وەزیری پلاندانانی عێراق: لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا سەرژمێری گشتی ئەنجام دەدرێت

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام دەدرێت، ئاماژە بەوەشدەکات سەرژمێری ئەزموونی لە مانگی ئایاردا ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2024، رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە، محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە "هەژدەهەمین کۆنفرانسی زانستی بەکارهێنانە ئامارییەکان" راگەیاندووە، "لە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام دەدەین و لە پرۆسەکەدا 120 هەزار کارمەند بەشداردەبن و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی پەرورەردە رێککەوتنمان کردووە بۆ ئامادەکردنی ئەو کارمەندانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەنها شەش مانگ ماوەی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە و ئامادەکارییەکان بەردەوامن و ئەرکی زۆرمان لەپێشە، هەروەها بۆ قۆناغی ژمارەلێدان و جیاکردنەوە ماوەی دوو مانگمان پێویست دەبێت".

وەزیری پلاندانانی عێراق وتویەتی، "ئەم سەرژمێرییە یەکەم سەرژمێری ئەلیکترۆنی دەبێت لەسەر ئاستی عێراق، رەنگە دوا سەرژمێری بێت، دوای ئەوەش وڵات پێویستی بە سەرژمێری نییە بە مانا هەمەلایەنەیەکەی، بەڵکو ئێمە ڕازی دەبین بە نوێکردنەوەی داتاکان بەپێی بنەمایەکی فراوان و گشتگیر".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار