عێراقی بە ئێرانی کراو
5 مانگ لەمەوپێش
دڵزار عارف
ئەو جوگرافیایەی کە ناوی عێراقەو لە دروستبونیەوە تا ئەمڕۆ پڕ بووە لە کێشە و ئاڵۆزی، کودەتا و بەرکەوتن و شەڕکردنی گروپە سیاسیەکان و ململانێی سونەو شیعە لە لایەک و ململانێی کورد و عەرەب لە لایەکی ترەوە، هەمیشە بەردەوام بووە:
لە دوای کودەتای 1958 و گۆڕینی عیراق لە پادشاییەوە بۆ کۆماری، ترسێکی گەورە لە لای شای ئێران و دەوڵەتەکە دروست دەبێ، چونکە بوونی عێراقێکی بەهێز وا دەکات بەرژەوەندییەکانی ئێران لە کەنداوی فارس، بکەوێتە بەردەم هەڕەشەوە، هەروەها ترسی نزیکبونەوەی عێراق و میسر ئەمەشیان سترێسێکی دیکە بوو کە رایەدارانی ئێران پێوەی سەرقاڵبوون، جگە لە ترسی ختوکەدانی عەرەبەکانی ناوچەی ئەهواز و هەروەها نزیکبونەوەی عێراق لە یەکێتی سۆڤیەت . ئەمانە هەمووی بەسەریەکەوە شای ئێرانیان زۆر ترساندبوو و بۆیە بە هەموو قورسایی خۆیان دەیانویست کێشە بۆ عیراق دروست بکەن و هەوڵبدەن لە زۆرلاوە ئاستەنگ و سەرئێشەی جدی بۆ کۆمارە تازەکەی عێراق بە سەرۆکایەتی عبدالکریم قاسم بنێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش باشترین کارت کە لەدەستی ئێرانی ئەو کاتەدا بوو کارتی کورد بوو. بۆیە لەو رێگەیەوە پشتیوانیەکانیان بۆ شۆڕشی کورد خەستکردەوە و توانیان قەناعەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئوردنیش بهێنن کە یارمەتی شۆڕشەکە بدەن، ئیتر کێشمەکێشی ئێران لەگەڵ عێراق تا رێکەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 بەردەوام بوو.
لە دوای روخانی شاو هاتنی خومەینی، کێشەکان ئاڵۆزتربوون و گەیشتن بە پێکدادان و شەڕی سەرتاسەری کە هەشت ساڵ بەردەوام بوو. ئیتر دوای ئەم شەڕە برینی گەورە کەوتە نێوان هەردوولاوە، تەنانەت وەستانی شەڕەکە و دەستپێکردنی ئاشتی هیچ لەو رق و برینانەی کەم نەکردەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەشێکی گەورەی ئایدیۆلۆژیای بەعس و ئایدیۆلۆژیای ولایەتی فەقیهی لەسەر بە شەیتانکردن و بە دوژمنکردنی یەکتر کاریان دەکرد. ئەم باردۆخە بەردەوام دەبێ تاوەکو روخانی سەدام و هاتنی ئەمریکییەکان. ئەمەش گەورەترین دەرفەت بۆ ئێرانیەکان دروست دەکات بۆ تۆڵەکردنەوە لە سونەکانی عێراق و بەعسییەکان، هەروەها لە یەکەم رۆژەوە ئێران بە پلانێکی تۆڵەکردنەوە و لاوازکردنی عێراق خۆی خزاندە ناو هەموو کایەکان و ئێستا قوژبنێک نەماوە ئێران ئامادەیی تێدا نەبێ. هاتنی داعش جارێکی دیکە دەستی ئێرانیەکانی زیاتر واڵاکرد و جۆرێک لە شەرعیەتی پێدا کە تەواوی جومگە سیاسی و عەسکەرییەکانی ئەم وڵاتە بخاتە ژێر دەستی خۆی، ئەمەش وایکرد ئێران بیر لە دروستکردنی حەشد بکاتەوە و لەهەمان کات تێکەڵکێشیان بکات لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و ئیتر حەشدیش راستەوخۆ کەوتە خزمەتکردنی سیاسەتی ئێران. ئاشکرایە کاتێک کە کێشە و ئالۆزی دروست دەبێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەر لەوەی ئێران بێتە وەڵام ، گروپەکانی سەر بە حەشد دەکەونە هەڕەشە و گورەشە و ئیتر بە روونیش بینیمان چۆن کەوتنە شەرکردن لە گەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق. دوای شەڕی غەزەش دوژمنایەتیەکە تۆختر و قوڕستر بوو، هەردوولا چەندین جار لە رێگەی دڕۆن و رۆکێتەوە بۆردومانی شوێنەکانی یەکتریان کردووە. لەو ماوەیە لەناو بەغدا گروپەکانی حەشد بە سواری ئۆتۆمبێلی ئەمریکی پەلاماری براند و مارکە ئەمریکییەکانیاندا لە بازارەکانی بەغدا، ئەمەش وای لە ئەمریکا کرد کە بەتوندی بێتە سەر خەت و ئەو گروپەی لە پشت ئەم کارەوە بوو بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە. لە تازەترین روداویشدا کردنەوەی نوسینگەی پەنابەران بوو بۆ فەلەستینیەکانی غەزە و هەروەها دەنگۆی گواستنەوەی سەرکردایەتی حەماسە لە قەتەرەوە بۆ عێراق، ئەمەش خاڵێکی وەچەرخانی تازەیە لە لایەن عێراقەوە دژی ئەمریکا و رۆژئاوا، هەڵبەتە پرۆژەکە تەواو ئێرانیە.
عێراقی ئێستا لە هەموو کات زیاتر سەروەری و شکۆی خۆی لەدەست داوە، ئەمەش وا دەکات بەر لەوەی سیاسیەکانی قسەی جدی لەسەر بابەتێک بکەن، پێویستە بڕۆن ئێرانیەکان بدوێنن بۆ ئەوەی بزانن ئەمان رایان چییە و چۆن بابەتەکە هەڵدەسەنگێنن، چونکە هەموو لایەک تێگەیشتتون دەمێکە سیاسەت لە دەستی عێراقیەکاندا نەماوە و ئەو پایتەختەی کە کێشەکانی عێراق یەکلایی دەکاتەوە تارانە نەک بەغدا. هەر وەکو بینیمان چۆن نێچیرڤان بارزانی سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ ئەوان رێکەوت لەسەر پرسی هەڵبژاردن و لێکەوتەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق .
راستە ئەمریکیەکان کاریگەریان ماوە بەسەر عێراقەوە و دەیانەوێ عێراق رابکێشنەدەرەوە لە باوەشی ئێران، بۆ ئەم مەبەستە سیاسەتێکی ئابووری و داراییان دەستپێکردوە، بۆ رێگریکردن لە چونە دەرەوەی دۆلار بۆ ئێران. بەڵام ئێستا بۆ هەموو لایەک روونبۆتەوە ئێران بە شێوەیەک تێکهەڵکێش بووە لەگەڵ عێراق، هەندێ جار نازانی تۆ لە عێراق دەژی یان لە ئێران.