کوا ڕەنگدانەوەی (سۆشیال دیموکرات) لە ژیانی خەڵکدا
5 مانگ لەمەوپێش
د. پێشڕەو حەمەجان عزیز
دەمێکە کاربەدەستان دەڵێن “ئێمە لە ڕووی فکرەوە سۆشیال دیموکراتین” کەچی هەندێکیان هەر لەم ئایدۆلۆژیایە تێنەگەیشتوون وبێ ئاگان لە پەرەسەندنەکانی سۆشیاڵ دیموکرات لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکانی جیهاندا! هەندێکی تر هەر باوەڕیان پێی نیە بەڵام بەم ئایدۆلۆژیایە خۆیان خزاندۆتە دەسەڵاتەوە، بەشێکیشیان کردوویانەتە شوناسی خۆیان بەڵام کردارییان تەواو دژە لەگەڵ ئەم ئایدۆلۆژیایە.
بەم جۆرە چۆن دەتوانن ئەم ئایدۆلۆژیایە بکەنە بەرنامەی جوڵەی سیاسییان بۆ باشترکردنی ژیانی ئەم گەلە؟
خۆ ئەم ئایدۆلۆژیایە هەر (شوناس) نیە بەڵکو (جوڵە وخەباتی)ی دەوێت لەناو دەسەڵات وکۆمەڵگەدا، ئەگەر سۆشیال دیموکراتن! دەپرسین :
کوا چاکسازییە سیاسیەکانی دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات؟
کوا دەستوورێک بۆ ڕێکخستنی جومگەکانی دەسەڵات وجڵەوکردنی هێزە چەکدارەکان وپاراستنی ماف وئازادییەکان؟
کوا ئازادی سیاسی بەبێ بوونی (هەڕەشەی دروستکردنی دۆسیە وئابڕوبردن)؟
کوا ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ بەساڵاچوان وخانەنشینان وخاوەن پێداویستی تایبەت؟
کوا سیستەمێکی باجی دادپەروەرانە کە هۆکار بێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان وکەمکردنەوەی جیاوازی نێوان چینەکان؟
کوا هەلی یەکسان لە بەدەستهێنانی کار بۆ گەنجان وخاوەن بڕوانامەکان ودابینکردنی هاوکاری بۆ بێکارەکانیان؟
کوا مافەکانی منداڵان ولاوان وخوێندکاران ولابردنی ڕێگرییەکانی بەردەم خەونەکانیان؟
کوا لە سایە وسێبەریاندا هەرەوەزی ماوە بۆ پرسە هاوبەشەکان؟
کوا هەوڵەکان بۆڕێگری لە هەڵاوسانی بازاڕ لەپێناو ژیانی کەمدەرامەتان؟
کوا بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە ژینگە (بە خاک وئاو وهەواو وڕووەک وئاژەڵەکانەوە) کە پەیوەندیدارن بەچارەنووس وهاوسەنگی سروشت لە هەرێمەکەماندا؟
لە کوێی سۆشیال دیموکراتدا شاندی (بیزنسمان) نوێنەرایەتی حزب دەکات؟
ئایا ئەم پرسانە بەهاکانی سۆشیال دیموکرات نین؟
ئەی بۆ ئەم گەلە لەسایەی ئێوەی سۆشیال دیموکراتدا ئەم بابەتانە نابینن؟
تکایە دان بەو ڕاستیەدا بنێن کە ئەوە ئێوەن لە بەرجەستەکردنی پرەنسیپەکانی سۆشیال دیموکراتدا سەرکەوتوو نەبوون نەک خودی ئایدۆلۆژیاکە.