سبەی لە تەواوی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکاتەوە
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای راگیرانی بۆ ماوەی دوو رۆژ، بڕیارە سبەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی رایگەیاند، لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە لە سبەیەوە لە سایلۆکانەوە دەستبکەینەوە بە وەرگرتنی گەنم.
وتیشی، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 6ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە لە دوێنێوە سایلۆکان گەنمیان وەرنەگرتووە.
نەسرین ئەحمەد ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 44 هەزار و 375 تۆن و 540 کیلۆ گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووەتەوە.
بەگوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا.
ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەداتە جووتیاران.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.