ڕەخنەی کوردی... کوتەک

5 مانگ لەمەوپێش



غازی حەسەن

نامەوێت باسی مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بکەم، ڕەخنەی سیاسی هەر لێگەڕێ شەرە تفەنگ زۆر لەڕەخنەی سیاسی نەرمتر و بێ ئازارترە، لەوەتەی مرۆڤ هەیە، ڕەخنەش هەیە، بەلای کەمەوە لەو ڕۆژەوە مرۆڤ بیری لە جیاوازی ڕەش و سپی، تاریک و ڕوونی و هۆکار و ئەنجام و کار و کاردانەوە کردۆتەوە، بیری لە ڕەخنەش کردۆتەوە.

لەو ڕۆژەی مرۆڤی سەرەتایی بیری کردۆتەوە، لە بابەتەکان گەیشتووە و لێکدانەوەی جیای لا دروستبووە، زانیویەتی گەوەر و بچووک هەیە، شتەکان پیچەوانەی یەکن و هەندێکیش دژ بەیەکن، بەرۆکی بێدەنگی بەردا و بەدوای ئاخاوتن، ئاخاوتنێک کە ناڕازیی بوون و لێکدانەوەی جیاوازی لەخۆگرتبوو، یان بەسادەیی بێژین گریمانە و پرسیاری لا دروستبووە، ڕەخنەش لەو کاتەوە، وەکو دەرهێنانی موو لە ماست دەرکەوتووە. شەڕی مرۆڤەکان سەرەتا بە قسە بووە، چونکە ڕەخنەیان لەیەکتر هەبووە و دواتر پەنایان بۆ هێز بردووە، چونکە نەک هەر بۆچوونەکانی یەکتریان قبووڵ نەکردووە، بەڵکو یەکتریشیان سڕیوەتەوە وپەنای بۆ بڕینی کلکی کەری کەربابان بردووە. ئەم مەسەلەیە دواتر دەگوازرێتەوە نێو فەلسەفە و ئایینەکانیش، لەجیاتی قبوڵکردنی جیاوازییەکان یەکتریان سڕیوەتەوە و چەقۆیان لەسەر ملی یەکتر داناوە.

زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لەنێو ئەدەبی کوردی بڵاوبوونەتەوە، ڕەخنەن لە خاوەن دەق و کەسەکان، نەک لەسەر بیروباوەڕ و فکر و ڕەفتارەکانیان، بەڵکو نمایشێکی وەکو وێنەی کەسێک لەنێو ئاوێنەیەکی شکاو وابووە. قسە لەسەر زمان و شێواز و تەکنیک و دزینی دەق و توانای دەقنووسەکە ناکرێت، بەڵکو وەکو جەلادێک دەق و خاوەن دەق دەکەنە پەڕۆی بێنوێژ و هەرچی بەها هەیە لێی دادەماڵن و وەکو پێست لە جەستەی بکەنەوە، ئازاری دەدەن، هەندێک پێیان وایە رێویان بە تەڵەوە گرتووە و دەبێت تەنەکەی لەکلی بخەن و هەندێک دەیانەوێت دەقنووس بخەسێنن.

قسەکردن لەبارەی دەقەکانی (لەتیف هەڵمەت)، (حوسێن عارف)، (فەرهاد پیربال) و (پەشێو) هەموو دەقێک بەچەند شێواز و تیۆر و ڕێبازێک دەتوانرێت شیکردنەوەیان بۆ بکرێت، هەموو کەس ئەوانەی بەبن سێبەری دیواری دەقەکانیش تێپەڕیوون مافی قسەکردنیان هەیە، تەنیا دەکرێت وەکو دەق بکرێنە مشکی و هیچ بەها و نرخێکیان بۆ نەهێلدرێت، بەڵام قسەکردن لە سەر کەسایەتی دەقنووس، کارێکی سەرکەوتووی متمانەداری ڕەوا نابێت. هەندێک دەبێژن چۆن قسە لەسەر دەقنووس نەکەین، دەقنووس باسی خۆی و فکر و لێکدانەوە و جرت و فرتی خۆی دەکات، من دەڵێم دەقنووس کۆمەڵگا دەنووسێتەوە، بەشێواز و تەکنیک و گێڕانەوە و مەبەست و زمان و گوتاری خۆی.

ئایا بەڕاست ڕەخنەی نەخۆش، ژینگەی نەخۆش لەنێو ئەدەب و دەقی کوردی بەهەموو ڕەهەند و بوارەکانی دروست دەکات؟ بێگومان بەڵێ، چونکە ڕەخنەی نەخۆش وەکو خواردنی ئێکسپایەر وایە. ڕەخنەی نەخۆش وەکو ئەوە وایە تاوانبار دادوەر دادگایی بکات و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەربکات.

ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ، یان سیاسی زۆر لێک دەچن، لە هەندێک بوار هێندە تێکەڵن مرۆڤ ناتوانێت لێکیان بکاتەوە، نازانم کامەیان ئەوی دیکەی بەرهەمهێناوە. تەنیا لە سەردەمی پێشکەوتن و کرانەوەشدا هێشتا نیەت و عەقڵی تۆڵە، ڕەتکردنەوەی شەخسی، ناوزڕاندن، سوکایەتی، یان بەپێچەوانە لەجیاتی قسەکردن لەسەر دەقەکە، خاوەن دەقەکە هێندە مەزن دەکەن وەکو ئەوەی سوپەرمان بێت. ڕەخنەگر هەیە لقە داری ژێر پێی خۆیی، ئینجا لقەداری ژێرپێی دەقنووس دەبڕێتەوە، بۆ ئەوەی نمایشی ئەوە بکات، دەتوانێت کارێک بکات، گرنگ نییە ئاکامی کارەکەی چی دەبێت.

گوتم ڕەخنەی سیاسی و ئەدەبی هێندە لەیەک دەچن، وەکو جمک دەردەکەون، ئەمەش نیشانە و هێمایەکی یەکجار خراپە وا دەکات تاکی کوردی گومان لە کەسایەتی و فکر و دەق و پەیوەندییە کەسییەکان و تەنانەت نەخۆشیی نەخۆشەکانیش بکات. تاکی کوردی لەبەر گەندەیی و مۆرانەی ڕەخنەی کوردی، وای لێهاتووە گومان لەپەیوەندیی نێوان قەڵەم و کاغەز، ڕستە و وشە، دەق و پەرەگراف و مانا و نیشانە و هێما، زانست و جەهالەت، ڕاستگۆیی و درۆش بکات.

ڕەخنە گاڤێک دەبێتە کوتەک! ئیدی دەبێت چاوەڕێی کوتانەوە و هەڵوەشانەوە و ڕۆح دەکردنی دەق بکرێت. کوتەک و شکاندن و تێکشکاندن و سڕینەوە و سەرکوت و بێدەنگکردن و تۆقاندن، شوێنی عەقڵ و لۆژیک و گفتوگۆ و تێگەیشتن و جیاوازیی و بیرکردنەوە دەگرێتەوە. بۆیە لە ئاو خواردنەوە ئاسانترە بێژین ڕەخنەی سیاسی بۆتە شێرپەنجە، ڕەخنەی ئەدەبی بۆتە پەتایەکی کوشندە، ناکرێت ڕەخنەی کوتەکدار هاوسەنگ و یەکسان بکەین بە ڕەخنەی عەقڵانی و لێکدانەوەی زانستی و ئەکادیمی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار