سودانی لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە دڵنیایی دەدات
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی لە چارەسەری کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان داوە.
ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024، كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نامەیەکی کراوەمان سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی (پێشمەرگە، هێزەکانی ناوخۆ، ئەنجومەنی ئاسایش، پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر) ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد، هەمان رۆژ لە رێگای نووسینگەکەیانەوە نامەکەیان پێگەیشت و، دڵنیاکراینەوە کە سەرۆک وەزیران کێشەکە چارەسەر دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، “پێشتریش پێشنیارمان کردبوو، ئەنجومەنی ئاسایش کە دامەزراوەیەکی هەستیارە بە کۆد ناوەکانیان بنێردرێت و، پێشمەرگە و ناوخۆ و لیستەکانی تر بەناو بنێردرێن”.
ئەوەشی خستەڕوو، "هەردوو حکومەت لەسەر ئەوە رێککەوتوون و، ئەمڕۆ و سبەی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم وردبینیی لیستەکان بە ناوەوە تەواو دەکەن و، هەر لەم هەفتەیەدا مووچەکانیان خەرج دەکرێت".