پەرلەمانی عێراق ھەمواری یەکەمی یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی پەسەند کرد

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی پەسەندكرد، جگە لە سزاى زیندانى لە حەوت ساڵ تا ١٥ ساڵ سزاى مادیش دیاریکراوە.

ئەمڕۆ شەممە 27-4-2024، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی زیاتر لە 170 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1998ی  پەسەند كرد و ناوی یاساكەی لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی گۆڕی بۆ یاسای رووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی.

بەپێی هەمواری یاساکە، هەر کەسێک پەیوەندى دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى “لادانى سێکسى”، سزاکەى کە لەسێدارەدان بوو گۆڕا بۆ 15 ساڵ زیندانیکردن. هەر کەسێک یانەی شەوانە یان شوێن دابین بکات بۆ کاری سێکسی و هەر پیاوێک ژنەکەى لەگەڵ ژنی پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بەمەبەستى سێکسی، هەمان سزا دەیانگرێتەوە. 

بەپێی هەمواری یاساكە، لەشفرۆشی بریتییە لە ئەنجامدانی زینا لەگەڵ زیاتر لە كەسێكدا لەبەرامبەر پاداشتێكدا یاخود بێبەرامبەر و هەروەها لادانی سێكسی یان هاوڕەگەزخوازی بریتییە لە پەیوەندی سێكسی لەنێوان دوو كەس لە یەك رەگەز، نێر و نێر یاخود مێ و مێ.

یاساكە ئاڵوگۆڕی ژنان بەمەبەستی سێكسی وەكو لادانی سێكسی دیاریكردووە و هەروەها نێوەندگیری بە مەبەستی كاری سێكسی و ماڵی لەشفرۆشی قەدەغە كردووە و بەتاوان هەژماری كردووە.

یاساى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى لە ساڵى 1988 دەرچووە و مشتومڕى لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق لەسەر دروستبووە، لە ئێستاشدا نیگەرانیى ژمارەیەک لە وڵاتانى جیهانى لێکەوتووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار