وەڵامی سودانی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دڵخۆشکەر نییە

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لەبارەی وەڵامی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان زانیاری دەخاتەڕوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی ئایاری 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە سەرچاوەیەکی فەڕمی باوەڕپێکراو پێیان راگەیاندم لە کۆبوونەوەیەکدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیەتی ناتوانین تەرخانکاری دارایی بکەین بۆ دامەزراندنی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان".

رۆژی 30ی نیسانی 2024، دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بۆ بەغدا چاویکەوت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەم دیدارە دکتۆر ئالان لیستی هاوپێچی مامۆستایانی وانەبێژی ئاڕاستەی سودانی کرد بۆ دابینکردنی پارەی دارایی پێویست بۆ وانەبێژانی هەرێمی کوردستان تاوەکو حکومەتی هەرێم وانەبێژانی دابمەزرێنێت".

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان وتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی ناوەندە بە نووسراوی فەرمی، هەروەها ئێمەش لەسەرخەتین لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بۆ ئەوەی لە هەمواری بودجەی عێراقدا کە بڕیارە بەم نزیکانە بچێتە پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆ، مافی مامۆستایانی وانەبێژ تێدا دیاری بکرێت".

بۆ دامەزراندنی کۆی مامۆستایانی وانەبێژ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 18 ملیار و 398 ملیۆن و 700 هەزار دینارە کە ژمارەیان 37,734 وانەبێژە .

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار