سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ: لەماوەی سێ ساڵدا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستگیرکراون

5 مانگ لەمەوپێش



مەهران رەمەزان

هاوڵاتی، سلێمانی

سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون؛ زۆرترین بازرگانیکردنیش بە ماددەی هۆشبەری کریستاڵە و دواتر کاپتاگۆن دێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، فازڵ غەراوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ماوەی سێ ساڵدا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کردووە.

سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکراوان و کەرەستە دەستبەسەردا گیراوەکان، جۆرەکەی ئاماژەی بەوەدا، ساڵی 2022، 17 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە کە 123 کەسییان بیانی بوون، هەروەها بڕی ئەو کەرەستەیەی دەستی بەسەرداگیراوە نیو تۆن لە هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر بووە، لەگەڵ 18 ملیۆن حەب.

ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2023، 7 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و 12 تۆن ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.

ئامارەکە بۆ ساڵی 2024 بەم جۆرەیە، 7 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هەروەها 12 تۆن ماددەی هۆشبەر و مادەی دەروونی دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەکرد، رێژەی مامەڵەکردنی خراپ لە ناوچە هەژار نشینەکاندا گەیشتووەتە 17% و تەمەنی تۆمەتباران لە نێوان 15-30 ساڵی بووە.

زۆرترین ماددەی خراپی هۆشبەری بەکارهێنراو لە عێراق بریتی بووە لە کریستاڵ کە 37.3%، بووە، هەروەها کاپتاگۆن 34.35% و جۆرەکانی دیکە 28.35% بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 2022دا، 5 هەزار تۆن ماددەی هۆشبەر و ماددە دەروونییەکان و 54 ملیۆن حەبی هۆشبەر و 31 هەزار دەرزی و 9 هەزار بوتڵی ماددەی هۆشبەر لەناوبراون.

فازڵ غەراوی جەختی کردەوە، لە ساڵی 2023دا بڕی دوو تۆن و 118 کیلۆگرام و 396 گرام ماددەی هۆشبەر، هەروەها چوار ملیۆن و 934 هەزار و 132 حەبە هۆشبەرەکان لەناوبراون.

سەبارەت بە ساڵی 2024، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی خستەڕوو، بڕی 42 کیلۆ و 322 گرام و 380 میلیگرام ماددەی هۆشبەر لەناو براون، هەروەها 772 حەبیش لەناوبراوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا غەراوی داوای لە حکوومەت کرد رۆژی 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان دیاری بکات.

ئەوەشی گوت، هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ رێگریکردن لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان دەست پێبکات، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و یاسای ماددە هۆشبەرەکانیش هەموار بکرێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار