یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە 2 ملیار یۆرۆ هاریکاریی مرۆیی بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەنێرێت

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

یەکێتی ئەوروپا زیاتر 2 ملیار یۆرۆ وەک هاریکاریی مرۆیی بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان خەرجدەکات. ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ناجۆرەی خەڵکی ئەو وڵاتەی تێکەوتووە.

رۆژی سێشەممە 28-5-2024، جۆزێف بۆرێڵ، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە نیشانیاندایەوە کە پاڵپشتی خەڵکی سووریا و ئەو کەسانەن کە لەوێ ئاوارەن".

بڕی ئەو هاریکارییەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستانی تەرخانکردووە 2 ملیار و 120 ملیۆن یۆرۆیە و تەنیا لەمساڵدا 560 ملیۆن یۆرۆی لە شێوەی هاریکاریی مرۆییدا دەنێردرێت بۆ خەڵکی سووریا.

لە دوای دەستپێکی شەڕی ناوخۆوە لە لە 2012دا لە سووریا، یەکێری ئەوروپا لانیکەم 30 ملیار یۆرۆی وەک هاریکاریی مرۆیی، بەرەوپێشبردن، ئابووری و سەقامگیرکردن ناردووە بۆ خەڵکی سووریا.

بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدایە، ئاژانسی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، لانیکەم 16 ملیۆن و 700 هەزار کەس لە سووریا پێویستیان بە هاریکاریی مرۆیی هەیە، هەروەک 12 ملیۆن و 900 هەزار کەسیش خۆراکی رۆژانەی پێویستیان نییە.

لە راپۆرتەکەی ئەمریکادا هاتووە، لە 2012ـەوە تاوەکو ئێستا، واشنتن 17 ملیار و 463 ملیۆن دۆلاری وەک هاریکاریی مرۆیی پێشکێشی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە.
بەهۆی شەڕی ناوخۆ، هاتنی داعش و داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانەوە، بەشێک لە خەڵکی سووریا ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکە بوون. ئاژانسە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات، 7 ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە لە نێو سووریادا هەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار