جۆ بایدن بۆ حەماس: بارمتەکانی ئیسرائیل ئازادبکەن تاوەکو ئاگربەست بکرێت و جەنگ کۆتایی بێت

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

جۆ بایدن رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازێکی بۆ ئاگربەست لە جەنگەکەی دژی حەماس بەرامبەر رادەستکردنەوەی بارمتەکانی ئیسرائیل راگەیاندووە؛ هەروەها داوا لە حەماس دەکات پێشنیازەکە قبوڵبکەن.

رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کاتی ئەوە هاتووە ئەم جەنگە کۆتایی بێت و رۆژی دوای ئەو دەستپێبکات". راگەیێنراوەکەی جۆ بایدن لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا نزیکە و بایدن لە ژێر گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.

گفتووگۆکانی ئاگربەستی غەززە بە نێوەندگیری ئەمریکا، قەتەر و میسر تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە. هەریەک لە حەماس و ئیسرائیلیش یەکدی بە دانانی مەرجی قورس و هەنگاونەنان بۆ ئاگربەست تۆمەتباردەکەن.

تاوەکو ئێستا حەماس و ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەسەر قسەکانی جۆ بایدن نەداوە.

بایدن رایگەیاندووە، لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا حەماس بارمتەکان رادەستدەکاتەوە و ئیسرائیلیش بەندکراوە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکات. خەڵکی غەززە دەگەڕێنەوە فەڵەستین و ئیسرائیل لە غەززە دەکشێتەوە، هەروەک رۆژانە 600 بارهەڵگری خۆراک و هاریکاریی مرۆیی دیکە دەگەیێنرێنە دەست خەڵکی غەززە.

بایدن دەڵێت، لە قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکەدا حەماس و ئیسرائیل دەچنە سەر مێزی گفتووگۆ و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن دەکەن تاوەکو چیدی توندوتیژی روونەدات. ئەوەشی بە روونی گوت، "لەو ماوەیەدا کە گفتووگۆ دەکرێت، ئاگربەستەکە بەردەوامی دەبێت".

ئەوەشی گوت، قۆناخی سێیەم بریتی دەبێت لە داڕشتنەوەی پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە.

هەروەها بایدن داوای لەو بەرپرسانەی ئیسرائیل کرد کە وەک خۆی دەڵێت، هەوڵی دروستکردنی جەنگێکی "تاهەتایی" دەدەن، بیروڕای خۆیان بگۆڕن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار