بەرواردێک لە نێوان نەورۆزی بەرخۆدان و یادێکی ساردوسڕی حزبی

8 مانگ لەمەوپێش



  هیوا سەید سەلیم

 مێژوو دەیسەلمێنێت کە نەورۆز چەژنێکی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە، بەڵام زۆربەی نەتەوە ئاری نەژادەکان یادی دەکەنەوە، یونسکۆ وەک دامەزراوەیەکی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشەنبیری سەبارەت بە چەژنی نەورۆز رەتی دەکاتەوە کە نەورۆز بە تەنیا هی گەڵانی ئێران بێت بگرە پێی وایە لەسەر ئاستی جیهان ٣٠٠ ملیۆن کەس ئەو چەژنە بە پیرۆز ڕادەگرێت، بەڵام کورد هەمیشە وەڵامی ئەو ڕایەی یونسکۆ داوەتەوە بەوەی ئەوە گەلی کوردستانە نەورۆزی بە جیهان ناساندووە.

نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز بوو لە ساڵانی دیکە لە هەندەران و سێ پارچەی کوردستان بە شکۆوە نەورۆزی ئەمساڵ وەک چەژن و سەری ساڵی کوردی پیرۆز ڕاگیرا، لە پاڵ ئەوانەشدا ئەو رۆژە کرایە رۆژی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی داگیرکاری و پێشلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بە تایبەت لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکوری کوردستان.

  کوردستانیان لە تەواوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆنەی چەژنی نەورۆزیان قۆستەوە بۆ درێژەدان بە شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) ، تەنانەت لەو شارانەشی کە لە سەردەمی خۆیدا پروشکی ئەو شۆڕشەی پێنەگەیشت بوو لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە رێزگرتن لە قوربانیانی شۆڕشی ژینا و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پۆشینی جلی کوردی ئاگری نەورۆز کرایەوە، لە هەمووشی گرنگتر بۆ رۆژهەڵاتی پیرۆزکردنی چەژن بوو لەو شارانەی کە ساڵانێک بوو مەترسی گۆڕێنی دیموگرافیای لەسەر بوو لە نموونەی ئیلام و ورمێ و زۆر شوێنی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

 هەرەوها رۆژئاوای کوردستان لە ژێر کاریگەری حەماسەتی شۆڕش چەژنی نەورۆزی پیرۆزکرد، خاڵی بەهێزی نەورۆز لە رۆژئاوای کوردستان بریتی بوو لە بەشداری پێکهاتەکانی دیکە لەو یادە نەتەوەیەی گەلی کوردستان لە نموونەی عەرەب و ئاشوری و ئەرمەنەکانی ئەوەێ کە ئەمەشیان خاڵێکی پۆزەتیڤە.

 هەرچی نەورۆزی باکوری کوردستان بوو وەک هەر ساڵێک دیکە نەورۆز لەوێ مانای بەرخۆدان و ئازادی دەدا، ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵی باکوری جیادەکردەوە لە نەورۆزی ساڵەکانی دیکە بریتی بوو لەوەی نەورۆز هاوکاتە لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە ٣١ ئادار لە تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجام بدرێت، پێویستە بووترێت کە دەم پارتی بە باشترین شێوە یادی چەژنی نەورۆزی قۆستەوە بۆ خرۆشانی جەماوەری لەژێر ئاڵای پارتەکەیان، ئەمەیان لە ئاستی ناوخۆ، بۆ ئاستی دەرەوەش نەورۆزی ئامەد کرایە دەرفەتێک کە کورد بە جیهان بڵێت کە ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازی زوڵملێکراوین، دەمانوێت لەگەڵ تورکیا کێشەکانمان بە ئاشتی چارەسەر بکەین، بۆیە کاتێک لەیلا زانا دەنگی ئاشتیخوازانەی کوردی لەسەر سەکۆی مەیدانی نەورۆز بەرزکردەوە بەسەدان هەزار کەس لە ئاهەنگگێرانی نەورۆزی ئامەد بانگیان بۆ ئاشتی ڕادێرا. 

دواجار دێین هەڵوەستەیەک لەسەر نەورۆزی باشور و هەرێمی کوردستان دەکەین و بەراوردی دەکەین بۆ خرۆشانی نەورۆزی پارچەکانی دیکەی کوردستان،  دەبینین لە باشوری کوردستان ئەو هەستە نەتەوەیەی جاران بۆ بۆنەیەکی وەک چەژنی نەورۆز نەماوە، ئەوەشیان بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە باشور قۆناغی رزگاری داگیرکەرانی تێپەڕاندووە بە بەراورد بە پارچەکانی دیکە، هۆکارە هەرە سەرەکیەکەی  ئەوەیە لە بەشیکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ڕیوڕەسمی یادکردنەوەی نەورۆز لە لایەن دەسەڵاتداران دەکرێتەوە، بۆیە نیگەرانیەکانی خەڵک لە دەسەڵات هۆکار بووە بەوەی بۆنەیەکی نەتەوەیی وەک نەورۆز وەک پێویست لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لێنەکرێت، رێوڕەسمی ئاگرکردنەوەی شاری ئاکرێی لێدەرچێت کە ئەویان ستایلێکی جەماوەری ناوچەکەی وەرگرتووە، باقی یادەکانی دیکە بگرە وەک رێوڕەسمێکی ساردو سڕی حزبی پێشوازی لێکرا، .

 لەوانەیە بووترێت کە نەورۆز هاوکاتە لەگەڵ مانگی رەمەزان بۆیە وابووە، بەڵام خۆ ئەو بیانووە بۆ پارچەکانی دیکەش هەر هەبوو بۆ لەوێ نەورۆز بریتی بوو لە خرۆشانی جەماوەری و لە هەرێمی کوردستان جۆرێکی دیکە بوو؟

 پرسیارێکە وەڵامەکەی وەک سەدان پرسیاری دیکە لە لای دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، کە بەرپرسن لە کووشتنی حەماسەتی خەڵک بە تایبەت لەبەرامبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار