بایدن و ترەمپ لەبەر هەندێک ئەنجام دەیانەوێت سەرۆکی وڵات بن
5 مانگ لەمەوپێش
غازی حەسەن
مەسەلەکە لێرە پێچەوانەیە کاندێدەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەبەر هەندێک (هۆکار) نا، بەڵکو لەبەر هەندێک (ئەنجام) دەیانەوێت سەرۆکی وڵات بن و ڕکابەرەکەیان بخەنە گۆشەیەک، مایەی بەزەیی بێت. ئەم ئەنجامەیە وایکردووە سەرتاپای پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدان و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ئەنجامەکان جیاواز بن. بێگومان هیچ گریمانەیەکی بەراوردکاری لەگەڵ هەڵبژاردنی بەرپرسەکانی ڕۆژهەڵات و وڵاتێکی وەکو ڕوسیا و چین و حکوومەتەکانی ئاسیا و ئەفریقیا ناکەین. ئەنجام لای (ترەمپ) ئەوەیە سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا خراپی کردووە، توانای عەقڵی و بیرهاتنەوەی لاوازە، ئابووری وڵات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تێکداوە. (بایدن)یش لەو ئەنجامە دەدوێت کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (ئاژاوەدەگێڕێت و شەڕانگێزە و هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی). ئەمانە ئەنجامن، هۆکار نین. لەم گفتوگۆیەی لە شەوی پێنجشەممەی ٢٨حوزەیرانی ٢٠٢٤ کردیان، قسەیان هەمووی لەسەر ئەنجام بوو.
یەکەم دیدارە میدیاییەکەی نێوان (بایدن و ترەمپ) قسەکردن و هێرش و ڕەخنە بوو لەسەر ئەنجامی سیاسەت و ئیدارە و کێشە و قەیرانە جددییەکانی نێو ئەمەریکا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کێشە و قەیران و وڵاتەکانی دونیا. (ترەمپ) لەبەر هەندێک لەو ئەنجامانەی (بایدن) پێی گەیشتووە لەبارەی (هەڵاوسانی ئابووری، ستراتیژی هاوکای جەنگی ئۆکرەین، ململانێ لەگەڵ چین، قسەکردن لەسەر مافی لەباربردنی کۆرپە و تێڕوانینە جیاوازەکان و کێشەی کۆچبەران و کۆنترۆڵی سنووری مەکسیکۆ... تاد) وەکو ئاگر ڕەخنەی دەگرت، هێندەی هێرشکردە سەر ئیدارەی بایدن، هیچی تێدا نەهێشتەوە. وایلێهات ڕۆژنامەنووسێک لەیەکێک لەکەناڵە ئەمەریکییەکان بێژێت "قسەکانی ترەمپ وەکو زبڵ و خاشاک بوون".
(ترەمپ) ڕەخنەی توندی لە (بایدن) گرت و بە فاشل وەسفی کرد، (بایدن)یش پێی گوت درۆ دەکات و شتەکان بەم جۆرە نییە. ئەمەش لەئەنجامی ئەو ئەنجامەوە دێت کە لەچوار ساڵی ڕابردوودا لەنێو بازنەی ململانێیەکی تووندا دەخولێتەوە و (ترەمپ) لەهەمان گاڤدا دەیەوێت ئەنجامێکی جیاوازتر لەواقیعی ئێستا بەدەست بهێنێت، کە چوار ساڵە بەردەوام لەبەردەم دەرگای دادگایە و ڕاگەیاندن ئەویان کردۆتە کارەکتەرێکی تاوانبار.
لە ڕاپرسییەکی کەناڵی ئەی بی سی ئەمەریکی لە یەکەمین ڕۆژی دوای دیدارەکە دەرکەوتووە ٣.٦ لە هاووڵاتیانی بەشدار لە ڕاپرسییەکە (ترەمپ)یان بە سەرکەوتووتر داناوە و ١.٩٩ش (بایدن)یان پێ سەرکوتوو بووە. ئەم ژمارانە لە کردەوەدا نیشانە و هێمان بۆ ئەنجامێکی خراپ بۆ دیموکراتەکان و بە هەقیقیش ڕەنگدانەوەی مەزاج و هەست و بیروباوەڕی هاووڵاتیانە. لەڕاستیشدا بەپێی لێکدانەوەی هەموو ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا، (ترەمپ) توانی باشتر و گونجاوتر لە (بایدن) لەئامانجەکانی نزیک بێتەوە.
بازاڕی میدیای ئەمەریکا لەدوای ئەم دیبەیتە گەرمە، لەڕوانگە و سەرچاوەی جیاوازەوە هەڵسەنگاندن بۆ دەرەنجامی شێوازی گفتوگۆ و زانیاریی و گوتار و توانای هەر یەکێک لەم دوو کاندیدە لە دیدارەکە دەکەن، هەموویان کۆکن، تەنیا خودی حزبی دیموکراتیش ئەوە ناشارێتەوە کە ترسیان هەیە (بایدن) لە دوماهیدا شەرمەزاریان بکات و کۆشکی سپی بۆ پاساوهێنانەوە گوتیی"بایدن لەکاتی دیبەتەکەدا سەرمای بوو بوو".
(بایدن) هەفەتەیەکە ڕاهێنانی بۆ ئەم دیدارە ڕاستەوخۆیە کردووە، بەڵام وەکو ئەوە دەرنەچوو، کە دیموکراتەکان دەیانویست. لەهەمان کاتدا لە کردەوەدا "ترەمپ وەکو مۆتەکەی بایدن دەردەکەوت".
ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، (ترەمپ) دەتوانێت لەم پیاوە (پیر و پەککەوتەیە بباتەوە. هەموو جارێک ترەمپ بەم شێوەیە وەسفی دەکات). پچڕان لە قسە و وەستان لەناوەڕاستی قسەکردندا، وەکو نیشانەیەکی لاواز و خراپی (بایدن) وەسف دەکرێت، لە کردەوەشدا ئەنجام گرنگە، قسەکردن لەسەر ئەنجامەکان گرنگە. ڕۆژێک دوای دیدارەکە (بایدن) لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری گوتی"من دەزانم چۆن شتەکان بەڕاستی و دروستی بڵێم، مەبەستی ڕاستگۆیی بوو". ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی (ترەمپ) پیاوێکی درۆزنە و قسەی ڕاست ناکات و چەند جارێکیش لەگفتوگۆ و وەڵامی پرسیارەکاندا، ترەمپ زانیاریی هەڵەی لەبارەی کۆچبەران و کوشتنی منداڵ لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەسەر زاریدا هات.
لەنێو دیدارەکەدا (بایدن) ئەو کاتەی لەبارەی تەندروستی دەئاخڤێت، قسەکانی پچڕان و وەستانی تێدابوو، (ترەمپ)یش زیرەکانە وەکو قسەکەرێکی شارەزا، کە زۆر حەزی لە نمایش و کاری تەلەڤزیۆنییە، گوتی "هیچ لە دواین ڕستەکانی بایدن نەگەیشتم". ئەم پلارە بۆتە خاڵیكی زۆر لاوازی (بایدن).
لەیەکەم ڕۆژی دوای دیدارەکە لەکۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا (ترەمپ) دەبێژێت: "بایدن هەفەتەیەک ڕاهێنانی کرد، بەڵام نازانێت چی دەکات و دەڵێت". شەڕەکە بە قسە و گفتوگۆ و زار و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەدژی یەکترە و ئامانج قسەکردنە لەسەر ئەنجامەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی نوێ کە بریتییە لە (بردنەوە و دۆڕان). ئەمە نەریتێكی باوی سیاسی و دەستوورییە لە ئەمەریکا پەیڕەو دەکرێت، کاندێدەکان قسەی خۆیان دەکەن، دەچنە ناوناخی هەموو شتێکەوە، ڕەخنەدەگرن، بەرنامەی خۆیان و ئەفکار و بۆچوونەکانیان دەبێژن و لەهەندێک بواردا گاڵتە و نوکتە و قسەی ڕەق و نەشیاویش دەکەن، بەڵام سنووری یاسایی نابەزێنن. واتا ناگاتە ئەوەی وشە بگۆڕن بۆ هێز، ئەوان پشت بە هێزی وشە و گوتارێکی بەهێزی بەکردەوەی کاریگەر و نمایشێکی سەرکەتوو لەپێناو بەدەستهێنانی متمانە دەبەستن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کەسایەتی شیاو و سەرکەوتوویان هەیە، ئەمەش لەکردەوەدا گوتاری قسەکردنە لەبارەی ئەنجام بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دیکەی باشتر و کاریگەرتر، کە ئەویش بردنەوەیە.