حزبی کوردی
6 مانگ لەمەوپێش
دڵزار عارف
یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی سیاسەت لە کوردستان، مۆنۆپۆلی سیاسەتە، مۆنۆپۆلی سەرکردایەتیە، قسەکردنە بەناوی هەمووان داگیرکردنی فەزاو میزاجی گشتیە، هەر پارتەو هەوڵدەدات تەواوی گورسیەکە بۆ خۆی رابکێشێ و زۆرترین مێژوو و کوردایەتی و خەبات و قوربانیدان بخاتە سەر ناوی خۆی، ئیتر لە وتارەکان و لێدوان و قسەکانیان بڵێن ئێمەین خاوەنی کوردایەتی راستەقینە، ئێمەین هیواو شکۆی نەتەوە، ئێمەین دوژمن بەزێن، ئێمەین روباری خوێنی شەهیدان، ئێمەین داستانەکانی نەبەردی و گیان فیدایی…..
نازانم ئەم هەموو ئیگۆ و باوەڕی خۆ بەگەورەزانی، لە کێوە سەرچاوەی گرتوە، ئەم هەموو خۆ بەخاوەنکردنە بۆ ؟
بەڕاستی پێتان وایە تەنها ئێوەبوون ئەم کوردستانەتان رزگارکردوە!
تەنها ئێوە بوون ئەم نیشتیمانەتان پاراستوە!
تەنها ئێوەن بونەتە گەرەێنتی ئەم هەرێمە…
کاتێ یادی بۆنەیەک یان روداوێکی سیاسی و داستانێکی شۆڕشگێڕی دەکرێتەوە، خەممان دەکەوێتە بەر چونکە هەموو جارەکان بە کۆمەڵێک پرۆگرامی تەلەفزیۆنی و دیکۆمێنتەری و چاوپێکەوتنەکان، هەوڵ دەدەن مێژووەکە بشوێن و بە دڵی خۆیان بنوسرێتەوە و لەهەمان کاتیش هەوڵی بێ بەشکردنی ئەوانی تر دەدەن لەم روداوە.
ئیتر ئەمە زەمینەیەکی لەبار دروست دەکات بۆ ئەوەی بکەونە گیانی یەکترو تا هێزو توانایان تێدایە لە رێگەی میدیاو کادیرە قورمیشکراوەکانیان یەکتر سوک و ریسوا دەکەن، تا هێزیان تێدایە یەکتر ناشرین و بە شەیتان دەکەن…
بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشیە بەشێکی باشی هاونیشتیمانیانی کوردستان لەم یاریانە تێگەیشتون و دەزانن ئەنجامەکەی بەرەو کێ دەچێ!!!!!!