فرەیی ڕوخساری ئەخلاق و بەهاکانی ئێمە !
6 مانگ لەمەوپێش
محەمەد خۆشناو
ئەگەر ڕاپرسیەک لە کوردستان بکرێت و یەکێک لەو موفرەداتانە بخرێتەڕوو کە کامەیان لە هەموویان زیاتر بەنسبەت ئەوان «بایەخدارن» وەکو ؛ خێزان ، ئایین ، تەندروستی ، ڕەوشت ، دەوڵەمەندی … تاد ، ئەگەر هەندێکی لێدەرکەین کە ئایین و دەوڵەمەندی هەڵدەبژێرێت ، بەڵام لەڕاستیدا تەندروستی و دوای ئەویش خێزان دێت لە ڕیزبەندی پێشەوە ، بەڵام ئایا لە واقیعدا وایە ؟ یان کەلێنێک هەیە لەنێوان « قسە » و « کردار » ئەگەر تەندروستی گرنگترین بەها بێت و لە چالاکی وەرزشیان بپرسین کە تا چەند وەرزش دەکەن و بۆ دەبنە قوربانی ململانێی ناڕاگەیەنراوی نێوان جەستە و عەقل !! کەواتە نەک لە کوردستان بەلکە لە هەموو جیهان بەهاکان چەندین ڕوخساریان هەیە ، ئەوەی کەسەکە دیڵێت جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە بڕوای پێی هەیە ، بەڵام ئەمە لە کلتوورێک بۆ کلتوورێکی تر جیایە ، هەرچەند گووشارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی تووندتربن ناتەبایی لەنێوان کردار و قسە زیاتر دەبێت و ، دووفاقی و دووڕوویی لەسەر حسابی متمانەی یەکتری و کاری بەرهەمهێنی بەکۆمەڵ بڵاودەبێتەوە ، دووڕویی ترسناکترە لە داعش و کۆڕۆنا ، دەرگایان بەرفراوانە ستایش هەیە لەوێنەی سەرزەنشت و پێچەوانەش کە لە هەرێمی کوردستان لەناو هەموو کون و قوژبنێکن بەتایبەتی لەناو حزبەکان و دەسەڵات .
ژیانی ئێمە بێ ئەخلاق ڕاستەڕێ نابێت ، ڕەوشتیش لەسەر ڕاست و هەڵە و قسە و کردار وەستاوە ، ئەگەر ڕاست و هەڵە تێکەڵ بکرێن سنووری نێوان ڕاستی و ناڕاستی کاڵ دبنەوە ، هەر هەڵەیەک یان کارێکی دوور لە بەها و ڕەوشت بکرێت ، پاشان تۆ ئەمە بە کارێکی « ئاسایی » دایبنێیت مانای وایە کە ئەمە نیشانەی خووگرتنە بە هەڵە ، کە دەبینی ئۆتۆمبێلێک لە شەقام پێچەوانەی ئاراستە دەڕوات ، یەکێک دەڵێت « ئاسایی» یە ، یان تۆ لە سڕەی مووچە وەستاوی یەکێک لە پشتە تۆیە یەک مەتر ملی درێژکردووە بەس بۆ ئەوەی بزانی مووچەکەت چەندە !! بەکارهێنانی ووشەی ئاسایی و تەبیعی بۆ وەسفی تەجاوزی ئەخلاقی بڕوابوونە بەوەی کە تۆ ناتوانیت بەرەو پێشەوە بڕۆیت و ڕاستەڕێ بیت ، ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە « هەر لەپیاوی سەرشەقام تا دەگاتە پیاوی سیاسی و ئەوانەی لە لووتکەن » ڕێکناکەوین و ، هەموومان خوومان بە مامڵەکردن لەگەڵ ڕاست و هەڵە و قسە و کرداردا گرتووە ، بەها و ئەخلاق کۆلەکەی بونیاتنان و گەشەسەندن و پێشکەوتنی هەر گەلێکە ، هەموو میللەتێک بەڕەوشتی گەلەکەی دەپێورێت ، مرۆڤ لە جەوهەردا مەنزومەیەکە لە بەها و ڕەوشت ، بەها و ڕەوشت زۆر بایەخترە لە بینایە و پڕۆژەکان ، ئەمە ڕەوشتە پاریزگاری لە بەهای نیزام و خاوێنی و ڕێزگرتنی ئەوانی تر و ، پابەندبوون بە قانون و پاراستنی دارایی و موڵکی گشتی و چێژوەرگرتن لە جوانی و پاراستنی دامەزراوەکان دەکات ، هەست ئەسڵی ئەخلاقە کە هەست نەما ئەخلاق نامینێت ، وەبەرهێنان لە مرۆڤدا بە چاندنی بەها و ئەخلاقی بەرز و زۆر گەورەترە لە وەبەرهێنان لە بەرد ، چونکە بیناکردنی بەرد بێ مرۆڤ هیچ شتێک ناهێنێت ! .
هەریەکێک لە ئێمە مرۆڤی وابینیووە کە لەڕووی ڕەوشتەوە هاودژیەک لەنێوان ڕوالەتی لەگەڵ ڕەفتارەکەیدا هەیە ، بانگەشەی چاکە دەکات و دووڕوە ، دەیبینی زۆر کەسێکی شیرین و دیندارە کەچی دڕندیە !! دوفاقی لە بیر و قسە و کار بزاڤی کۆمەڵگا پەک دەخات و ڕێ لە پێشکەوتن دەگرێت ، قسە بە ئەمەریکا و خورئاوا دەڵێت کەچی کوڕەکەی ناردووە لەوێ دەخوێنێت و چێژ لە بەرهەمە داهێنانەکانیان دەکەن ، لەهەمان کاتیش ڕەفزی پڕنسیپەکانیان و شانازی بە پێچەوانەکەی دەکەن ، ڕاهاتن لەسەر دووفاقی بەهاکان و ڕەفتاری هاودژ وا لە نیشتیمان دەکات بەرەو دواکەوتوویی بچێت ، دەبێت ئێمە دان بە بوونی ئەو تەنگوچەلەمەیە بێنین . حیکمەتێک هەیە دەڵێت ( ڕێگاکە خۆی ئامانجە )