دادگەى فیدراڵى لە بارەى سکاڵایەک بڕیار دەدات
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەسەر سکاڵاکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە لە دژی هەرێم تۆماری کردووە یەکشەممەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی بڕیار دەدات.
یەکشەممەى داهاتوو 30ى حوزەیران دادگاى فيدراڵیى عێراق دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران تۆماریکردووە، لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ.
ئیڤان فایەق، داوایکردووە سکاڵا لێکراوان پەیوەست بکرێن بە داخستنى کەمپى ئاوارەکان و پێکهێنانى لیژنەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە بارەى داخستنى کەمپى ئاوارەکان.
لەم بارەیەشەوە، عەلى جیهانگیر، وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، دوو بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەن بۆ داخستنى کەمپەکان، یەکەمیان 30ى حوزەیرانى دیاریکردبوو، بەڵام بڕیارى دواتر کە تایبەت بوو بە میکانیزمى داخستنیان وادەکەى بۆ 30ى تەممووز درێژکردەوە.
سەبارەت بە یەکلایکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران، دەڵێت، بەگوێرەى ئەوەى پێمانگەیشتووە، ئەو دانیشتنەى دادگەى فیدراڵى لە 30ى حوەزیران یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دۆسیەکە.