گومان لە ئاگرەکانی هەولێر!
5 مانگ لەمەوپێش
غازی فەیسەڵ سیان
دوو گومان لە ئاگر کەوتنەوەکانی هەولێر دەکرێت و گومانی تریش هەن کە لەکۆتایدا ئاشکرا دەبن:
یەکەم : هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەت پڕبووە لە جاسوس و دزی وڵاتان و بەتایبەت دوژمنان، بەتایبەت تر لایەنگرانی ئۆردۆغان و پاشماوەکانی(داعش)، کە زۆربەیان بەناوی کۆمپانیاو ئاوارەیی و بیانووی ترەوە، لە هەولێر نەک داڵدە دراون، بەڵکو هاوڵاتی پلە یەکی هەولێریشن، خەریکە ئەوان خاوەن ماڵ و ئێمەیش هاوڵاتی پلە 3 دەرچین !
بۆیە گومانی یەکەممان ئەو دژە کوردانەن، کە بە دەستی ئانقەست ئاگر بەردەدەنە کوردستان، هەمووشمان دەزانین ئاگرەکان سروشتی نین.
دووەم : بەشەکەی تری نەزانی و ئیدارەنەدانی برایانی پارتیە زۆربەی کارگەو کۆمپانیاو مۆڵ و شوێنە گشتیەکان بەدەست لێپرسراوەکانیانەوەیە، زۆربەشی بێ مەرج و ڕێکاری یاساییە
ببینن لە فەرمانگە حکومیەکانی هەولێر ئەوانەی ڕۆژانە باج و ڕسومات و پارەی وەسل و ئاوو کارەبای لێ وەردەگیرێ تەنها چینە هەژارەکەیە کە هەموو ڕێکارە یاسایەکانی بەزیادەوە لەسەر فەڕز کراوە بەتایبەت ئەوەی پارە وەرگرتن بێت ،
وا خۆیان بەئاشکراو لەسەر میدیاکانی خۆشیان دەڵێن گەورەترین کۆمپانیاو کارگەی سوتەمەنیمان بێ مۆڵەتەو چەندین ساڵە ڕێگە پێدراونیە !!
کەسیش نازانێ داهاتی مانگانەیان بۆ گیرفانی کێیە ؟
لەگەڵ ئەوەشدا کەسی شیاو لەشوێنی شیاو دانانێن
بۆنمونە مامۆستای قوتابخانە هەیە شارەزا لەبوارەکەی دڵسۆز بۆ وڵاتەکەی و پیشەکەی خەمخۆر بۆ قوتابیان هەموو مەرجە یاساییەکانی بوون بە بەڕێوەبەری قوتابخانەشی تێدایە چونکە یەکێتیەو پارتی نیە نایکەنە بەڕێوەبەری قوتابخانە !
بەڕێوەبەری قوتابخانەش ئەرکە نەک ئیمتیاز، دەچن حزبیەکی نەشارەزا لە خوێندن و بەڕێوەبردن ناهەموار لەگەڵ قوتابی و مامۆستا فەڕز دەکەنە سەر قوتابخانەکەو دەیسەپێنن، دەیان مامۆستای ڕۆشنبیرو ڕۆشنفکری قوتابخانەکەش سارد دەکەنەوەو کاریگەری سلبی لەسەر بناغەی فکری کۆمەڵگاش دروست دەکات!
لە زۆنی زەرددا هەرچی بەڕێوەبەرێک و کاربەدەستێک لەهەربوارێک و لەهەر فەرمانگەیەک و شوێنێک پارتی دایبنێت لەجیاتی هەموو مەرجە یاسایی و نیشتیمانی و پیشەییەکاندا تەنها مەرجی پارتی پارتی بوونیەتی تۆ کە پارتی بووی هەموو مەرجە یاساییەکانت تێدایە !!!!
یەکسەر پلەو پۆست و مەسئولیاتێکی گەورەیان پێ دەدەن و دەبێتە ئەرک لەسەر فەرمانگەکەی و هاوڵاتیانی هەولێر، هەمووتان دەزانن تائێستا عەقلیەتی پارتی لەهەولێر لەناوفایلێکی زەرددا خۆی دەبینێتەوە !
تۆ بڕۆ فەرمانگەیەک ئەگەر فایلەکەت سەوز کەسک یان ڕەنگێکی تر بێت مافی چونە ژۆرت نیە و ڕۆژانە دەبینن لەدەرگای فەرمانگەکانی حکومەت هاوڵاتی پڕی بن باڵی فایلی زەردە !
دەبێ فایلەکەت( زەرد زەرد )بێ !
بۆیە دەسەڵات و دەوڵەتداری لەدەست ( ڕەنگە ) نەک فکرو خەڵکی ئەکادیمی و خوێندەوارو شارەزا، بۆیە حاڵی هەرێمی کوردستان بەگشتی و لەسەردەمی کابینەی نۆ بەتایبەت لەوە باشتر نابێ و دەیان کێشەی نیشتیمانی وەک کێشەی ( پەروەردەو ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و مادەی 140 و جوتیاران و دامەزراندنی گەنجان و مووچەی مووچە خۆران و کەرتی تەندروستی و ئاوو کارەباو کرێنشینان و مافەکانی ژنان و منداڵان و گرتنی ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان و پشتگوێ خستنی هونەرمەندان ) و دەیان کێشەی تری سیاسی و ئەمنی و ئیداری تر لەدەست پارتیە چونکە پارتی دەسەڵاتەکانی کابینەی نۆی قۆرغ کردووەو هەموو دەسەڵاتەکان لای پارتین، تاکە چارەسەریش هەڵبژاردنێکی بەپەلەو ئازادانەیە لەعێراق و هەرێم، بەڵام لای پارتی چارەسەر فایلێکی زەردە نەک عەقلێکی ژیری ئیداری وکوردانە لەهەرێمی کوردستان.
تێبینی : بەشێک لەڕەخنەکان خۆشمان و حزبەکانی ناو دەسەڵات دەگرێتەوە لەگەڵ حزبە ئۆپزسیۆنەکانیش، چونکە بارودۆخی کوردستان پێویستی بە بڕیاڕی قوڕس و یەکلاکەرەوەیە و ڕۆژ لەدووای ڕۆژ بارودۆخ و ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت ناکرێت چیتر چاوەڕوانی کات بکرێت و ئەوبیخاتە ئەستۆی ئەوو ئەویش بیخاتە ئەستۆی ئەویتر هەموومان لەو بارودۆخە بەرپرسیارین و کات لەبەرژەوەندی جەماوەردا نییە.