هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و پرسی چەکی دژە درۆن

2 هەفتە لەمەوپێش



ئارام رەفعەت

جارێکی تر کێڵگەی کۆرمۆر بووە ئامانجی هێرشی دڕۆن. دەیانبارە بوونەوەی هێرشی درۆن لەباشور پێمان دەڵێت، کە ئیتر گەلی باشور ئیتر لەگەڵ درۆندا دەژین و چیتر ئەم هەرێمە شوێنێکی ئاساییش و سەقامگیر نییە، نە بۆ هاوڵاتیانی و نە بۆ پرۆژە و سەرمایەگوزاری ستراتیژی و درێژخایەن.

بەرەی جەنگی رووس- ئۆکرانیای لێدەربچێت، هیچ وڵاتێکی تری جیهان، هێندەی باشور نەبۆتە کێڵگەی تاقیکردنەوەی هێزە درۆنییەکانی ناوچەکە و باڵادەستی وڵاتان بەسەر هەرێم یان وڵاتێکەوە لە رێگای درۆنەوە.

رۆڵی درۆن لە ئێستای باشوردا هاوشێوەی رۆڵی "راف"، واتە هێزی ئاسمانی شانشینی بەریتانییایە، لە سەرەتای سەدەی بیستدا.

ئەوسا بەریتانیا لەرێگای هێزی ئاسمانییەوە کۆنترۆڵی باشوری کرد و حکومەتەکەی مەلیک مەحمودی روخاند و کوردستانی کردە ژێردەستەی عێڕاقییەکان.

ئێستا هێزی درۆنی هەریەک لە فارسەکان و تورکەکان هەمان رۆڵ دەبینن. بۆ مانەوەی هەرێم، سیستەمی دژە درۆن، یان زۆر بەسادەیی چەکی دژە درۆن پێداویستییەکی حەیاتییە بۆ هەرێم.

پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە بۆچی هەرێم بیر لە بەدەست هێنانی سیستەمی بەرگری دژە درۆن ناکاتەوە.

رەنگە وڵامەکەی ئەوە بێت، ئەم سیستەمە پێشکەوتووە دەست ناکەوێت، یان بۆ کاراکتەرێکی نادەوڵەتی ئەستەمە بەدەست هێنانی. رەنگە زیندووترین نموونە بۆ پشتیوانی ئەم ئەم پاساوە، ئەرمەنستان بێت.

سەرەرای ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و مافی بەدەستهێنانی سیستەمێکی بەرگری لەوجۆرەی هەیە، بەڵام لە ئاست تەکنەلۆژیای درۆنی تورکەکان و سەرەنجامیش لەئاست داگیرکرندوەی ناکارنۆ کارەباخ لەلایەن ئازەرییەکانەوە دەستەوەستان بوو.

بەڵام ئێمە ئەزموونێکی نزیکتری ئیجابیمان هەیە. ئەزموونی تەڤ_گەری باکور.

لە نەورۆزی ئەمساڵدا، قە_رە_یە_ڵان رایگەیاند کە ئەوان سیستەمی دژە دۆنییان دەستخستووە.

وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو بانگەشەیە، تەڤ_گەرەکە رایگەیان کە لەماوەی ساڵێکدا، سیستەمی دژە درۆنی تەڤگەر ١٥ درۆنی خستۆتە خوارەوە. راگەیاندنەکە وردەکاری جۆری درۆنەکان و شوێن و کاتی خستەخوارەوەشیانی ئاشکرا کردبوو. کە بریتی بوون لە:

شەش درۆنی تی بی توو بایراکتار،

پێنج درۆنی ئانکا،

دوو درۆنی ئاکینجی،

دوو درۆنی ئاکسونگور.

لەبەر ئەوەی خستنەخوارەوەی ئەم درۆنانە لەهیچ سەرچاوەیەکی بێلایەنەوە نە تەئکیدی لێکراوەتەوە و نە رەتکراوەتەوە، ئێمەش بە گریمانەی وەردەگرین.

بەم پێیەش، ئەگەر گریمانەکە راست بێت، ئەوا ئەو سیستەمە دژە درۆنییەی کە تەڤ_گەر بەدەستی خستووە، هێندە پێشکەوتووە کە توانای ئیحتیواکردنی سەرجەم هێزە درۆنییەکەی تورکەکانی هەیە. لەوانەیش تی بی توو بایرەقدار، کە تورکەکان بە تاجی سەری پیشەسازی جەنگی خۆیانی دەزانن.

بایرەکتار، کە توانی فرینی لە بەرزایی ٤٠ هەزار پێ هەیە، بە یەکێک لە سەرکەوتوو ترین جۆری درۆن هەژمار دەکرێت.

رۆڵی بایرەکتار هەم لە جەنگی کاراباخدا و هەم لە جەنگی ئۆکرانیادا بەرجەستە دەبێت. هەر ئەمەشە وایکردووە، کە سەرەرای گرانی بایرەکتار کە ٥ تا ٦ ملیۆن دۆلارە بۆ هەر درۆنێک، زیاتر لە ٣٠ وڵات ئەم جۆرە درۆنە بکڕێت. لەوانەش سەعودیە بە گرێبەستی یەک ملیار دۆلار، بە گەورەترین کڕیاری ئەم درۆنە دەژمێردێت.

ئایا هەر بەڕاست تەڤ_گەر سیستەمی دژە درۆنی دەستخستووە...؟

وەڵامێک بە ئەرێ یان نەرێ بۆ ئەم پرسیارە نییە. بەڵام زۆر سەرەداو هەن کە پشتراستی ئەم بانگەشەیەی تەڤ_گەر دەکەن.

یەکەم سەرەداو،

ناچالاکی یان سنوورداری هێزی دژە درۆنی تورکەکان لە هەرێمی مید_یا (قەن_دیل).

ئەگەر هێزی درۆنی تورکەکان لە کاراباخەوە تا دەریای رەش و لە ئۆکرانیاوە تا نایجیریا و لیبیا کاریگەر بێت و هاوسەنگییەکان بگۆڕێت، ئەی دەبێت لە هەرێمی میدیا چۆن بێت؟

بەڵگە نەویستە کە دەبێت کاریگەرترین بێت. لانی کەم بۆ پڕ فرۆشی و بەبازاڕ کردنی ئەم پیشەسازییە جەنگییە.

بەڵام چاودێران تێبینییەکی تریان هەیە.

گوومان دەخەنە سەر چالاکی و کاریگەری درۆنی تورکەکان لەو هەرێمە و تا ئێستا زۆرینەی رەهای چالاکی و گورزی درۆنی تورکەکان لە دەرەوەی هەرێمەدا بووە، لەوانەش چەمچەماڵ و شارباژێڕ و گارا، هتد.

دووەم سەرەداو،

ئەی تورکەکان دەڵێن چی...؟

پەرچەکرداری تورکەکان بەرامبەر "مژدانە"کەی قە_رە_یەڵان لە نەورۆزدا جێگای سەرنج بوو.

یەکەم پەرچەکرداری بانگەشەی تورکەکان بوو بە کوشتنی رۆژدا بیلەن بوو لەرێگای درۆنەوە.

بەڵام رۆژدا بیلەن لە ١٩ی ئادار و لە ناوچەی پێنجوێن کرایە ئامانجی درۆنی تورکەکان، نەک لە هەرێمی مید-یا.

دووەم پەرچەکرداری فەرمی تورکەکان، بانگەشەی گەشەپێدان و پێشخستنی بایرەکدارە لە بایرەکدار ٢ بۆ بایرەکدار ٣.

لەم بانگەشەیەدا، تورکەکان رایانگەیاند کە بایرەکدار ٣ دەتوانێت ٢٧ کاتژمێر بە ئاسماندا بمێنێتەوە کە زۆر زیاترە لە بایرەکتاری ٢.

بەڵام، ئەم بانگەشەیە، ئیحتیوای بانگەشەی تەڤ_گەر ناکات. ئەگەر بانگەشەی تەڤ_گەر راست بێت، ئەوا لاوازی بایرەکدار لەوەدا نییە چەند بە ئاسماندا دەمێنێتەوە، بەڵکو لەوەدایە کە ناتوانێت خۆی لەسیستەمی دژە درۆنی تەڤ_گەر بپارێزێت.

سێیەم سەرەداو، لە راگەیاندکارەکانی نزیکی لە ئەردۆغان و میتی تورکییەوە دێت و میت و رژێمەکەی ئەردۆغان زانیارییان پێ دەدەن، لەوانەش یەحیا بۆستان.

لە ٢٢ی ئادار و تەنها یەک رۆژ دوای "مژدانە"کەی قەرە_یەڵان، ئەم یەحیا بۆستانە لە یەنی شەفەق، میدیای سەر بە ئەردۆغاندا ئاماژەی بەوەداوە کە تەڤ_گەر سیستەمی دژە درۆنی کامیکازی ئێرانی دەستکەوتووە. ئەو گومان دەکات کە ئەم تەکنەلۆژیایەی لە رێگای پاڤڵڵ تاڵەبانییەوە دەسکەوتبێت.

ئەم ئیدیعایەی بۆستان ئەگەر وەک دانپێدانانێکی راشکاوی تورکەکان وەربگرین بەوەی تەڤ_گەر سیستەمی دژە درۆنی دەسکەوتووە، ئەوا لەهەمان کاتدا ناراستەوخۆ پشتراستکردنەوەی خستنی درۆنەکانی تورکیایە لەلایەن تەڤ_گەرەوە. کە ئەمەش بە کارەسات هەژمار دەکرێت بۆ پیشەسازی درۆنی تورکی، چونکە زۆر بەسادەیی، ئەگەر کارەکتەرێکی نادەوڵەتی دابڕاوی وەک تەڤ_گەر بتوانێت درۆنی تورکی بکاتە ئامانج، ئەوا ئەو درۆنانە لە ناو سیستەمی سەربازی نێودەوڵەتیدا کاریگەری و ئیعتیباری بەرچاو لەدەست دەدەن.

بەڵام ئیدیعای پیاوەکەی ئەردۆغان، واتە بۆستان، چەند کورتهێنانێکی تێدایە. کورتهێنانی یەکەم ئەوەیە، یەکێک لە بەهێزییەکانی درۆنی تورکی ئەوەیە کە توانای خۆلادانی هەیە لە هەر تەنێکی هێرش بەرەوە. ئەمەش نهێنی بەهەڕەمێنبوونی ئەم جۆرە درۆنەیە. تا ئێستا دیار نییە کە ئێران توانای گەشە پێدانی سیستەمێکی دژە درۆنی لەو جۆرەی هەبێت. ئەگەر توانا و ئاستی پیشەسازی درۆنی ئێرانی بکەینە پێوانە، ئەوا، ئەم گومانە زیاتر دەبێت.

ئەوەی دیارە تەنها سیستەمی میراجی ٥٣٢ی ئێرانییەکان توانای خستنی درۆنی لەو بەرزییەدا هەیە کە بایرەکدار پێی دەگات. ئەم پیشەسازییە ئێرانییەش، هەم بەهۆی کەم تاقیکرانەوەی، هەستیاری و گرانی نرخەکەی ئەستەمە گەیشتبێتە تەڤ_گەر. بەتایبەت، تا ئێستا مەزەندە دەکرێت کە گروپە عێڕاییەکان تەنها سیستەمی دژە درۆنی میراج ٥٢١ی ئێرانی بەردەستە و کە توانای خستنی درۆنە تورکییەکانی نییە.

دووەم کورتهێنانی ئیدیعای ئەم کابرا تورکە لەوەدایە، ئەگەر پاڤڵ تاڵەبانی توانیبێتی ئەم سیستەمە بۆ تەڤ_گەر پەیدا بکات، ئەوا پێشتر بۆ پارێزگاری خۆی و زۆنەکەی و بەتایبەتیش کێڵگەیەکی پیشەسازی وەک کۆرمۆر پەیدا دەکات.

چوارەم سەرەداو دانپێدانانێکی فەرمی لەلایەن بەرپرسێکی تورکەکانەوە.

سایتی میدل ئیست ئای، لەزاری بەرپسێکی تورکەوە دەڵێت پە_کە_کە هەوڵی بەدەست هێنانی تەکنەلۆژیای دژە درۆنی ئێرانی داوە، بەڵام دیار نییە لەرێگای کێوە ئەم تەکنەلۆژیایەی پێگەییشتووە.

میدڵ ئیست ئای زانیاری لە سەرچاوەیەکی ترەوە پەیدا کردووە و دەڵێت پە_کە_کە لەرێگای دوو کەناڵەوە سیستەمی دژە درۆنی میراج کامیکازی دەسکەوتووە.

پێنجەم سەرەداویش هەر لە میدڵ ئیست ئایەوە دێت، بەڵام ئەمەیان سوپرایزە گەورەکەیە. بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیاکە لە هەرێمی کوردستان، تەڤ_گەر جگە لە تەکنەلۆژیای ئێرانی، توانیویەتی تەکنەلۆژیای دژە درۆنی چینیش بەدەست بێنێت.

بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین کە بەڵێ تەڤ_گەر سیستەمی دژە درۆنی پەیدا کردووە، گریمانەی زیاتر ئەوەیە کە تەڤ_گەر تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووتر لە تەکنەلۆژیای دژە درۆنی ئێرانییەکانی لەبەردەست بێت.

پرسیار ئەوەیە بۆچی حکومەتی هەرێم، یان باشتر بڵێم یەکێتی و پارتی هەوڵی بەدەست هێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە نادەن. بۆ ئەوان ئەگەر سەر و سامانی هاوڵاتیانیش گرنگ نەبێت، خۆپاراستنی خۆیان و سەرچاوەی داراییەکانیان، لەوانەش فرۆکەخانەکان و کێڵگە غازییەکان گرنگن.

وەڵام هەر شتێک بێت، دەسکەوتن و دەستنەکەوتنی ئەم تەکنەلۆژیایە نییە. ئەگەر هێزێک دابڕاو و گەمارۆدراوی وەک تەڤ_گەر بەو هەموو سنورداری و رێگرییە هەمەلایەنانەی بەردەمی بتوانێت سیستەمێکی وا پەیدا بکات، بەدڵنیایەوە بۆ هەریەک لە یەکێتی و پارتی، کەدەیان کەناڵی دیپلۆماسی و بازرگانی و سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی لایەنی جۆراوجۆرییان هەیە، زۆر ئاسانترە کە نەک سیستەمێکی دژە درۆنی هاوتای تەڤ_گەر ، بەڵکو سیستەمێکی زۆر پێشکەوتووتریش بەدەست بێنێت.

ئەی بۆچی هەرێم ئەم تەکنەلۆژیایە دەست ناخات...؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار