بۆچی ئێران لەزۆربەی ئاڵەنگارییەکاندا تێوەگلاوە؟

3 هەفتە لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

 

لەگەڵ دەستپێک و بەردەوامیی شەڕی غەزە، ئەو رۆڵەی ئێران لەو جەنگە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیگێڕێت، سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

ئێران سەرەڕای  پشتیوانی لەبزووتنەوەی حەماس لەململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هێرشی کردەسەر عێراق و سوریاو پاکستان وهەروەها  روسیاش بەشێوەیەکی بەرچاو سوودی لەدرؤنەکانی ئەو وڵاتە لەهێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیادا بینیوە.

هەرچەندە ئێران تێوەگلانی خۆی لەهەندێک هێرشی وەک پەلاماری ئیسرائیل لە لوبنانەوەو  هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەئوردن و هەروەها هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی رۆژئاوا لەدەریای سوور لەبنکەکانی یەمەنەوە رەتکردووةتەوە، ، بەڵام گروپە ميلیشیاکانی  سەر بەئێران راستەوخۆ بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشاندا راگەیاندووە.

 

ئەم گرووپانە کێن و رۆڵی ئێران لەم ململانێیانەدا چییە؟

لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەیەکی زۆر گروپی چەکدار هەن کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە، لەوانە حەماس لەغەزە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لەیەمەن و گروپەکانی دیکە کەبنکەیان لەعێراق و سوریاو بەحرەیندا هەیە.

وڵاتانی رۆژئاوا زۆرێک لەو گرووپانەیان کە بە “بەرەی بەرگری” ناسراون، وەک گرووپی تیرۆریستی پۆلێن کردووەو بەگوتەی عەلی فایز، شارەزا لەکاروباری ئێران ، ئەم گرووپانە یەک ئامانجیان هەیە کەبریتییە لە « پاراستنی ناوچەکە لە هەڕەشەکانی ئەمریکاو هەڕەشەکانی ئیسرائیل».

بەرای فایز، ئەمەریکا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئێران و مەترسی دووەمیش بریتییە لەئیسرائیل کەئێران وەک بریکارێکی ئەمریکی لەناوچەکەدا سەیری دەکات و دەشڵێت: «ئێران ئەم تۆڕە ميلیشیاییە گەورەیەی لەناوچەکەدا دروستکردووە  تا بەو جۆرە هێزی خۆی پیشانی ئەمریکاو ئیسرائیل بدات».

هەرچەندە دوابەدوای هێرشە درؤنییەکەی 28ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024  لەئوردن کە بووەهۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، ئێران رەتیکردەوە لەپشت ئەو هێرشەوە بێت، بەڵام بەرخۆدانی ئیسلامی سەر بەئێران، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.

دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر کە بووەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی غەزە، ئەوە یەکەمجار بوو سەربازانی ئەمریکی لەهێرشەکانی ناوچەکەدا بکوژرێن، هەر لەبەرئەمەش جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا گوشارێکی زۆری لێکرا تا تۆڵەی کوژرانی سەربازە ئەمەریکییەکان بکاتەوە.

هەر لەبەر ئەو گوشارانەش ئەمریکا دوای هەفتەیەک هێرشی کردەسەر هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەعێراق و سوریا، دواتر ئەمریکاو بەریتانیا هێرشی هاوبەشیان کردەسەر ئامانجەکانی حوسی لەیەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

هەرچەندە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر دوا جەنگی ئێران لەناوچەکەدا تێدەپەرێت بەڵام زۆرجار ئەم وڵاتە لەپشت پەردەی ئالەنگارییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت.

هەروەک باسکرا زۆرجار ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە راستەوخۆ دەستی لەگەڵ بریکارەکانی لەناوچەکەدا تێکەڵ کردبێت، بەڵام تاران هەر لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئەو وڵاتەوە، واتە ماوەی 45 ساڵە پشتیوانی لەگروپە چەکدارەکانی ناوچەکەی کردووەو هەر لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە ئەم پشتگیرییە بووەتە بەشێکی دیاری ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی رژێمەکەی ئێران.

 

مێژووی ئێران و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەمریکا

دوو رووداو لەمێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەن کەیارمەتیدەرن بۆ روونکردنەوەی پێگەی ئەو وڵاتە لەناوچەکەداو پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ئەمریکا کەبریتین لە:

یەکەم / شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 کە بووەهۆی دابڕانی ئێران لەڕۆژئاوا

دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و بەبارمتەگرتنی 52 دیپلۆماتکاری ئەمەریکی لەو وڵاتە، ئیدارەکەی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا نزیکەی یەک ساڵ هەموو تواناوهەوڵێکی خۆیان لەپێناو ئازادکردنی ئەو دیپلۆماتکارانە خستەگەڕو دواجار رایەک لەناو ئیدارەی واشنتۆندا درووست بوو کەدەبێت ئێران لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیربکرێت و هەروەها سزای تووندیشی بەسەردا بسەپێنرێت.

هەر ئەمەش وایکرد ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاوادا دژی ئێران  پشتی عێراق و سەدام حسێن بگرن.

دووەم /  شەڕی ئێران و عێراق

لەدوای جەنگێکی هەشت ساڵەی خوێناوی دواجار بەبەستنی ئاگربەستێک لەنێوان ئێران و عێراق ئەو جەنگە کۆتایی هات، بەڵام لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا هەردوو وڵات باجێکی زۆریان داو نزیکەی ملیۆنێک کەس لەهەردوولا بریندارو کوژران و ئابووری ئێرانیش بەتەواوی وێران بوو.

ئەم جەنگە بووە وانەیەک بۆ ئێران و کاربەدەستە باڵاکانی ئەو وڵاتە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کەپێویستە تاران لەڕێگەی چەند ستراتیژو تاکتیکێکەوە رێگە بەهەر جۆرە لەشکرکێشییەک بگرێت کە رەنگە لەداهاتوودا بکرێتە سەری و یەکێک لەپلانەکانی ئەو ستراتیژییەش بریتییە لەبەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران و دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی ميلیشیایی.

دوابەدوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان لەساڵی 2001و عیراق لەساڵی 2003و هەروەها راپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011، ئەم بۆچوون و ستراتیژییەی لەلایەن ئێرانییەکان زیاتر بەهێزکرد.

 

ئێران چی دەوێت و بەنیازی چییە؟

بێگومان لەڕووی توانای سەربازییەوە ئەمەریکا زۆر لەپێش ئێرانەوەیەو بە رای چاودێرە سەربازیەکانیش ئەم بابەتە هۆکارێکی سەرەکییە کەئێران لەپێناوی مانەوەی خۆیدا ستراتیژییەتی بەرپەرچدانەوە پیادە بکات.

هەرلەمبارەیەوە ئەلێکس ڤاتانکا-ی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران لەئینستیتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: « جەنگ کردن لەگەڵ ئەمەریکا دوا بژرادەیە کەئێران و بەرەی بەرگری هەوڵی بۆ دەدەن».

هەروەها «ڤاتانکا» پێی وایە ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەخۆی لەڕێگەی ميلیشیاکانییەوە تاکتیکی فشار خستنەسەر بەکاردەهینێت، کەئەمەش ستراتیژییەتێکی درێژخایەنەو مەبەست لێی ماندووکردنی ئەمەریکایە لەناوچەکەدا.

لەلایەن خۆیەوە «کامەران مارتن» پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ساسیکس-ی بەریتانی هاوڕای بۆچوونەکەی «ڤاتانکا»يەو پێی وایە ئێران دەیەوێت لەسەر شانۆی جیهانی  ببێتە هاوکێشەیەکی بەهێز.

هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە ، ئێرانی کۆن کە لەمێژوودا بەوڵاتی فارس ناسراوە، رابردوویەکی پرشنگداری هەیەو زیاتر لەدوانزدە سەدە لەناوچەکانی  رۆژئاوای ئاسیادا باڵادەست بووە، هەر لەبەر ئەو رابردووەش ئێرانییەکان پێیان وایە کەدەبێت رۆڵێکی کاریگەرو گەورەیان لەسەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەبێت و بەتایبەتیش کەجگە لەلایەنە سیاسییەکە ئەوا خاوەنی کلتوورو ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندیشن و هەر ئەم باوەڕەش بووەتە سووتەمەنییەکی باش بۆ پەلهاویشتنی ئێران بەناوچەکەدا.

 

ئێران تاچەند کۆنتڕۆڵی هەیە؟

«یاسەمەن ماسەر»ی چالاکوانی سیاسی و توێژەری ئیرانی لەزانکۆی ئۆکسفۆرد پێی وایە کەئێران لەئێستادا کۆنترۆڵێکی ئەوتۆی بەسەر بریکارو ميلیشیاکانی لەناوچەکەدا نەماوە.

ئەم چالاکوانە سیاسییە هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بەنموونە دهێنێتەوەو دەڵێت: «هەڵەیە گەر بڵێین حوسییەکان بەتەنها فەرمانەکانی ئێران جێبەجێ دەکەن، بەڵکو ئەوان بۆ خۆیان خاوەنی ئەجیندایەکی تایبەتن و لەڕێی پیادەکردنی ئەو ئەجیندا تایبەتەش بەنیازن خۆیان وەک هێزێکی گەورەو پۆڵایین لەناوچەکەدا بناسێنن، نەک تەنها وەک ميلیشیایەکی سەر بەئێران».

لەمبارەیەوە «عەلی فایز» تەواو هاوڕایە لەگەڵ قسەکانی یاسەمەن و پێی وایە ، کێشەی ئێران لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کەکۆنترۆڵێکی تەواوی بەسەر تۆڕی ميلیشیاکانیدا نییەو هەر ئەمەش بۆتە هۆکارێک تاسیاسەتی هەرێمایەتی خۆی بسپێرێتە کۆمەڵێک کارەکتەری نادەوڵەتی.

بەبۆچوونی عەلی فایز زۆرجار وڵاتان زیادەڕەوی لەتواناکانی ئێراندا دەکەن، «وڵاتانی دەوروبەری ئێران پێیان وایە کەئەو وڵاتە داڕێژەرە سەرەکییەکەی یارییە سیاسییە شەترەنج ئاساکەی ناوچەکەیە، بەڵام دەبێت بزانین ئێران و گشت هاوپەیمانەکانی نەیانتوانیوە هیچ کام لەئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانیان بەدەستبهینن، هەر لەناچارکردنی ئیسرائیل، بگرە سەبارەت بەبەستنی ئاگربەست لەغەزە و تادەگاتە دەرکردنی ئەمەریکا لەناوچەکە».

هەروەها «فایز» باس لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش دەکات و دەڵێت: « بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەئێستادا لەچاو 20 ساڵ لەمەوپێش پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو لەڕاستیدا ئەمە خۆی لەخۆیدا مەترسییە راستەقینەکەیە بۆ سەر ئیسرائیل و رۆژئاوا، نەک گروپ و ميلیشیاکانی سەر بەئێران».

 

جەنگی جیهانی سێیەم

لەگەڵ بەرفراوانتربوونی هێرش و پەلامارەکان لەهەموو ناوچەکەدا ئەوا سێرچ لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانیش زیادی کردووە.

«ڤاتانکا» لە ئینستۆتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە، دەبێت ئێران بەوریاییەوە جووڵە بکات، چونکە فشارە ناوخۆییەکانی ناو وڵاتەکەی و ناڕەزایی هاووڵاتیان گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی و لەم چەندساڵەی دواییشدا ژنان بوون بەسەرقافڵەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دژ بەڕژێمی تاران.

«خەڵکی ئێران زۆر تووڕەن و بۆیان گرنگ نییە کەئێران لەناوچەدا خەریکی چییە» ڤاتانکا وادەڵێت.

بەهەمان شێوەش رۆژئاوا ئارەزووی هیج جۆرە بەریەککەوتن و شەڕێک لەگەڵ ئێراندا ناکات ، «ئیلی گێرانمای»، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: « بیگومان سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ناتوانیت بەرگەی فشاری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەم جۆرە بگرێت بەتایبەتیش کە لەئێستادا لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمەریکا نزیک دەبینەوەو هەروەها ئیسرائیلیش لەتوانایدا نییە کەوەک پێویست خۆی لەمەترسی هڵگیرسانی جەنگەکە بپارێزێت بەتایبەتیش کە قورساییەکەی لەئێستادا لەئەنجامی هەڵگیرسانی جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەغەزە  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو لاوازی چووە».

«گیرانمای» پێی وایە ، «ئەمەریکا و ئێران لەجیاتی رووبەێووبوونەوەی راستەوخۆی یەکتر، ئەوا ميلیشیاو بەکرێگرتەکانی خۆیان لەناوچەکەدا بۆ بەئامانجگرتن و لێدانی یەکتر بەکاردەهێنن و لەکاتێکدا بەدەستێک لەیەکتر دەدەن ئەوا لەهەمان کاتدا دەستەکەی تریان لەپشتی خۆیان بەستۆتەوە تا بەو جۆرە رووبەڕووبوونەوە و جەنگی راستەوخۆ لەنێوانیاندا روونەدات، چونکە پێشهاتێکی لەو جۆرە لەتواناو بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا نییەو دەرئەنجامەکانی زۆر مەترسیدار دەبن».

بەڵام سەرەڕای ئەمەش «گیرانمای» پێی وایە گەر ئاوڕێک لە رووداوەکانی 10 ساڵی رابردوو بدەینەوە کەزۆر «مەترسیدارو ئاگراوی «بوون، ئەوا دەبێت ئەو هۆشدارییەش بدرێت کە گەر بێتوو «دیبلۆماسییەتێکی جددی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەکەوێتە گەڕ، ئەوا دوورنییە رووداوەکان واشنتۆن و تاران بەرەو رێگەچارەی سەربازی راستەوخۆ پەلکێش بکەن، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنێک لەلایەنەکان بەوریایی و ژیری هەڵسوکەوت نەکەن، رەنگە پێشهات و رووداوەکان زۆر لەپێشهات و رووداوەکانی ئێستا پەرەبسێنێت و ناوچەکە بسووتێنێت».

سەرچاوە: بی بی سی فارسی

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار