ماڵپەڕی تەسنیم: حووسییەکان تەکنۆلۆژیای مووشەکی بالیستیکی ئێرانیان پێ گەیشتووە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە باس لەوە دەکات کۆماری ئیسلامی "تەکنۆلۆژیای"ی مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتی داوە بە حووسییەکانی یەمەن.

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم) چەند رۆژ لەوە پێش باسی لەوە کرد حووسییەکان پێنج مووشەکی بالیستیک و پێنج درۆنیان بەرەو دەریای سوور هەڵداوە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور.

ماڵپەڕی تەسنیم رۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2024 لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە یەکەم مووشەکی بالیستیکی دەریایی کۆماری ئیسلامی بە ناوی ''قەدر" گەیەنراوەتە دەست حووسییەکانی یەمەن.

کۆماری ئیسلامی پێشتر چەندجار ئەوەی رەت کردبۆوە کە ئێران یارمەتی سەربازی حووسییەکان ئەدات .

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 18ی شوباتی 2024 لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک چەک و چۆڵ و تەقەمەنی ناگەیەنێتە دەست حووسییەکان و راپۆرتی پێشتری سێنتکۆمی بە ناراست زانی کە باسی لە هاوکاری سەربازی و پشتیوانی ئێران لە حووسییەکان کردبووە.

ماڵپەڕی تەسنیمی دەربارەی مووشەکی قەدر نووسیویەتی "ئەم مووشەکە لە بیرۆکەکەوە تا دروست بوونی بە تەواوەتی ، لە لایەن حەسەن تێهرانی بەڕێوەبەری رێکخراوی جیهادی خۆبژێوی سوپای پاسداران بوە کە 12ی تشرینی دووهەمی 2011 بە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە دامەزراوەی مووشەکی (بیدگێنە) لە مێلارد کوژرا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار