ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر کەمپی رەفحە 14 منداڵ دەکوژێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/هەوراز حوسێن

شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە باشووری غەززە کردووە و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 14یان منداڵبوون.

رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەکاتی شەودا بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە غەززە کردووە کە نزیکەی 2 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی تێیدا ئاوارەن.

پزیشکانی نەخۆشخانەی کوەیتی رایانگەیاندووە، بۆردوومانەکە بە دوو جار روویداوە؛ لە جاری یەکەمدا پیاوێک و هاوژینەکەی و منداڵێکی 3 ساڵانیان کوژراون. ژنەکە دووگیان بووە و توانراوە منداڵەکە بە زینوویی لە سکی دایکە مردووەکەی دەربهێنن.

لە بۆردوومانی دووەمدا 13 منداڵ و 2 ژن کوژراون کە هەموویان سەر بە یەک خێزان بوون.

بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا بۆ سەر کەمپی رەفحە لەکاتێکدایە، شەوێک بەر لەم بۆردومانانەش، لە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەدا 9 کەس لەو کەمپە کوژراون کە 6یان منداڵ بوون.

بە گوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکانی غەززە، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 34 هەزار فەڵەستینی و برینداربوونی زیاتر 76 هەزار و 901 کەسی دیکە. ئەمە جگە لەوەی 80٪ی خەڵکی غەززە ئاوارەی نێوخۆی کەرتەکە بوون.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوای ئەوە هات، 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو چەکدارانی حەماس هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد و 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلییان کوشت و 250ی دیکەشیان بە بارمتە گرت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار