سەردانەكەی عەلی باقری بۆ بەغدا و سلێمانی و هەولێر، فۆرمەڵەكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی ئێران و سفركردنەوەی كێشەكان

5 مانگ لەمەوپێش



ئەنوەر حسێن بازگر

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران (عەلی باقری)، دێتە هەولێر و سلێمانی، ئەوەش وەكو وەڵامی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە مانگی مایسی (2024) بۆ تاران.

(عەلی باقری)، ئەم سەردانەی، لە شوێن سەردانەكەی ڕەئیسی ئەنجامدەدات كە بە رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی لەگەڵ عەبدولڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە مانگی مایسی (2024) گیانیان لەدەستدا.

عەلی باقری كە بەوە ناسراوە، زۆر توندە دژی ڕۆژئاوا، كارەكتەری سەرەكی دانوستكاری  ئەتۆمی ئێرانە وەكو نوێنەری خامنەیی، پارێزگارێكی سەرسەختە، ئەندامی نزیكی خانەوادەی خامنەییە كە براكەی زاوای خامنەییە، لە سەردەمی ڕووحانیدا زۆر توند بوو دژی و ڕەخنەی لە ڕێككەوتنەكەی گرت و وتی؛ "ئەو ڕێككەوتنەی ڕووحانی كردوویەتی هێڵە سورەكانی خامنەیی بەزاندوە".

باوكی ئەندامی ئەنجومەنی خبرگان بوە، كە ئەركی دەستنیشانكردنی ڕابەری باڵایە و مامی سەرۆكی ئەنجومەنی خبرگان بوە، لەگەڵ سەعید جەلیلیش وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش كاریكردوە، ماوەیەك جێگری ڕەئیسی بوە و سكرتێری ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بوە، لە (2021) بۆتە جێگری وەزیری دەرەوە و دانوستكاری پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران بوە لەگەڵ گروپی (5+1).

ئەم سەردانەی باقری لەدوای دەستبەكاربوونی، سێیەم سەردانیەتی لەپاش سوریا و لوبنان بۆ عێراق و سلێمانی و هەولێر بەمەبەستی:

یەكەم: باقری لەگەڵ عێراق و هەرێم، فایلی ڕێككەوتنی ئەمنی (تاران-بەغدا- هەولێر) كە پارساڵ لەسەری ڕێككەوتوون ئەكتیڤ دەكات. كە ناوەڕۆكەكەی (چەككردن و داخستنی ئۆردووگاكانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە) هەرچەندە ئێران بە دەخالەتی (UN) و فۆرمی مامەڵەی نوێی لەگەڵ ئەم هێزانە نەرمی نواندوە.

دوەم: ئەم سەردانەی باقری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، گرنگی بە ناوچەی نفوزی ئێران و دۆستەكانی دەدات وەكو چۆن (بۆ سوریا و لوبنان) چوو (عێراق و سلێمانی و هەولێر)یش بەهەمانشێوە سەیر دەكات، دەیەوێت ئەو مەلەفە بگرێتە دەست كە لە دوای هەڵبژاردنەكانی (28)ی حوزەیرانی (2024) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارێكی نوێ، پێدەچێت بە یەكجاری وەكو وەزیری دەرەوە دەستبەكار بێت.

سێیەم: دڵنیابوونەوە و جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی دراوە لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە بە ڕێگری لە هەڕەشەكان بۆ سەر سنوور و ئەمنیەتی ئێران، بەتایبەتی گومان لە ئەگەری بوونی مووساد لە هەرێم.

چوارەم: وەڵامێك بۆسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی و هەوڵەكانی ئێران بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییە پڕ كێشەكانی (بەغدا و هەولێر) و (یەكێتی و پارتی) لەلایەكی ترەوە سفركردنەوەی كێشەكانیان لەگەڵ پارتی.

پێنجەم: دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ گروپە شیعەكان لەناو (چوارچێوەی هەماهەنگی) و (حەشدی شەعبی)، كە دابەشبوون بەسەر سێ بەرەدا و مەترسی لێكترازان و ئاژاوەیان لێ دەكرێت.

دەیەوێت فایلی یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی (سوننی) بەتامی (شیعی) و (وەلائی ئێرانی) یەكلایی بكاتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار