەگاتە دوو هەزار کاتژمێر لەتۆماری دەنگیی سەدام، پاش بردنی پينتاگۆن بۆ دادگا لەسەر بنەمای یاسای ئازادی زانیاریی. کتێبەکەی ستیڤ پڕ پڕە لەزانیاری و داتای دەگمەن، بۆیە دەکرێت لەچەندین رووەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لێرەدا سود لەکتێبەکە دەبینین بۆ خوێندنەوەی رەفتاری سیاسی سەدام و هەروەها جۆری وەک سەدام. هەندێک خەسڵەت کە ستیڤ باسی دەکات بەسوودن نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لەکەسێکی وەک سەدام، بەڵکو هەروەها هەموو کەسێکی سیاسی یان سەروەر، بەتایبەتی لەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەڕووی فەلسەفییەوە، خوێندنەوەی دوا سیمینارەکانی جاک دریدا بەناوی سەروەرو ئاژەڵ، رەنگە وەک پاشخانێک بەسوودبێت. درێدا لەو سیمینارانەدا باس لەسەروەر دەکات وەک بوونەوەرێکی تەنهای بان-یاسا، لەسەرووی مرۆڤەوە، کە تەنهاو گۆشەگیرە. بەڵام ئاژەڵ لەپرۆسەی مرۆڤاندنی دونیادا، لەخوار مرۆڤەوەیە، هەرچەندە بەتێوردبوونەوەی زیاتر دەبینین کە سەروەرو ئاژەڵ وەک یەکیان لێدێت. من هێندە کارم بە درێداوە نیە، لێرەدا. بەڵام زیاتر قسە لەسەر پەیوەندییەکی ئاڵۆز دەکەم لەنێوان دەزگای سیخوڕی ئەمریکی ناسراو بە سی ئای ئەی و كەسێکی وەک سەدام، بەتایبەتی ئەو خەسڵەتانەی کە لەمیانەی ئەم پەیوەندییەوە دەردەکەون.

سەدام حوسەین کەسێکی بەئاگابوو لە سی ئای ئەی. کودەتای ساڵی شەست و سێ لەعێراق کە بەکودەتای هەشتی شوبات ناسراوە، بەهاوکاری سی ئای ئەی بوو، کە بۆ ماوەیەکی کورت بەعسیەکانی هێنایە سەر حوکم. ئەم ئاگایی و مامەڵەکردنە لەگەڵ سی ئای ئەیدا، دونیای سیاسی سەدام لەقاڵب دەدات. دەبێت بە بنەمای ئەو تێگەیشتنەی کە سی ئای ئەی هەموو شتێک دەزانن و دەستیان لەهەموو شتێکدا هەیەو لەهەموو شوێنێکن. لەکاتێکدا سەرچاوەی ئەم ئاگاییە واقیع و مێژووە، بەڵام دەبێتە مایەی هەڵەی زۆر، لەسەرووی هەمووشیەوە دەبێتە مایەی خراپ تێگەیشتن و پارانۆیا.

دیارە ئەم دیدە ناواقیعیە بۆ سی ئای ئەی، ئێستا بەشێکە لەکەلتوری عەوامی ناوچەکە، کە لەگەڵ کەلتوری قوڵی پیلانگێڕیدا تێهەڵکێش دەبن. ئەمە وەهایکردووە کە ئەم جۆرە سیاسیانەی ناوچەکە نەزانن سیاسەتی مەدەنی، سیاسەتی بواری گشتی و خەڵک-دۆستی یانی چی، بەڵکو هەمیشە سیاسەت وەها ببینن کەبریتیە لەیاری هێزە شاراوەکان و ململانێی بەرژەوەندی ئەو هێزانە دژ بەیەک، خەڵکیش ئەگەر هەبن، ئەوا وەک ئامرازن نەک وەک ئامانج.

زاڵبونی دەزگا سیخوڕییەکان، نەک هەر سی ئای ئەی بەڵکو ئیتلاعات و میت و دەزگاکانی تری ناوخۆیی بەپاوانکردنی سیاسەت، هۆکاری ئەوەیە کەئامانجی سەرەکی سیاسەت بریتیە لەتیرۆری شەخسی، تۆقاندن، هێرش و ناشیرینکردن، لەبری خزمەت و بونیادنان و حوکمەتداریی و دەوڵەتداریی.

کاتێک سیاسیەکانی ئەم ناوچەیە بەپاڵپشتی ئەم هێزانە دێن و لەدونیای تاریکی ئەم هێزانە بەئاگادەبن، ئیتر ئەستەمە بۆیان پەیوەندییەکی ئاسایی و مرۆییان بەدونیاوە هەبێت. ئەوان دەبنە سەروەرە ئاژەڵەکە کە لەنێوان خودایەتی و دڕندەیەتیدا جۆلانێ دەکەن. خودایەتی لێرەدا بەمانای موتلەق و رەهاگەرایی خۆ بەباڵازانتر لەخەڵک.

ئەم جۆرە خەسڵەتانە دەبنە بنەمای ئەوەی کە لەنێوان کەسی سەرکردەو ئەوانیتردا بەهیچ شێوەیەک باوەڕو سیقە نەمێنێت. دیارە ئێستا نهێنی نیە کە سێ سەرۆکی ئەمریکی واژۆیان لەسەر گۆڕینی سەدام کردبوو، لەم پێناوەدا سی ئای ئەی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوو کە لەنێو سوپای عێراقیدا ئەفسەر تەجنید بکات بۆ ئەم مەبەستە. ئەم واقیعە دەبێتە بنەمای ئەوەی کە سەدام هەمیشە لەنێوان سیقەپێکردن و ترسی خیانەتدا هەڵبەزو دابەز بکات. ئەمە لەئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانێت بڕوا بەکەس بکات. رەنگە ئەمە یەکێک بێت لەبنەماکانی بەخێزانی بوون و عەشیرەتگەرێتی سیستەمەکەی. چونکە سیستەمێکی وەها هەمیشە لەسەر بنەمای دوو جۆر لەکەسایەتی کار دەکات، یەکەم، کەسێک کە وەلائی تەواوی هەبێت لەگەڵ کەسێکدا کە شارەزایی تەکنیکی پێویستی هەبێت بۆ حوکمداریی.

لەهەردوو دۆخەکەدا ئەوەی دەگوزەرێت حوکمداریی نیە، بەڵکو بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی زیاتری کەسی سەرکردە یان سەروەرە. ئەمە وەها دەکات کەکەسێکی وەک سەدام و زۆرێکی تریش، هەرگیز گفتوگۆی سیاسی یان جەدەلی سیاسی لەگەڵیاندا روونەدات. لەئەنجامدا کەسێکی سیاسین بەبێ پیادەکردنی سیاسەت، بەڵکو جۆرێک لەفەرمانی ئیلاهی. هەمومان لەبیرمانە لەعێراقدا دروشمی وەک اذا قال صدام قال العراق، بوونی هەبوو.

خەسڵەتێکی تر کەکەسانێکی وەک سەدام بەدەستیەوە دەیناڵاند، هەروەها زۆربەی دیکتاتۆرەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، ترسە. ترس نەک بەو مانایەی کەهەمیشە لە دۆخێکی ترسدا دەژین، یان ژیانی ئاساییان نیەو ئیرەیی بەئاسایی بوون دەخوازن، بەڵکو بەوەی ئەوانەی لەدەورین لێی دەترسن. ئەم ترسە رەنگە لەشێوازی رێزو پیادەکردنی جۆرێک لەزمانی كورسی دەسەڵاتیدا بەرجەستە بێت، بۆ نموونە لە بەغدای ئێستا هەموو وەزیرو کەسە باڵاکان بەدەوڵەت الوزیر یان دولت الرئیس بانگ دەکرێن و جۆرێک لە مامەڵەی سوڵتانی لەگەڵیاندا هەیە. لەکوردستانیش لەمۆدێلی میر و ئەزبەنی و شازادەدا دەیبینین.

لەپەیوەندی ترسدا کەسی لێترساو ناتوانێت لەدونیا بگات. ئەمەش کێشەی سەدام بوو. سەدام هەموو ئەوانەی لەدەوری بوون لێی دەترسان، بۆیە نە راستییان پێدەگووت و نە دەیانتوانی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن. ئەمە لەئەنجامدا کەسی سەرکردە نەخۆش دەخات. چونکە هەمیشە دەنگدانەوەی قسەکانی خۆی دەبیستێت لەبری دیدو رایەکی جیاواز کەوەهای لێبکات بەخۆیدا بچێتەوە یان رایەکانی دەوڵەمەند بکات. کەسی لەمجۆرە لەقسەکردنیدا هەمیشە فرەوێژە، خۆی دووبارە دەکاتەوە، تێکەڵییەکی زۆر هەیە لەنێوان راڤەی واقیعی، تیورەی پیلانگێڕیی، لەگەڵ وڕێنە لەقسەکانیدا.

خەسڵەتێکی تر کە لەکەسی دیکتاتۆردا بوونی هەیە، نەبوونی توانای گوێگرتنە. کەس هێندەی دیکتاتۆر عەشقی درێژدادڕی نیە. سەدام بەچەندین کاتژمێر قسەی دەکرد. ئەمە کاتێک بەتایبەتی لەپەیوەندی دەرەکیدا دەبێتە کێشە، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئەمریکا. بۆ نموونە کاتێک سەدام باڵوێزی ئەمریکی لەعێراق ئەپریل گلاسپی بانگهێشت دەکات، پێش هێرشی بۆ سەر کوێت، سەدام ماوەی چل و پێنج خولەک بۆ دیدارەکە دیاری دەکات، لەکاتێکدا زۆربەی کاتەکە خۆی بەتەنها قسە دەکات. پاشان ئەو هەرایەی لێکەوتەوە کە روویدا، بەوەی ئەمریکا ناڕوون بووە لەڕێگریی لەسەدام بۆ گرتنی کوێت و سەدام ناڕوونییەکەی بەگلۆپی سەوز تێگەيشتووە.

لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە شایستەی ئاماژەپێدانە ئەویش تایبەتمەندی زمانی پەیوەندیککردنی دیپلۆماسییە. زمانی دیپلۆماسی ئەمریکا هەرگیز راشکاوانە نیە. سیاسییە عێراقی و کوردەکانیش لەزمانی راشکاوی زەق نەبێت تێناگەن. ستیڤ کۆڵ دەڵێت ئەگەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆو زەق هەبوایە بۆ نەگرتنی کوێت سەدام ئەو کارەی نەدەکرد، بەتایبەتی کاتێک کە بەند بوو گوتی ئەگەر دژ بەگرتنی کوێت بوون بۆ نەتانگوت.

کاتێک نەرمی یانی ناڕوونی هەیە لەدەربڕیندا ئەوا سیاسی ناوچەکە دەستوبرد بەسوودی خۆی راڤەی دەکات، لەبری هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەکەلتوری تایبەتی زمانی پەیوەندی دیپلۆماسی. دیارە هێزی گەورە پێویستی بەهەڕەشەو قسەی زل نیە. ئەوە لاوازە هەمیشە بەزمانی زبرو قسەی زل پەیامی دەگەیەنێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار