ئەمرۆ عێراق و ئەمەریکا تاوتوێی چەند دۆسییەکی گرنگ دەکەن
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وا بریارە ئێوارەی ئەمرۆ دوشەممە ، محەمەد شیاع سودانی و جۆبایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆببنەوە و لەبارەی چەند تەوەرێکی جیاوازی ئابووری و سیاسی و ئەمنی گفتۆگۆ بکەن.
هەروەها وا بریارە رێکارەکانی کاراکردنەوەی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات تەوەرێکی دیکەی گفتۆگۆکانی نێوان هەردوولا بێت.
لەلایەکی دیکەوە بە پێی پرۆتۆکۆڵی سەردانەکەی "سودانی" سەرۆک وەزیرانی عیراق ، بەر لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا ، لەگەڵ "ئەنتۆنی بلینکن"ی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە و دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەشی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا ، لە پنتاگۆن لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆببێتەوە.
هاوکات لە میانەی سەردانەکەیدا دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سودانی لەگەڵ رەوەندی عێراقی لەو وڵاتە کۆبوەوە و رایگەیاند، کار لەسەر دامەزراندنی فەرمانگەیەک دەکرێت بۆ کاروباری کۆچبەران و راشیگەیاند، بە بەهای پێنج ملیار دۆلار یاداشتنامە لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی ئەمەریکا ئیمزاکراوە و دەستیان بە پڕۆژەکانی پەیوەست بە پاڵاوگەکان کردوە و ساڵی 2024 دوا ساڵ دەبێت بۆ هاوردەکردنی وەرگیراوەکانی نەوت.
هەر لەو دانیشتنەدا سەبارەت بە سزای سەر بانکەکانی ئەمریکاش لە عێراقیش سودانی رایگەیاند؛گەنجینەی ئەمەریکا تێبینییەکانی لەسەر کاری بانکەکان تۆمار کردوە لە ساڵانی پێشودا، نەک لە سەردەمی حکومەتی ئێستادا کە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی پەسەند کردوە.
ناوبراو باسی لە هەردو پرۆژەی رێگای گەشەپێدان و بەندەری فاو کرد و وتی: ئەو دو پرۆژەیە عێراقێکی نوێ دروست دەکات، رێگای گەشەپێدان هەرزانترین و خێراترین پڕۆژەیە بۆ گواستنەوەی کاڵاکان، و یەکەم بنەماکانی بەم زوانە لە کاتی سەردانیەکەی سەرۆکی تورکیا واژۆ دەکرێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و، بڕیارە ئەمڕۆش لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
هاوکات بڕیارە لە درێژەی کۆبونەوەکانیدا لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگی وەک ، رێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات و چەند دۆسییەکی بازرگانی و ووزە و وەبەرهێنان و پەروەردە و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و گەراندنەوەی پارە دزراوەکانی عیراق ، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.