شەش خاڵ لە نێوان ئیتاڵیا و کوردستاندا
5 مانگ لەمەوپێش
شوان سدیق: ئیتاڵیا
نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا بەدەنگی ئەمریکای گوتووە؛ لە ئیتاڵیا بسووڕێیتەوە ئەوەندەی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی گرانبەهای تێدانییە. ئەو کۆمەڵێ شتی دیکەیشی گوتووە کە پێویست بە باسکردن ناکات.
نەدەبوو ئەم بەڕێزە بچووبایەتە وردەکاری و بەراوردێکی ئەوهاوە، دەبوو لەبەرامبەر مەرگی دەیان گەنج و ژن و منداڵی کورد هەڵوێستی جدی هەبووایە و شەرم دایبگرتبایە لەوەی چۆن ئینسانی کورد بوونەتە خۆراکی ماسییەکانی دەریای ڕۆچێلا یۆنیکا لە هەرێمی کالابریای ئیتاڵیا .
دەبوو ئەو ڕەخنەی لەئیدارە و بەڕێوەبردنی هەرێم بگرتبایە و داوای هەڵوێستی بەرپرسیارانەی لە حکوومەت و کاربەدەستان بکردبایە یان ئەم خۆی دەستی لەکارەکەی بکێشایەتەوە.
نوێنەری هەرێم لە ئیتاڵیا، دەبوو بیگوتبایە پێویستە لێکۆڵینەوە لە هەڵهاتنی هاونیشتیمانیەکانمان بکەین!
دەبوو بیگوتبایە ئەرکمانە پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان باشتر بکەین تا گەنجان بتوانن بێنە دەرەوە بۆ خوێندن تەنانەت بۆ گەشتوگوزاریش! من ناڵێم لێرە هەمووشت باشە و شامی شەریفە، ئیتاڵیا و هەرێمیش بەراورد بەیەک ناکرێن، دەشێ تەنیا باسی هەردوولایان بکەین.
هەرچۆنێک بێت ئێمە حەقی ئێرەمان نییە، خراپە یان باشە! خەڵکی ئێمە لێرە لە ئیتاڵیا پەنابەرن و ئەوە ئێمەین واز لەمان ناهێنین، بەپێچەوانەشەوە هەزاران گەنج و خێزانی کورد لە ئیتاڵیا دەژین، بەسووپاسەوە رێزیان دەگرن و مافیان بە جۆرێک پارێزراوە لە وڵاتی خۆیان ئەوەیان بۆ نەکراوە!
با تەنیا باسی ٦ خاڵتان بۆ بکەم لە نێوان لەنێوان هەرێم و ئیتاڵیادا!
یەکەم/ لە ئیتاڵیا هەموو پێنج ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێ و دوای پێنج سەعات ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێ و کەسیش ناوێرێ تەزویر و خروقات بکات. کەچی لە هەرێمی کوردستان، هیچکات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا نەکراوە و کاتێکیش دەکرێ پڕیەتی لەخروقات و تەزویر.
دووەم/ لە ئیتاڵیا خوێندن بەخۆڕاییە و کەرتی پەروەردە زۆرینەی گشتییە، لەکۆی ٢٠ هەرێمی ٦٠ ملیۆنی دانیشتووان، تەنیا نزیکەی ١٠٠ زانکۆی تێدایە زۆرینەی زانکۆکانی ئەم وڵاتە حکوومین.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی شەش ملیۆن کەسییە کەچی نزیکەی ٣٠ زانکۆی تێدایە و زۆرینەی زانکۆکانیش زانکۆی تایبەتن. حزبی و شەخسی و بازرگانین!
سێیەم/ لە ئیتاڵیا خوێندکار پاش ئامادەیی چ بەشێکی بووێ لە زانکۆی حکوومی دەیخوێنێت، تەمەنیشی لەنێوان ١٨ تا ١٠٠ ساڵان یشدا بێت، دەرگای زانکۆی بۆ کراوەتەوە. لەش ساخ بێ یان خاوەنپێداویستی تایبەت گرنگ نییە و هیچیش ڕێگرییەکی لەبەردەمدا نییە بۆ خوێندن. ئەگەر خێزانی قوتابیش داهاتیان کەمبێت خوێندنی زانکۆی بۆ دەبێتە خۆڕایی و دەوڵەت پاڵپشتی دارایی قوتابیەکە دەکات تا دواساتەکانی خوێندن. کەچی لە هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەوە؛ سەرەڕای ئەوەی خوێندن لە کەرتی گشتی قورس بووە، خوێندکار دەرماڵەی نییە و کەسێکیش دەستی کورتبێ ژیانی زۆر قورستر دەبێ تا خوێندن تەواو دەکات، کاتێکیش بەو ڕەزالەتە خوێندنی تەواو کرد هیچ دەرفەتێکی دامەزراندن و داهاتوویەکی ڕوونیشی نییە!
چوارەم/ کەرتی تەندروستی لە ئیتاڵیا تا ئێستاش سەر بە کەرتی گشتییە و ڕۆڵی بەرچاوی هەیە هاوشانی کەرتی تایبەت، هەموو خێزانێک پزیشکی تایبەتیان هەیە بۆ پشکنین و هیچ بڕە پارەیەک نادەن، بۆ نەشتەرگەریش زۆرکەس روو لە نەخۆشخانەی گشتی دەکەن، هەڵبەت نەخۆشخانەی تایبەتیش هەیە. کەچی لە کوردستان، کەرتی گشتییان گۆڕی بۆ کەرتی تایبەت و کەرتی تایبەت ئەمڕۆ ڕۆڵێکی بەرچاوتری هەیە و خێزانەکان نەک خاوەنی پزیشکی تایبەتی خۆیان نین، دەبێ بۆ هەر نەخۆشیەک سەردانی پزیشکێک بکەن، راستە نەخۆشخانەی گشتی زۆرن بەڵام بەراورد بەپێشتر بۆ قازانجی کروپێکی دیاریکراو کەرتی گشتی زۆر لاوازە و پشتگوێ خراوە.
پێنجەم/ لە ئیتاڵیا سیستەمی ڕووناکردنەوە و کارەبا بۆ ساتێک کوژانەوە و بچڕانی نییە، لێرە کەرتی کارەبا جیا لەوەی کەرتێکی دەوڵەتی و گشتییە، کەرتی تایبەتیش بەشدارە لەگەڵیدا. هەردوو کەرتەکە کێبڕکێ دەکەن تا بیسەلمێنن کامیان خزمەتگوزاری و نرخی گونجاوتر پێشکەش دەکات. کەچی لە کوردستان، کەرتی کارەبا وێرانە لە ئێستادا و کەرتی گشتی و حکوومی ڕۆڵی بەرچاوی نییە و ناتوانێ کارەبای تەواو بۆ خەڵکی دابین بکات، ئەمە پێی دەگوترێ فەشەلهێنانی ئیداری و حکوومڕانی.
شەشەم/ باسی ڕێگاوبانی ئیتاڵیا ناکەم ڕێگاوبانەکانیان بەتایبەتی دەرەوەی شار، ڕوو لە هەر هەرێمێکی ئەم وڵاتە بکەی ئەگەر ئێمە لە کوردستان نیوەی ئەوەی ئێرەمان بۆ بکرابایە دەمانگوت ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی بەرپرسیارێتی و خزمەتگوزاری پێویستدایە بۆ هاوڵاتیان. بەڵام دەسەڵاتی کوردی کە نوێنەری هەرێم لە ئیتاڵیا زۆر شانازی پێوە دەکات، نەک شایەنی پیاهەڵدان نییە، بەڵکو پێویستە ریفۆرمێکی گشتی لە هەموو بوارەکانیدا بکرێ و لە ڕیشەوە ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت