گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی هەینی 17ی ئایاری 2024، بڵاوکراوەی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە باسی لەوەکردووە، برێت مەک گۆرک، راوێژکاری باڵای ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابراهام پیلی، نوێنەری کاتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، هەفتەی داهاتوو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەربارەی چۆنییەتی بەرگرتن بە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ دەکەن.

بەپێی ئەم راپۆرتە، مەک گۆرک و پیلی، سێشەممە گەیشتوونەتە عوممان و لەگەڵ نێوانیگرە عوممانییەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام دیار نییە کامە بەرپرس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەم گفتوگۆیانەدا بەشداری دەکات.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، مەبەست لەم گفتوگۆیانە روونکردنەوەیە دەربارەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و هەروەها نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەربارەی بەرنامەی ناوەکی ئێران گفتوگۆی لێدەکرێت. 

لە چەند هەفتەی رابردوودا و دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کرد ئێران توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە، نیگەرانییەکان دەربارەی بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران زیاتر بووە.

ئەمە دووەم گەڕی گفتووگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە، بەپێی راپۆرتی فایننشیاڵ تایمز، یەکەم گەڕی گفتوگۆکان سەرەتای مانگی ئازار لە عوممان بەڕێوەچوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار