لە چنارتوەوە بۆ کانی تو

6 مانگ لەمەوپێش



عەبدوڵا کۆمەڵە/ بەشی دووەم

لەقەد پاڵی شاخێک دیمەنێکی سەیرم بینی، کەهەرگیز شتی وام نەبینی بوو، جوتیارێک دوو مانگای پێش خۆی دابوو، پارچە دارێکی درێژ لەمابەینی هەردوو مانگاکە چەسپێنرابوو، جوتیارەکە لە دواوە مانگاکانی لێ دەخوڕی، دیار بوو ئاسنێکی نوک تیژ بەکۆتایی دارەکەوە لکێنرابوو، زەویەکەی هەڵدەدڕی، هاوارم کردە دایکم، دایکە دایکە...

 ئەو پیاوە بەومانگایانە زەوی دەکێڵێ، من لە گەرمیان کاری زەوی کێڵانم بینی بوو، بەڵام بەتراکتۆر، چوونکە لەوێ تراکتۆر هەبوون.

دایکم ووتی: ئەوانە مانگا نین، ئەوانە(گا)ن، ئەوە حاجی عەلیە بە گایەکانی زەوی دەکێڵێ، تراکتۆر ناگاتە ئەم شوێنە سەختانە، بۆیە ناچارن بە گاو هێستر زەوی بکێڵن، دایکم لە دوورەوە دەستێکی بۆ حاجی عەلی هەڵبڕی، ماندوو نەبوونی لێ کرد، ئەویش دیار بوو کە لە مێژ بوو چاوی لە ئێمە کردبوو وەڵامی سڵاوەکەی دایکمی دایەوە، ئیتر نازانم ئەو دایکمی ناسیەوە یان نا.

ئێرە کانی پونگەڵەیە، ساڵی حەرەس قەومیەکە، ئەوان لێرەوە دابەزینە نێو ئاوایی، لە ماڵەکەی خۆیدا باپیرتیان شەهید کرد، دایکم وای ووت!!

کانیەکی ڕوون، ئاوێکی فێنک، دیمەنێکی هەتا بڵێی جوان، من هەرگیز جوانی وام بە دوو چاوانم نەبینی بوو، نازانم! ڕەنگە جاری تریش ئەم دیمەنەم بینیبێت، بەڵام ئەو کاتە بە باوەشی دایکمەوە بوبێتم ئێستا لەبیرم ڕاچوبێت.

لەبەردەمی کانیەکە، (ئەستێڵ)ێک دروست کرابوو،ئاوی کانیەکە ئەستێڵەکەی پڕ لە ئاو کردبوو، چوار دەوری کانیەکە پڕ بوون لەدار توی بەژن زراڤ،بەقەد دارتوەکاندا تەرزە مێوی ناسک خۆیان هەڵواسی بوو، چەندین جۆر ترێی ڕەش و سپی بە لق و پۆی دارتوەکاندا خۆیان شۆڕ کردبوەوە، ئەوان چاوشارکێیان لە گەڵ نەوسەکانی مندا دەکرد، وەلێ هێندە بەرز بوون، من نە دەستم پێ ڕادەگەییشتن و نەدەشم توانی وەسەر قەدی دارەکان بەسەرکەوم.

 سێبەرێکی چڕ ئەو ناوەی تەنی بوو، (سێڵاو)ی ئەستێڵەکەش بە (پلوسک)ێک دەڕژایە ناو زەویەکی بەردەڵانی سەرەو لێژەوە، ئاوەکە بە جۆگەیەکی خۆ کردا بەزەویە بەردەڵانەکەدا و بە ژێر داربەڕوە چڕەکاندا ڕۆدەچوە خوارەوە، لە ڕۆخی جۆگەکە، (پونگ) و (ڕیحانە)یەکی زۆر ڕوابوون، بۆن و بەرامەیان ئەو ناوەی پڕ کردبوو.

لە دامێنی کانی پونگەڵەوە بە بزنە ڕێیەکی بەردەڵان و سەختدا بەرەوقوڵایی چەمەکە شۆڕ بوینەوە،

ئێستا ڕێک بەرانبەر گوندی چنارتوین، گوندەکە لەبناری شاخێکی بەرزدا هەڵکەوتوە، خانوەکانی هەموی لەسەر یەک هەڵچنراون، سەربانی هەر ماڵێک حەوشەی ماڵەکەی سەروی خۆیەتی، خانوەکانی چنارتوو هەموویان دوو نهۆم بوون، لەنهۆمی خوارێ ڕا داڵانێکی گەورە هەبوو، کەجیا کرابوەوە بۆ شوێنی ئاژەڵ و ووڵاخ و پەلەوەر، لەسەریشەوە بە زۆری لە دوو ژورو هەیوانێک پێک هاتبوو، خانوەکان بەسەر چەمەکەیاندا دەڕوانی، لای دامێنی ماڵەکانی خوارەوە مزگەوتی ئاوایی بوو، لای سەری سەریشەوە مەملەکەتەکەی کوێخا کەریم بوو.

لەگەڵ دایکمدا چوینە سەر جۆگە ئاوێک، لەوێ چەن ژنێک خەریکی گەنم شۆردنەوەبوون، ئاوێکی زۆر بە جۆگاکەدا دەڕۆی، دارستانێ چڕ سیبەری بەسەر جۆگە ئاوەکەدا کردبوو،هەناری دەنک سوور بە دارەکاندا شۆڕ ببوونەوە، بە ئاستەمیش تیشکی خۆرت وێ نەدەکەوت،ناو جۆگەکە زیخەڵان بوو، دیار بوو ژنانی ئاوایی بۆ گەنم شۆرینەوە هەر دەهاتنە ئێرە، ئەو دەنکە گەنمانەی ڕژابوونە ناو جۆگاکەوەو ئاو نەیبردبون و لە ژێر زیخ و ووردە بەردەکاندا جێگایەکیان بۆخۆیان چێ کردبوو، زۆربەیان ڕوابوونەوە، باڵایان کردبوو دیمەنێکی جوانیان لەگەڵ ئاوو مرواری زیخەڵانەکەدا دروست کردبوو، دامێنی جۆگەئاوەکە پڕ بوو لەداری میوەی هەنارو هەنجیرو سێوو دارمێو، هەرچەن تەماشام دەکرد، ئەو دیمەنەم بەو بەهەشتە دەهاتە بەرچاو، کە باوکم لە مزگەوتەکەی (بەیانلو) بۆ نوێژخوێنانی باس دەکرد،گەورە بووم و چەندین جاری تریش چوومەوە چنارتوو، لە پێشمەرگایەتیش بۆ پشوەکان هەر دەهاتمەوە ناو خزمانی چنارتوو، بەڵام بەداخەوە، هەتا ئێستاش بەدوای ئەو بەهەشتەدا دەگەڕێم جارێکی تر نەمدۆزیەوە ونەمدۆزیەوە.

بانگە بانگی جەباری کاک حسێن زنجیرەی خەیاڵەکانی پچڕاندم، دە خێراکە ماڵ ئاوەدان سەعاتێکە چاوەڕێی تۆمانە، تۆش کەوەری ئەیجنی..!

ئەوان گەییشتبوونە دامێنی ئاوایی، لەپاڵ تاشەبەردێکی قەراخ ڕێیەکەدا دانیشتبوون، ئیتر نەمزانی هەر بەڕاستی چاوەڕێی منیان دەکرد یان بۆ پشوو دانی خۆیان لەوێ دانیشتبوون، هەرچۆنێک بێت، ئەم جارەش پشوودانەکەی خۆیان بە کۆمەڵێک بۆڵەبۆڵ بەسەرا فرۆشتمەوە.

هەڵکەوتەی جوگرافی کانی تو بەشێوەی سێگۆشەییە، ماڵەکانی لای سەرەوەی دۆڵەکە ڕاستەوخۆ پشتیان داوە بە چیای(کوڕکوڕ)ەوەو ڕوەو باکوور بەسەر گوندەکانی دۆڵی مەرگەدا دەڕوانن.

ماڵەکانی بەری ڕۆژئاواش، پشت لە گوندی هەوارە بەرزەو ڕوەو ئاسۆس هەڵکەوتون، بەڵام گەڕەکی بەری ڕۆژ هەڵات کە جۆگەیەکی گەورەی پڕ لەئاو بەبەردەم ماڵەکانیدا گوزەری دەکرد چاوی بڕیبوە هەوارە بەرزەی سەرکەش و خەندەی بۆ پیاوەتی و بەخشندەیی کوێخا پیرۆتی هەوارە بەرزە دەکرد.

ئێمە لەو بارگە خستنەدا بوینە میوانی ماڵی کاک حسین و دادە ئامینە، ئەوکاتە ئەوان دوومنداڵی ژیکەڵەی تەمەن هەشت نۆ ساڵانیان هەبوو، بەناوەکانی محمدو فەریدە، هەروەها ئازادیشیان کۆرپە بوو کە ڕەنگە ئەوکاتە تەمەنی هەر دووساڵێک بوبێت.

خانەخوێکەمان ئەوکاتە پیاوێکی باڵا مامناوەندی گەنم ڕەنگی تەمەن سی ساڵێک دەبوو، دادە ئامینەش ڕەنگە هەر لەو تەمەنە یان یەک دووساڵێک لەو بەرەوخوارتر بوبێت.

ئەم دوانە نموونەیەک بوون لە بەخشش و میوان دۆستی و میهرەبانی، ئێمە هەفتەیەک زیاتر لەو ماڵە ماینەوە، سێ ژەمە لەوێ نانمان دەخوارد، پێخەف وکەلوپەلی نووستنمان لەسەر ئەوان بوو، هەرچەندە شەو بۆ نووستن لەماڵەکان نەدەماینەوە.

تازەترین و خاوێنترین و گەرم و گوڕترین دۆشەک و لێفەو سەرینی خۆیان دەدا بە ئێمە،

بەلای کەمەوە ڕۆژی ژەمێک برنج یان ساوەریان بۆ دەکردین، هەموو بەیانیەک تەماتەی سورەوەکراوو، گوێزو هێلکەی کوردیمان دەخوارد، تەنانەت مریشکیشیان بۆ سەربڕیتین و گۆشتمان خوارد، ڕۆژێک ئەو ژن و پیاوە چارەیان لێ گرژ نەکردین، ساردو سڕیەکیان پێوە دیار نەبوو،هەتا خوا حەزکات ڕووخۆش و دەم بەخەندەو بەڕێز بوون لەگەڵمان، ئیتر ئێمە بوبوین بەکوڕی ئەو ماڵە، من بەڕۆژیش نەدەچوومەوە بۆ بارەگا کاتیەکەمان، لەگەڵ کاک حسین و کاکە حەمەی کوڕی بەڕۆژ دەچوینە ناو باخەکەوە، ڕەزمان پاک دەکردەوە، تەیمان(سیاج)مان چاک دەکرد،گوێزی بەجێماوی ژێر گەڵاداری پاییزمان کۆ دەکردنەوە،جارجاریش هێشوەترێی لەسەرما تەزیوی نیوە بە مێوژ بوی بەشی ژێرەوەی دار مێوەکانمان دەدینەوەو نۆشمان دەکردن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار