ئاسایش چوار قاچاخچیی دەستگیرکرد کە خەڵکیان بۆ سەر بەلەمە نوقمبووەکەی ئیتاڵیا ناردووە
5 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی چەند قاچاخچیەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کە پەیوەندییان بەکەیسی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە هەبووە، رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لەناردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەلەمە نوقمبووەکەی ئیتاڵیا، چوار قاچاخچیان دەستگیرکردووە.
لە راگەیێنراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بە فەرمانی بەڕێز دادوەری ئاسایش، توانراوە ئەمڕۆ چوار تۆمەتباری گەورە قاچاخچیی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە بەناوەکانی (ح،ح،ع)، (ب،س،م)، (م،ج،أ) و (د،ع،س) دەستگیربکەین.
لە رووداوی نقومبوونی ئەو بەلەمەدا 64 کەس گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
راگەیێنراوەکە دەڵێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان بەردەوامە و لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر کەسێکیتر ناوی بێت و بەشداربێت لەتاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ناوخۆ یان لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەستگیردەکرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئاماژەش بەوەکراوە، ئێستا تۆمەتباران بەیاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.