هۆکاری چارەسەرنەکردنی کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان سیاسی و هونەرییە
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەبەر چەند هۆکارێکی سیاسی و هونەری تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند "تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی داراییە و وردبینیکردن تیایاندا بەردەوامە و پێیان رانەگەیاندووین هۆکارى نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چییە و چ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "وردبینی لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی لە بنەڕەتدا سێ بۆ چوار رۆژی پێدەچێت، بەڵام زیاتر لە 10 رۆژە لیستی هێزە ئەمنییەکانیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام وردبینی تیایدا تەواو نەبووە".
لەبارەى هۆکارى دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیندووە، هۆکارەکان سیاسی و هونەرییە، هۆکارە سیاسییەکان بەهۆى پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە و هۆکارى هونەرییەکانیش بەهۆی ئەو لیستەوەیە کە نێردراوە کە پێدەچێت جیاوازیی هەبێت لەگەڵ لیستەکانی پێشوودا".
ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەگەر وردبینی لیستی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی ئایار تەواوبێت، پێناچێت بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەم کێشەیە دووبارەبێتەوە و بۆ مانگەکانی دیکە مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت".