داهاتوی عێراق: داهاتوی ئێران؟!

6 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

بۆ تێگەیشتن لەوەی کە عێراق بەرەو کوێ دەچێت لە داهاتودا، دەبێت لە جۆری پەیوەندی نێوان ئێران و هێزە دۆستەکانی ئێران تێبگەین لە عێراقدا.

تێگەیشتن لە جۆری ئەم پەیوەندییە زێدە ئاڵۆزە، بۆیە پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ پێش کۆماری ئیسلامی. ئێران هەمیشە دوو جۆر پەیوەندیی هەبوە لە گەڵ عەرەبدا، خۆبەکەمزانین و ترس. ڕەگی خۆبەکەمزانینەکە لە ڕەگەزپەرستی و غروردا خۆی دەردەخات، بەڵام ترسەکە دەرکەوتەی جیاوازی هەیە. ترسی سەرەکی ئێران لە ڕوی جیوپۆلەتیکییەوە، یەکگرتنی عەرەب بوە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی دژایەتی پرۆژەی پان-عەرەبیزمدا بوە، چ لە دەرکەوتە عەلمانییەکەی لە بەعسە، چ دەرکەوتە ئیسلامیەکەی. لەم ڕوەوە شای ئێران هاوکارێکی سەرەکی کورد و شیعە بوە.

تەنها بە ڕوانین لە هاوشێوەیی دیدەکانی عیسا پەژمان و قاسم سلێمانی ئەمەمان زۆر بە ڕونی بۆ دەردەکەوێت. لێکۆڵەری ئێرانی ئارەش ڕەیسنەژاد، تێزێکی دوکتۆرای لەمبارەوە نوسیوە بە پشت بەستن بە ئارشیفی ساواک.

The Shah of Iran, the Iraqi Kurds, and the Lebanese Shia

ئەم دیدانە پێی دەگوترێ زەرورەتە جیوپۆلیتیکیەکان geopolitical imperatives، کە بە گۆڕانی ڕژێمی سیاسی وڵات ناگۆڕین. بەڵام بە هاتنی کۆماری ئیسلامی، هەرچەندە ڕێسای گەمەکە نەگۆڕا، بەڵام ئامانجەکان گۆڕانکارییان بە سەرداهات.

یەکەم ئالەنگاری کۆماری ئیسلامی توشی بوو، دابران و گۆشەگیریی و دژایەتی دونیابوو. بەم پێیە ئەولەویەتی ئەم ڕژێمە چۆنێتی پەیوەندیکردنە بە دونیا و دەوروبەرییەوە. لە کاتێکدا دەرەوە بە شێوەیەکی فەرمی ئامادەی پەیوەندی نەبوو، دەبوو ڕێگاچارەی تر بدۆزرێتەوە. ئەمەش کرۆکی سیستەمی پارەلێلە، یان هاوتەریب. ئێران بە دوای ئەو هێز و لایەنانەدا دەگەڕا کە توانای کاریگەری و پەیوەندی هەیە، بۆ دروستکردنی دۆست و هاوپەیمانی لە پێناو دروستکردنی ئامراز و کارتی فشار بۆ هاوسەنگی و یارییکردن.

باوکی ئەم بیرۆکەیە، موستەفا چەمرانە، کە لە کالیفۆرنیا دەخوێنێت و پاشان نزیکەی دوو دەیە لە لوبنان لەناو شیعە لوبنانیەکاندا بە سەر دەبات. چەمران بۆ خەڵکی ناوچەکە ناسراوە، چونکە ماوەیەکی زۆر لە مەریوان بوە و دامەزرێنەری سوپای پاسدارانە.

لە قۆناغی دواتردا ئێران هەوڵدەدات نەک تەنها وەک کارتی فشار بەڵکو ئەم هێزە دۆستانەی بهێنێتە سەر دەسەڵات. پاش ئەنجامدانی ئەم قۆناغە، لە عێراق و لوبنان و یەمەن. ئێران دەخوازێت ئەم هێزانە نەک لە ئاستی هەرێمی بەڵکو لە سەر سەکۆی جیهانی سودیان لێببینێت. وەک ڕۆڵی عێراق لە پەیوەندی نێوان ئێران ئەمریکا. هەروەها هێزەکانی تر لە یەمەن و لوبنان و فەلەستین.

بەم پێودانگانە، هەوڵدان بۆ لابردنی هێزە دۆستەکانی ئێران لەم وڵاتانە بە زەبری هێز نەبێت ڕونادات. بە مانایەکی تر بۆ مانەوەی ئەم هێزانە لە سەر دەسەڵات، هەموو جۆرە داکۆکییەک دەکرێت بە بەکارهێنانی هێزیشەوە، وەک لە لەپەیوەندی نێوان سەدر و ئیتاردا بینیمان.

سەرباری ئەمانە ئێران لە گەڵ بەهێزبونی ئامرازەکانیدا نیە، چونکە ئیدارەدانیان سەختتر دەبێت. بەڵکو بە مۆدێلی ئیمپراتۆریەت (ناوەند) لە گەڵ پەراوێزدا کاردەکات، کە مۆدێلێکی چەسپیوی باوە لە مێژودا. بۆیە داهاتوی عێراق بە شێویەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی ئێرانەوە هەیە. ئەکتەرەکانی بەغدا ڕەنگە پەراوێزێک لە ئازادییان هەبێت بۆ دەستکەوتی شەخسیی و ململانێ، کە زەرورە بۆ ئیدارەدانیان، لەوە زیاتر ناتوانن زیاتر قاچ ڕابکێشن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار