دادگا جارێکی دیکە نێرگز محەمەدی سزادا

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارێزەری نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2023، و چالاکی مافی مرۆڤ کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییە، رایگەیاند، سزایەکی نوێ بۆ ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ بڕاوەتەوەو جگە لە سزایەک کە پێشتر بۆی بڕابووەوە، یەک ساڵیتر زیندان بە سزاکەی زیاد کرا.

مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگز محەمەدی رۆژی سێشەممە 18ی حوزەیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "نێرگز محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ بە تۆمەتی  چالاکی دژی دەسەڵاتلە لایەن لقی 29ی دادگای شۆڕشی تارانەوە یەک ساڵی دیکە سزاکەی زیادکرا".

باسی لەوە کردووە، هۆکاری ئەوەی یەک ساڵ زیندان بە سزای ئەم چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵە زیاد کراوە ئەوەیە کە نێرگز محەمەدی باسی لە دەستدرێژی سێکسی بەرپرسانی زیندان کردووە بۆ سەر " دینا قاڵیباف" رۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراو، هەروەها لە زیندانەوە داوای لە خەڵک کردبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 1ی ئازاری 2024 بەڕێوەچوو بایکۆت بکەن. هەروەها نامەی بۆ پەرلەمانی سوید و نۆروێژ نووسیوە دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران.

بەپێی وتەی پارێزەرەکەی، دانیشتنی دادگایی کردنی ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ بە بێ ئامادەبوونی خۆی و پارێزەرەکەی رۆژی 8ی حوزەیران بەڕێوە چووەو 1 ساڵ زیندان بە سزاکەی زیاد کراوە.
نێرگز محەمەدی لە سێ ساڵی رابردوودا شەش جار دادگایی کراوەو بە گشتی سزای 13 ساڵ و3مانگ زیندانی و 154 قەمچی و دوورخستنەوە و 4 مانگ خۆڵڕێژی و کەناسی لە سەرشەقامەکانی بەسەردا داسەپاوە.
نێرگز محەمەدی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و باسکردن لە دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەی زیندانییە سیاسییەکان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە 4 جار دادگایی کراوە.

نێرگز محەمەدی دوای دەستگیرکردنی دینا قاڵیباف لە نیسانی 2024 دا بە ناردنە دەرەوەی نامەیەکی دەنگی لە زیندانەوە وتبووی، "دینا قاڵیباف، رۆژنامەنووس، تۆزێ لەوەپێش بە جەستەی شین هەڵگڕاوەوە لە حاڵێکدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری، هێنرایە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار