ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین: بەهۆی نەبوونی کادرەوە کورد ناتوانێت بەشێک لە پۆستەکان وەربگرێت

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی  ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رایدەگەیەنێت بەهۆی نەبوونی کادرەوە کورد ناتوانێت بەشێک لە پۆستەکان لە قەزای دوزخورماتوو وەربگرێت، ئاماژە بەوەشدەکات باڵانسی دەسەڵات بەلای کوردا نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، یاسین داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشکردنی پۆستین لە شاری تکریت و کار لەسەر وەرگرتنی پۆست دەکەین بۆ کورد و پۆستەکانی بەڕێوەبەری راوێژکار و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانمان لە پارێزگای سەڵاحەدین وەرگرتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەئێستادا لە هەوڵداین چەندین پۆستی دیکە لە تکریت وەربگرین و دواتر لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان گفتوگۆ دەکەین لەبارەی پۆستەکانی قەزای دوزخورماتوو، کە بەپێی ئەو رێژەی کە ئێستا هەیە لە %12ی پۆستەکانی دوزخورماتوو بۆ کوردە و لە %64ی لای شیعە و تورکمانە و لە %24یش لای عەرەبی سوننەیە".

 یاسین داودی باسی لە کێشەیەکی دیکە کرد و وتی، "یەکێک لە کێشەکانی کورد لە قەزای دوزخورماتوو ئەوەیە کە کادیری کورد کەمە بۆ وەرگرتنی پۆستەکان، هەروەها رەنگە هەندێک پۆستمان بەرکەوێت لە ئێستادا نەتوانین وەکو پێویست ئیدارەی بدەین، چونکە باڵانسی هێز بە لای ئێمەدا نییە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین وتیشی، "لە قەزای خورماتوو داوای پۆستەکانی بەڕێوەبەری پەروەردە و شارەوانیمان کردووە".

ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنها یەک نوێنەری کوردە، ئەویش یاسین داوودییە لە یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان، هەروەها قەزای دوزخورماتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار