سوپای ئیسرائیل سنووری غەززەی لەگەڵ میسردا کۆنترۆڵکرد؛ ئێستا بە تەواوی حەماسی گەمارۆداوە

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، تەواوی سنووری نێوان باشووری غەززە و میسریان کۆنترۆڵکردووە. سوپای ئیسرائیل دەیەوێت بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەو ناوچەیە بتوانێت زیاتر هێزی خۆی بەسەر حەماسدا بسەپێنێت.

رۆژی پێنجشەممە 30-5-2024، دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کۆنترۆڵی تەواوەتی سنووری غەزەیان لەگەڵ حەماسدا کردووە، کە سوپای ئیسرائیل بە گەرووی فلادیلفیا ناوی برد.

هاگاری گوتی، "گەرووی فیلادلفیا وەک هێڵێکی ئۆکسجین وابوو بۆ حەماس، کە لە رێگەیەوە چەکی بۆ ناو غەززە دەهێنا". ئەو سنوورەی غەززە و میسر تەنیا سنووری غەززە بوو کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردبوو.

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح کە ئێستا نیوەی زیاتری دانیشتوانە 2 ملیۆن و 300 هەزارییەکەی غەززەی تێدا ئاوارەن. ئەمە لەکاتێکدایە دادگەی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە هەفتەیەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە، هێرشەکانی رابگرێت.

هەروەها رۆژی چوارشەممە 29ی ئەم مانگە، ئیسرائیل بۆ جاری یەکەم تانکی بۆ ناوەندی شاری رەفەح نارد، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لێکردبوو کاری لەو جۆرە نەکات.

لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتەگرت.
دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی دژی بزوتنەوەکە راگەیاند و تاوەکو ئێستاش جەنگەکەی بۆ سەر غەززە بەردەوامە. لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەڵەستین، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار