موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: هێرشەکانمان دەستپێدەکەینەوە

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هێرش بكاته سه‌ر‌‌ ناوخۆی عێراق و یاخوود وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، راسته‌وخۆ وه‌ڵامیان ده‌بێت و هێرشەکانیان دەستپێدەکاتەوە.

موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لەبارەی ئەو دۆخەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە ئەمڕۆ هەینی، 12ی نیسانی 2024، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و رەخنەی تووندیش لە حکومەتی عێراق دەگرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گۆڕینی ناوی هێزی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانان و هه‌ر ناوێكی دیكه‌، هیچ به‌هایه‌كی نییه‌ و بووه‌ته‌ بارێكی قورس بۆسه‌ر سینگی عێراقی بریندار وئه‌مه‌ریكا سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی عێراقیشی پێشێل كردووه‌ و جیا له‌ كۆنترۆڵی بڕیاری سیاسیش".

روونیشیكردووته‌وه‌، به‌هۆی پاڵپشتی واشنتن بۆ ئیسرائیل، رۆژ له‌ دوای رۆژ رێژه‌ی تاوان و كۆمه‌ڵكوژییه‌كان زیاد ده‌بن.

هۆشداریشیدا، "هه‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن ئیسرائیل یاخوود ئه‌مه‌ریكا بكرێته‌سه‌ر عێراق یاخوود وڵاتێكی دراوسێ، وه‌ڵامی راسته‌وخۆمان ده‌بێت و هێرش ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ده‌ستمان ده‌یگاتێ".

بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی 1ی نیسانی ئەم ساڵ هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و حەوت ئەفسەر و راوێژکاری سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەو وڵاتە دەکەن و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن. 

ئیسرائیلیش دەڵێت، وەڵامی بۆ هەر هێرشێکی ئێران دەبێت.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییه‌كانی دوو بەرپرسی باڵای ئەمه‌ریكا و ئیسرائیل، كە قسەیان بۆ كه‌ناڵی سی بی ئێس نیوزی ئه‌مه‌ریكی كردووە، ئێران ئامادەكاری تەواویكردووە و دەیەوێت لە رێگەی زیاتر لە 100 درۆن و ده‌یان مووشه‌ك هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل و ئەمەریکا شانبەشانی یەکدی دەوەستنەوە و "دوژمنانمان نەک ناتوانن ئێمە لێک جیا بکەنەوە، بەڵکو پەیوەندیمان بەهێزتر بووە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار