لە چنارتوەوە بۆ کانی تو
6 مانگ لەمەوپێش
عەبدوڵا کۆمەڵە/ بەشی یەکەم
ساڵی ١٩٨٧ تیپی/٢٥ ی خالخاڵان و چەن تیپێکی مەڵبەندەکانی یەک و دوو بۆ ئەنجامدانی چالاکیەک لە گوندەکانی دۆڵی مەرگە چەن ڕۆژێک بوو بارگەو بنەمان لێ خستبوو،ئێمەو بەشێک لەتیپەکانی ٥٧/ ی سەگرمەو ٤٣/ی ئاسۆس و ٦٣/ی جوتیاران لەگوندی (کانی تو)ی بناری چیای کورکور، جێگیر بوبوین.
(کانی تو)گوندێکی کوێستانی، بنارچیای فێنک و سەوزو ئاودارو دڵگیربوو،ڕەزو باخێکی زۆری پڕ لەداری گوێزوهەنجیرو ترێ و هەنارو میوەی جۆراو جۆری هەبوو، چەندین کانی و سەرچاوەی ئاوی فێنک دڵی ئەو دۆڵەیان ئاو دەدا.
لەو سەردەمەدا گوندەکە دەوروبەری پەنجا ماڵێک دەبوو، بە ئارامی پشتی بە چیای(کوڕکوڕ) ەوە دابوو، بەسەنگینیەوە دەیڕوانیە سەر گوندەکانی (سێروان و چنارنێ و ئاوە ژێ و هەڵۆنەو لۆتەر)و تەواوی گوندەکانی ئەو دۆڵە، هەر دەتگوت چیای ئاسۆس و لوتکەی کوڕکوڕ پاسەوانی ناوچەکەیان بە کانی تو سپاردوە.
ئێمە لەدەوروبەری ناوەڕاست یان کۆتایی مانگی ١٠ / ١٩٨٧ بوو کە چووینە ئەوێ، نزیکەی هەفتەیەک بارگەمان لەوێ خست و، لەسایەی ماڵە جوتیارەکانی ئەوێدا وەکو ماڵی خۆمان لێمان داکوتابوو، لەبەرئەوەی ئێمە هێزێکی زۆر بوین لە گوندەکەدا، ئەو هەفتەیە هەر ماڵێک بەبەردەوامی چوار پێنج پێشمەرگەی بەردەکەوت، نان خواردنی بەیانی و نیوەڕۆو ئێوارەمان لەسەر مالەکان بوو، بۆ شەویش قوتابخانەی گوندەکەمان کردبوە بارەگاو لێی دەماینەوە، کەبەیانی ڕۆژ دەبۆوە دۆشەک و بەتانی و سەرینەکانمان هەڵدەگرت و بۆ ماڵی خانەخوێ، یان ڕاستتر بڵێم بۆ ماڵی خۆمان، چوونکە ئەوەنە لەگەڵ ئەو خەڵکە میوان دۆستانەدا تێکەڵ بوبوین، ئێمە وەکو کوڕی ماڵەکە هەڵسوکەوتمان دەکردو ئەوانیش خۆیان لەئاستی ئێمەدا بە خاوەن ماڵ نەدەزانی، ئاخر هەموو ماڵەکانی گوند پێشمەرگەیان تیا بوو، کەس نەیدەتوانی خانەخوێکەی بگۆڕێت چوونکە هیچ شوێنی تری دەست نەدەکەوت تا بۆی بچێ، بەڕۆژیش بۆ خۆ پاراستن لە فڕۆکەکانی ڕژێم لەناو دارە چڕەکانی چەمەکەی بەردەم ئاواییدا خۆمان پەنا دەدا.
منی کوڕە گەرمیانی، بینینی دیمەنی شاخی بەرزو سەخت و، لوتکەی سەر بەتەم و، هەورازی کوڕو دۆڵی قوڵ و، ڕچە ڕێی قەدپاڵ و تاشە بەردی گەورەو، چەمی قوڵی پڕ لەدارستان و بێشەی چڕی پڕ لە لانەی باڵندەی قەشەنگی دەم بە جریوەو، مەنزڵی چەندین ئاژەڵی کێوی ،ئەمانەو چەندین دیمەنی تری پڕ لە جوانی و سروشتی قەشەنگ و ناوازەی کوێستانەکانی کوردستان، سەرسام و سەراسیمەیان دەکردم و، چۆن پڕ بەسیەکانم هەوای پاک و بێ گەردی ناوچە ڕزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەو شۆڕشم هەڵدەمژی، ئاوهاش لە زوومی کامێرای چاوەکانمەوە، سەدان و هەزاران فۆتۆی دیمەنە قەشەنگ و جوان و سەرنج ڕاکێشەکانی نیشتیمانم تۆمار دەکردو، لە ئەلبوومی یادەوەریەکانمدا دەمپاراستن.
ئەم دیمەنانە یادەوەریەکی کاتی منداڵی بیر دێنامەوە کە بۆ یەکەمجار لە گوندی (بەیانلو)ی ناوچەی (قەرەحەسەن) ی کەرکوکەوە، لەگەڵ دایکمدا بۆ دیدەنی خزم و کەس و کارسەردانی گوندی چنارتومان کرد، ئێمە ڕاستە لەبنچینەدا خەڵکی گوندێکی کوێستانی سەختی پڕ لەدارستان و چەم و ئاوو شاخ و لوتکەی بەرزبوین، بەڵام باوکم کەهەر لەکەرکوک خوێندنی ئایینی تەواو کردبوو، دوای ژنهێنانیشی هەر لەکەرکوک دەگیرسێتەوەو،لەگەڕەکی ئیمام قاسم دوکانێکی بچکۆلە دادەنێت و لە خانویەکی کرێدا لەو گەڕەکە نیشتەجێ دەبێت، بەڵام دواتر لەسەر پێشنیاری چەن خزم و ناسیاوێکی خۆی دەست لەو کارە هەڵدەگرێت و دەچێت بەلای پیشەکەی خۆیەوە، کەمەلای مزگەوتە، ئیتر دەکەوێتە گوندەکانی ناوچەی قەرەحەسەنەوە.
ساڵی چەندە؟ نازانم، تەمەنم چەندە؟ نازانم، ئەوەی دەیزانم و وەکو خەون دێتەوەبەرچاوم ئەوەیە کەمن و دایکمین، لەبەیانلوەوە بۆ لەیلان، لە لەیلانیشەوە بۆ کەرکوک و لەوێشەوە بۆ دەربەندی بازیان و لەوێشەوە پیادەبوونمان بەرەو گوندی چنارتو، وەرزەکەیم لە بیر نیە، بەڵام ڕەنگە پاییز بوبێت، ئەوەش بەپێی لێکدانوەکانی دواتر بۆم دەرکەوت.
ڕێگەکەمان گڵ بوو، من و دایکم بەتەنها بەوڕێگا شاخاویە بەردەڵانەدا ڕێمان دەبڕی،نازانم دایکم لەڕێگا باسی چی بۆدەکردم، ڕەنگە باسی کانی ژنانی بۆ کردبم کە چۆن ژنان وکچانی ئاوایی بۆ هێنانی بڕێک ئاوی خواردنەوە بەو نشێوە ڕکەدا شۆڕ دەبوونەوە بۆ قوڵایی چەمەکە،لەوێ دارتویەکی گەورە پەل و پۆی بەسەر کانیەکەدا شۆڕ کردۆتەوە، سێبەرێکی چڕی بەسەر کانیەکەدا پەخش کردوە،کانیەکە پشتی بە شاخێکی بەرزەوەیە، لە بەردەم و لاتەنیشتەوە بەکەڵەکە بەرد حەسارێکی بەبەرزی ناوقەدی زەلامێک بۆ هەڵچنراوە، بەچەن تاتە بەردێکی پان و تەخت شوێنێکی بۆ دانیشتن و پشوودان ونوێژ کردن بۆ دروست کراوە، هەرچەندە ڕێگای گەییشتن بەکانی ژنان ڕێیەکی سەخت و بەردەڵان و نشێو بوو، سەرکەوتنەوەکەشی بە (کونگە) یەکی پڕ لە ئاوەوە، بەو هەورازە سەختەدا کە نزیکەی سێسەد بۆ چوارسەد مەترێک لەماڵەکانی ئاواییەوە دوربوو، زۆر سەخت تر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا چوونە سەرکانی بۆ کچانی ئاوایی زیاتر لە گەشت و ئاهەنگ و داوەتێک دەچوو، نەک بەجێ گەیاندنی کارێک،لەساتەوەختی گەییشتنیاندا بۆ سەر کانی ژنان، لەسەر تاتەبەردێکی ڕۆخی کانیەکە دادەنیشتن، قاچیان هەتا نزیک ئەژنۆیان هەڵدەکرد،لەچکەی سەریان دەکردەوەو، پرچ و کەزیەیان لە زیندانی لەچکان ئازاد دەکرد، قۆڵیان هەتا ئانیشکیان هەڵدەکرد،پێیەکانیان دەخستنە ناو ئاوی تەزیوی پیرە کانیەوە،بۆ چەن ساتێک دەستیان لەبەفراوی ئاوەکەدا ڕادەگرت، پاشان دەستیان هەتا ئانیشکیان تەڕ دەکردو دەیان شۆردن، پاو پوزیان هەتا سەر ئەژنۆیان لەئاودا نقوم دەکرد، شڵپێک و دوان و سیان دەم و چاویان دەشۆرد، شان و مل و بەرۆکیان تەڕ دەکرد، تاوێک قسەی خۆش و گاڵتەو پێکەنین، تاوێک دەسبازی و شەڕە ئاو، جاری واش بوو بەتەواوی یەکتریان لە ئاو هەڵدەکێشا، ئێرە دنیایەکی جیاواز بوو بۆ کچان و ژنانی ئاوایی، لێرە چاوی پیاوانیان لێوە دیار نەبوو،بەئازادی قسەو باس و دەردەدڵی خۆیان بۆ یەک هەڵدەڕشت، چەن دوورگەیەکی ئازاد بوو کانی ژنان ..!
قسەو باس تەواو دەبوون، یان هەرگیز تەواو نەدەبوون و ئەمان بەنیوەچڵی بەجێیان دەهێشت، کیژەخان لە گیرفانی ناوەوەی هێلەکەکەیدا پریاسکەیەکی دەردەکرد،پارچە پەڕۆیەکی گرێدراو بوو، دەیکردەوە، تورەکەیەکی بچووکی تیابوو، ئەمە کلدان بوو، لەناویدا هەندێک کلی هاڕراوی نەرمی تیابوو، پارچە دارێکی بەقەد پەنجە توتەیەک کورت و باریکەلەی لە کل دانەکە دەردەهێنا، ئەمەش (کلۆچک)یان (ملچێوک) بوو، هەروەها لەتە ئاوێنەکەشمان لەبیر نەچیت، کەخۆشی لەبیری نەمابوو ئەم لەتە ئاوێنەیەی لەکوێڕا وەچنگ کەوتبوون، تاوێکی باش لە ڕوخساری خۆی ڕادەما، هەناسەیەکی قوڵی هەڵدەکێشا، خۆ کەس نەیدەزانی ئەم هەناسە قوڵە، بۆ؟ بەکاوەخۆ کلۆچکی لە کلدانەکەی ڕۆ دەنا، دووجاری بەلای ڕاست و چەپدا بادەدان، کلۆچکەی لەنێوان هەردوو برژانگی سەرەوخوارێی چاوی ڕۆدەکرد، لەم سەر بۆ ئەوسەر، هەردوک چاوانی کل ڕێژ دەکردن، بە پەنجەکانی باسکە تەڕەکەی شانە دەکرد، کل و کلدانی دەخستنەوە شوێنی خۆی، لەچکەکەی لەسەر دەبەست، کونگە ئاوەکەی دەهاویشتە سەرشانی، بە ڕچە ڕییەکەدا هەوراز دەبوەوە، بەرەو ناوماڵان ملی ڕێی دەگرتە بەر